بەرپرسێکی ئێرانی دوچاری ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە
  2020-03-09       979       
سەرۆکی دەزگای بەڕێوەبردنی قەیرانی نیشتمانی ئێران دوای وەرگرتنی چارەسەر ئێستا لە ماڵەکەیدا کەرەنتینە کراوە.
 
ئاوێنه‌: وتەبێژی دەزگای بەڕێوەبردنی قەیرانی نیشتمانی ئێران، عەلی بەختیاری لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ئیسنا ئەوەی ئاشکرا کرد کە سەرۆکی دەزگاکە، ئیسماعیل نەجار هەفتەی رابردوو بەهۆی نیشانەکانی ئەنفلۆنزای وەرزییەوە سەردانی نەخۆشخانەی کردووە و دوای پشکنین دەرکەوتووە کە تووشی کۆرۆنا بووە.

عەلی بەختیاری باسی لەوەشکرد کە دوای چەند رۆژێک لە وەرگرتنی چارەسەر رەوشی تەندروستی نەجار بەرەو باشی چووە و لەمڕۆوە لە ماڵەکەی خۆیدا کەرەنتینە کراوە.

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران بەخێراییەکی بەرچاو لە بڵاوبونەوەدایە و تا ئێستا ١٩٤ کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە کە چەند بەرپرسێکی باڵای ئەو وڵاتەشیان لەنێودایە.

لەنێو توشبووەکانیشدا یاریدەدەری سەرۆك کۆماری ئێران بۆ کاروباری ئافرەتان، مەعسومە ئیبتیکار و جێگری وەزیری تەندروستی، ئیرەچ حەریرچی و ٢٣ پەرلەمانتار هەن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×