پێنج دەروازەی سنووریی نێوان عێراق- ئێران داخرا
  2020-03-08       546       
دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، “لەچێوارچێوەی گرتنەبەری رێوشوێنەکان بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، پێنج دەروازەی سنووریی لەگەڵ ئێران، بەڕووی جموجۆڵی بازرگانی و گەشتیاراندا تا ١٥ی ئەم مانگە داخراون”.

ئاوێنه‌:  لەوبارەوە وتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، عەلائەددین قەیسی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە دەراوزە سنوورییەکانی شەلامچە لە پارێزگای بەسرە، شیب لە پارێزگای میسان، زرباتییە لە پارێزگای واست، مونزەرییە و مەندەلی لە پارێزگای دیالە لەگەڵ ئێران، بەڕووی جموجۆڵی بازرگانی و گەشتیاراندا داخراون.

عەلائەددین قەیسی باسی لەوەشکردووە، بڕیارەکە لەسەر فەرمانی ژمارەی (٦٤)ی ئەمنیداریەتی گشتی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، لەمڕۆ یەکشەممەوە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە و تا ١٥ ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە ٤٧ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق تۆمارکراون کە تا ئێستا چواریان گیانیان لەدەستداوە و چواری دیکەیان چاکبوونەتەوە.

پێشتر حکوومەتی عێراق دەوامی لە ناوەندەکانی خوێندن کردە پشوو و گەشتکردنی هاووڵاتییانی بۆ چین، ئێران، ژاپۆن، کۆریای باشوور، تایلاند، سەنگاپوور، ئیتاڵیا، کوێت، بەحرێن، فەڕەنسا و ئیسپانیا تا کاتێکی نادیار قەدەغەکرد.

بۆ یەکەم جار، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ لە شاری وهان رۆژهەڵاتی چین سەریهەڵدا و لەئێستادا لە ١٠٣ وڵاتی جیهاندا بڵاوبووەتەوە.

هاوکات لە بەرامبەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی دۆخی له‌ ناكاوی راگه‌یاند.

بەپێی دوایین ئامار ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە سەرتاسەری جیهان گیانیان لەدەستداوە، بەرزبوویەوە بۆ سێ هەزار و ٦٠٠ کەس و ژمارەی تووشبووانیش گەیشتووەتە زیاتر لە ١٠٥ هه‌زار کەس.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×