مێژووی جەنگی مرۆڤ لەگەڵ ڤایرۆس و نەخۆشییەکاندا
  2020-03-11       3028       

ئەردەڵان عەبدوڵا

 

مێژووی مرۆڤایەتی پڕیەتی لەجەنگ و ململانێی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتری، بەڵام لەهەمانکاتیشدا لە زۆر ساتی مێژووییدا، هەندێک نەخۆشیی یان ڤایرۆس، بە بێدەنگی مرۆڤی زیاتر کوشتووە لەچاو جەنگە گەورەکان. مرۆڤیش ناچار بووە بچێتە ئەم جەنگە سەختەوە، هەرچەندە لە کۆتاییشدا سەرکەوتن هەر بۆ مرۆڤایەتی بووە. ماوەیەکە تەواوی جیهان سەرقاڵی جەنگی ڤایرۆس و ئەنفلۆوەنزاو ڤایرۆسی کۆرۆنان، لە کاتێکدا گەر سەیری مێژووی مرۆڤایەتی بکەین، دەبینین زۆر لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەهێزتر هەبووەو خەڵكی زیاتریش کوشتووە.

لە ماوەی پێشوودا کەناڵی بی بی سی بەریتانی راپۆرتێکی زۆر گرنگی لەمبارەیەوە بڵاوکردەوە، تێیدا کۆمەڵێک داتا و زانیاری گرنگی تێدابوو،بۆ نموونە ئەنفلۆوەنزای ئیسپانی لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا نزیکەی 100 ملیۆن کەسی کوشتووە، نەخۆشییەکانی کۆلێرا و تاعون و سیل، زۆر لە کۆرۆنا کوشندەتر بوون. کاتێک سەیری ئەدەبیاتی جیهانیش بکەین، پڕیەتی لە حکایەتی سەیروسەمەرە، هەر لە حکایەتەکانی هەزارو یەک شەوەوە هەتا دەگاتە ئەدەبیاتی سەدەی نۆزدەو بیستەم، حکایەتی سەیرو سەمەرە دەبینین لەبارەی جەنگی مرۆڤ و نەخۆشییەکان.
ئێمە لەم راپۆرتەدا هەوڵ دەدەین، تیشکێکی خێرا بخەینە سەر مێژووی ئەو کارەساتە گەوارەنەی کە بەهۆی نەخۆشیی و ڤایرۆسەکانەوە، رووبەروی مرۆڤایەتی بۆتەوە.

 

تاعون
تاعون یەکێکە لەو نەخۆشیانەی کە هەمیشە وەکو دێوەزمەیەکی گەورە رووبەروی ژیانی مرۆڤایەتی بۆتەوە، هەمووکاتێک ئەم نەخۆشییە بۆتە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی. نووسەری ناوداری فەرەنسی ئەلبێرت کامۆ لە رۆمانی " تاعون" دا، زۆر بە جوانی وەسفی رەوشی ژیانی خەڵکی دەکات لە کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم تاعونە و چۆن ژیانی ئەو خەڵکانەی کردۆتە دۆزەخ. مێژووی مرۆڤایەتیش پڕیەتی لەم نەخۆشییە کوشندەیە، هەرچەندە خۆشبەختانە لە ئێستادا کەم بۆتەوە.

 

تاعونی ئەنتۆنی
مێژوونوسی رۆمانی کاسیۆس دیۆ، باسی نەخۆشییەکی کوشندەمان بۆ دەکات کە بە ناوی " تاعونی ئەنتۆنی" یە لە ساڵی 165 ز بڵاوبۆتەوە، بەپێی قسەی ئەم مێژوونوسە رۆمانییە بێت، ئەم تاعونە رۆژانە سەرو 2 هەزار کەسی کوشتووەو ماوەی چەندین ساڵ بەردەوام بووەو دواجار لە ساڵی 180 دا کۆتایی پێهاتووە.

