لە ئەمریکا تا ئێستا ٢١ كه‌س به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گیانی له‌ده‌ستداوه‌‌
  2020-03-09       220       
له‌ ٣٣ ویلایه‌ت لە ویلایەتەکانی ئه‌مریكا کە ژمارەیان ٥٠ ویلایەتە، ژماره‌ی تووشبووان به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا گه‌یشته‌ ٥١٢ كه‌س.
 
ئاوێنه‌: به‌رپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مریكا بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌هۆی په‌تای جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵات گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ٢١ كه‌س، له‌وانه‌یش ١٨یان له‌ ویلایەتی واشنتۆن، دووانیان له‌ ویلایەتی فلۆریدا و یه‌كێكیان له‌ ویلایەتی كالیفۆرنیا.

ناوه‌ندی به‌رگرتن و كۆنترۆڵكردنی نه‌خۆشییه‌كان له‌ ئه‌مریكا (CDC)، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ ٣٣ ویلایه‌تدا تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون به‌و كه‌سانه‌شی له‌ شاری وهان رۆژهەڵاتی چین گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌ و له‌ كه‌شتییه‌كی گه‌شتیارییدا له‌ كه‌ناراوه‌كانی ویلایەتی كالیفۆرنیا خراونه‌ته‌ چاوه‌ڕوانییه‌وه‌، گه‌یشتووه‌ته‌ ٥١٢ كه‌س.

دوای ویلایەتەکانی كالیفۆرنیا و نیویۆرك له‌ ویلایه‌تی ئۆریگۆن باكووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مریكا باری نائاسایی راگه‌یەندرا.

له‌م نێوه‌نده‌دا فەرمانڕەوای ویلایەتی نیویۆرك، ئاندرو كۆمۆ ئاشكرایكرد كه‌‌ ژماره‌ی تووشبوون به‌ جۆری ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ شاره‌كه‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌ بۆ ١٠٥ كه‌س.

هه‌روه‌ها له‌ ویلایه‌تی ڤێرجینیا سه‌ربازێكی هێزه‌ ده‌ریاییه‌كان تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ بووه‌.
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×