ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا لە سعوودیە گەیشتە ١٥ کەس
  2020-03-09       401       
وەزارەتی تەندروستی سعوودیە، تۆمارکردنی چوار حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای راگەیاند.
 
ئاوێنه‌: کەناڵی ئاسمانی ئەلعەرەبییە بڵاویکردەوە، وەزارەتی تەندروستی سعوودیە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، هاووڵاتییەک لە پاریزگای قەتیف رۆژهەڵاتی سعوودیە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو کە پێشتر لەگەڵ کەسێکی تووشبوو بە ڤایرۆسەکە لە پارێزگاکە تێکەڵ بووە.

بەپێێ راگەیەندراوەکە، کەسە تووشبووە نوێیەکە لە نەخۆشخانەی قەتیف قەرەنتینەکراوە.

باسی لەوەیشکردووە دوو کەسی دیکە کە هەڵگری رەگەزنامەی بەحرێن-ن داوی ئەوەی لە عێراقەوە دەیانوێست بە ترانزێت بچنەوە بۆ وڵاتەکەیان پشکنیان بۆ کرا و دەرکەوت هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان، بۆیە لە نەخۆشخانەی قەتیف كەرەنتینەکران.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، هاووڵاتییەکی ئەمریکا نیشتەجێی سعوودیە دوای گەڕانەوەی لە فلیپین و ئیتاڵیا پشکنینی بۆ کراوە و دەرکەوتوو تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو و لەئێستادا لە نەخۆشخانەی مەعەد لە شاری ریاز قەرەنتینەکراوە.

وەزارەتی تەندروستی سعوودیە راشیگەیاندووە، بەوەیش ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ١٥ کەس.

پێشتر حکوومەتی سعوودیە رایگەیاندبوو کە زنجیرەیەک رێوشوێنی بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا گرتووەتەبەر، هەروەها سەردانیکردنی هاووڵاتییانی و ئه‌و بیانییانه‌ی له‌ وڵاته‌كه‌یدا ده‌ژین بۆ هه‌ریه‌ك له‌ ئیمارات، كوێت، به‌حرێن، لوبنان، سووریا، كۆریای باشوور، میسر، ئیتاڵیا و عێراق بۆ ١٤ رۆژ هەڵپەساردووە.

بۆ یەکەمجار، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ لە شاری وهان رۆژهەڵاتی چین سەریهەڵدا و زۆر بەخێرایی بە جیهاندا تەشەنەی کرد و لەئێستادا لە ١٠٤ وڵاتدا بڵاوبووەتەوە.

تا دوێنێ یەکشەممە، سێ هەزار و ٨٠٠ کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە سەرتاسەری جیهان گیانیان لەدەستدا و ژمارەی تووشبووانیش گەیشتە زیاتر لە ١٠٩ هه‌زار کەس.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×