 

تاعونی جستنیان
سەرچاوە مێژووییەکان باس لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی " تاعونی جستنیان" دەکەن کە لە نێوان ساڵانی 541 و 542 لە ئیمپراتۆریەتی بیزەنتە بڵاوبۆتەوە، دواتریش لە هەر سێ کیشوەری ئەوروپا و ئەفریقا و ئاسیادا ئەم نەخۆشییە بڵاوبۆتەوە، سەرەتای ئەم نەخۆشیەش لە میسر بڵاوبۆتەوە،لەوکاتەدا لە میسرەوە گەنم و جۆ دەچوو بۆ قوستەنتینیە کە پایتەختی ئیمپراتۆریەتەکە بوو، پاشان لە ماوەیەکی کەمدا ئەم تاعونە بڵاودەبێتەوەو دەبێتە کوژرانی خەڵكێکی زۆر لە هەر سێ کیشوەرەکەدا.

 


تاعونی رەش

هەمیشە تاعون یەکێک بووە لە نەخۆشییە ترسناکەکان کە رووبەروی مرۆڤ بۆتەوە، بەتایبەتی لە ئەوروپادا چەندینجار بۆتە هۆی مردنی ملیۆنان کەس. یەکێش لەو تاعونە کوشندانە، تاعونی ساڵانی 1348 و 1349 کە لە مێژوودا بە تاعوونی رەش دەناسرێت. بە پێی هەندێک سەرچاوەی مێژوویی بێت، زیاتر لە 20 ملیۆن کەس بوونەتە قووربانی. جێگەی ئاماژەیە ساڵی 2018 لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی و زانستی بۆ ئەو نەخۆشییە کراوە کە لەو ساڵەدا رووی داوە، ئەوەش لە رێگەی دۆزینەوەی چەند ئێسکی مرۆڤێک، پاشان لە رێگای پشکنینی ئەتۆمییەوە بۆ ئەو زانایانە دەرکەوتووە، هۆکاری سەرەکی بڵاوبوونەوەی ئەم تاعونە، مشک و جرج نەبووە بەڵکە مرۆڤ خۆی بووە، هەرچەندە پێشتر سەرچاوە مێژووییەکان دەیانگوت، هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە مشک و جرج بووە.

 

لەناوبردنی گەلانی ئەمریکا
داگیرکردنی ئەمریکای باکوورو باشوور لەلایەن داگیرکاری ئەوروپییەوە، وایکرد کە بەشێکی زۆری خەڵکی رەسەنی ئەو کیشوەر لەناوببرێت. بەپێی هەندێک سەرچاوەی مێژوویی بێت، تەنها بەهۆی نەخۆشی وەکو " کۆلێرا، تاعون، سیل" ەوە، نزیکەی 80% ی دانیشتوانی کیشوەری ئەمیرکا بەهۆی ئەو نەخۆشیانەوە مردوون، کە داگیرکاری ئەوروپی لەگەڵ خۆی بۆ ئەم کێشوەرەی هێناوە. دیارە زۆربەی جاریش ، هێزە داگیرکارە ئەوروپییەکان لەرێگای بڵاوکردنەوەی ئەم نەخۆشیانەوە، هەوڵی قڕکردن و لەناوبردنی خەڵکی رەسەنی ئەمریکایان داوە، هەربۆیە فەیلەسووفی ناوداری ئەمریکی ناعوم چومسکی ناوی لێناوە " لەعنەتی کۆڵۆمبۆس بۆ گەلانی ئەمریکا".

 

تاعوونی لەندەنی گەورە
دووبارە تاعوونە بەرۆکی مرۆڤ لە ئەوروپا بەرنادات و مێژوونوسان باسی بڵاوبوونەوەی " تاعوونی گەورەی لەندەن" دەکەن کە لە ساڵی 1665 و 1666 لە پایتەختی بەریتانیا بڵاوبۆتەوە. لەو کاتەدا لەندەن، یەکێک بووە لەبەندەر و شارە گەورەکانی ئەوروپا و جیهان. ئەم تاعونە سەرەتا لە هۆڵەنەداوە هاتۆتە لەندەن و دواتریش نزیکەی 100 هەزار کەسی کوشتووە، جێگەی ئاماژەیە لەوکاتەدا ژمارەی دانیشتوانی لەندەن 300 هەزار کەس بووە، واتە چارەکی دانیشتوانی شارەکەی لەناوبردووە.

