من تەوارم
  2020-03-08       2453       

شیعری: هێمن ئەحمەد

 

من ئەو فڕینە سەرکێشەم
لەپشت ھەورەوە لەنگەرم گرتوە .
ترپەی دڵی سەربەستیم و
کۆت و زنجیر و کەلەبچەم
بەخۆمەوە ئازاد کردووە 
من لە ھەموو لوتکە چیایەک بەرزترم 
لەھەرچی قەڵاو زیندانە بەھێزترم
من ئەو خەونە ئارامەم 
کە ھیچ مۆتەکەیەکی نیوەشەوان
لەخەوێک ڕاینەچەنیوە 
من ئەو بونە ھەمیشەییەم
کە ھەستێک پەی پێنەبردوە و
ھیچ چاوێکیش نەیبینیوە 
من لاشەم لە ھەڵاڵە دروستبوە و
ماڵم لەناو پەڕەکانی گوڵدایە 
ڕۆحیشم لە ڕونی و بێگەردی
چەند نمە شەونمێکدایە 
پرچەکانم خەڵاتی پەلکەزێڕینەن و
ھۆنینەوەیان لەناو پەنجەی
نەسیمی دەم بەیاندایە 
ھەستەکانم ئاوریشمین و
جێگە خەویان لەناوپرژەی ڕەنگاوڕەنگی
تاڤگەیەکی ئەفسوناویدایە 
من تەوارێکی مێیەم و
لەدایکبوم لەگەڵ یەکەم
چەخماخەی ھەورەبروسکەدا 
لەھەر وەرزێکی سەختدا 
دەبمە باھۆز و شەختەو ڕەھێڵە و 
خۆم دەکوتم بە
دیوار و قاپی مەرگدا
لە بیمی چنگی بەھێز و 
نارەتە و خێرایی فڕینم
دێنە لەرزین و شەپۆل

دەریا و زەریا 
چاوەکانم بە تیشکی خۆر کرانەوەو
ھیواکانم کردە دیاری و

ھەڵمواسی بەگەردنی

پڕ تریفەی مانگەشەودا
لەو ساتەوەی باڵەفڕە بووم 
خۆم فڕێدایە ناو باوەشی ڕەشەباوە
 زەویش لەژێر سێبەری باڵەکانمدا
بۆ ھەمیشە بەئارامی ڕاکشاوە 

.......      .......    ...........
بیم؛ ترس  ، نارەتە؛ دەنگی بەرز


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×