تەندروستی عێراق توشبونی دو كەس و گیانلەدەستدانی كەسێكی دیكەی بە كۆرۆنا راگەیاند
  2020-03-09       485       

وەزارەتی تەندروستی عێراق تۆماركردنی سێ حاڵەتی دیكەی توشبون بە كۆرۆنای راگەیاند، كە دوانیان لە نەجەف و ئەویدیكەیان لە بەسرە تۆماركراوە و دەشڵێت، دواتر ئەوەی بەسرە گیانی لەدەست داوە.

ئاوێنە: وەزارەتەكە ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، لە نەجەف دو حاڵەتی نوێی توشبون بە كۆرۆنا تۆماركراون و لە بەسرە-ش حاڵەتێكی دیكە تۆماركراوە كە دواتر ئەوەی بەسرە گیانی لەدەستداوە.

وەزارەتی تەندروستی لەبەیاننامەكەیدا ئاماژەی بۆ تۆماركردنی سێ حاڵەتی دیكە كردوە لەهەرێمی كوردستان كە دو حاڵەتیان لە هەولێرو ئەویدیكەیان لە سلێمانی بێت. بەهۆی ئەوەی حاڵەتەكان لەلایەن تەندروستی هەرێمەوە پشتڕاستنەكراونەتەوە پێدەچێت مەبەستی بەیاننامەكەی تەندروستی عێراق سێ حاڵەتەكەی دوێنێ بێت كە لەلایەن تەندروستی هەرێمەوە راگەیەندران بەڵام دوانیان لە سلێمانی و یەكێكیان لە هەولێر بو.

بەیاننامەكەی وەزارەتی عێراق ئاشكراشیكردوە كە سێ توشبوش بەتەواوی چاكبونەتەوە و لەنەخۆشخانە دەرچون.

سەبارەت بە ژمارەی ئەو توشبوانەی چاكبونەتەوە، د. جاسب لەتیف حیجامی، بەڕێوەبەری تەندروستی كەرخ لە بەغدا، رەخنەی لە بەیاننامەكەی وەزارەتی تەندروستی عێراق گرتوەو رایگەیاندوە كە بەیاننامەكە سەبارەت بە ژمارەی ئەوانەی چاكبونەتەوە دەقیق نییە.

حیجامی لەبەیاننامەیەكدا وتویەتی"وەزارەتی تەندروستی لەدوا بەیاننامەیدا چاكبونەوەی سێ حاڵەتی توشبوی بە كۆرۆنا راگەیاندوە كە ئەوە دەقیق نییە، ئەوانەی ئەمڕۆ تەنها لە سنوری فەرمانگەكەی ئێمە نەخۆشخانەیان جێهێشتوە، شەش كەسن."

ئەو بەڕێوەبەرە هیوای خواستوە بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەكانیاندا وردتر بن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×