پرۆسەی خوێندن لە چەند شارێکی عەرەبستانی سعوودی هەڵپەسێردرا
  2020-03-08       594       
لەچوارچێوەی گرتنەبەری رێوشوێنەکان بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، پڕۆسەی خوێندن لە پارێزگای قەتیف رۆژهەڵاتی سعوودیە هەڵپەسێردرا.

ئاوێنە: ئاژانسی هەواڵیی فەرمی سعوودیە بڵاویکردەوە، وەزارەتی فێرکردنی سعوودیە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە لەسەر راسپاردەی لیژنەی پەیوەندار بۆ بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بە ئامانجی پاراستنی گیانی قوتابیان، بڕیاردرا، پڕۆسەی خوێندن لە قوتابخانە، زانکۆ و پەیمانگاکان لە سنووری پارێزگای قەتیف بە شێوەیەکی کاتی بۆ ماوەی دووهەفتە هەڵپەسێردرێت.

بەپێی راگەیەندراوەکە، بڕیارەکە لە ئەمڕۆ یەکشەممە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.

دوینێ شەممە وەزارەتی تەندروستی سعوودیە رایگەیاندبوو کە ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە حەوت کەس.

حکوومەتی سعوودیە زنجیرەیەک رێوشوێنی بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا گرتووەتەبەر، بە تایبەتیش بەرامبەر ئەو گەشتیارانەی کە روو لە سعوودیە دەکەن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×