 

پەتای زەرد
بەپێی ویب سایتی history.com بێت لە ساڵی 1793 دا نەخۆشی " پەتای زەرد" لە تەواوی ئەمریکادا بڵاوبۆتەوە، بەهۆی ئەم پەتایەشەوە نزیکەی 45 هەزار کەس دەبنە قووربانی.
تاعوونی گەورەی شاری مەرسیلیای فەرەنسا
هەمیشە شارە گەورەکانی ئەوروپا بوونەتە مەیدانێکی باش بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە کوشندەکان لەم کێشوەردا. هەمووکاتێکیش بەندەرەکان، شاری گەورە بوون و زۆرجاریش سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە کوشندەکان بوون، یەکێکیش لەو شارانە شاری مەرسیلیای فەرنسایە، کە بەندەرێکی گەورەیە و دەکەوێتە باشووری فەرەنساوە، ئەم بەندەرە مێژووییەکی کۆنی هەیە و دەرگای فەرنسا بووە بەرەو کیشوەری ئەفریقا و ئاسیا و ئەمریکای لاتین. ساڵی 1720 تاعوونێکی گەورە لەم شارەدا بڵاودەبێتەوە کە دەبێتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 100 هەزار کەس لەم شارەو دەرووبەریدا.

 

کۆلێرا
لەپاش تاعوون دووەم نەخۆشی کە گورزی خراپی لە مرۆڤایەتی وەشاندووە نەخۆشی کۆلێرایە، بەتایبەتی لەسەدەی حەڤدەو هەژدە و نۆزدە و بیستدا، گورزی خراپی وەشاندووە. ئەدەبیاتی جیهانیش پڕیەتی لە حکایەتی سەیر و سەمەرەی ئەم نەخۆشییە، بەتایبەتی نووسەری ناوداری کۆڵۆمبی گاربێل مارکیز، لە رۆمانی " خۆشەویستی لە زەمەنی کۆلێرادا" بەشێوەیەکی ئەدەبی جوان، وەسفی ئەو رەوشە ترسناکەی کردووە کە رووبەروی خەڵكی بۆتەوە لە ئەمریکای لاتین، لەپاش بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا.
لە ساڵی 1820 دا کۆلێرا تەواوی وڵاتانی باشووری ئاسیا دەگرێتەوەو بووە هۆی کوژارانی سەرو سەد هەزار کەس. سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشیەش لە شاری کالکوتای هیندییەوە بوو. پاشتر تەواوی وڵاتانی باشووری ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناڤین و هەتاوەکو چینیشی گرتەوە.

 

تاعون مەنشوریا
ناوچەی مەنشوریا یەکێکە لە ناوچە گرنگەکانی چین، لە نێوان ساڵانی 1910 بۆ 1911 نەخۆشی تاعون بڵاوبوویەوە، بە پێی وێب سایتی بێت disasterhistory.org بەهۆی نەخۆشی تاعونەوە لەم ناوچەیە، سەرو 60 هەزار کەس گیانیان لە دەستدا.

 

ئەنفلۆوەنزا
لەپاش تاعون و کۆلێراوە، نەخۆشییەکی تری مەترسیدار ئەنفلۆوەنزایە، مرۆڤیش مێژوویەکی تاڵی لەگەڵ ئەم نەخۆشییە کوشندەیە هەیە بەتایبەتی لەئەوروپادا، ئەوەش بە حوکمی ساردی کەشووهەواکەی. هەتاوەکو ئێستاش ئەنفلۆوەنزا گەورەترین و کوشندەترین نەخۆشییە کە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی دەکوژێت لەجیهاندا، بەپێی هەندێک سەرچاوە بێت، ساڵانە نزیکەی 250 بۆ 500 هەزا کەس بە هۆی ئەم نەخۆشییەوە دەمرن.

 

ئەنفلوەنزای ئیسپانی
لە ساڵی 1918 دا ئەنفلۆوەنزایەکی کوشندە ئیسپانیای گرتەوە، پاشانیش بە تەواوی لە جیهاندا بڵاوبوویەوە، لە مێژووشدا ناوی " ئەنفللۆوەنزای ئیسپانی" لێنرا. ئەم نەخۆشییە زۆر کوشندە بووە، بووەهۆی کوژرانی 70 بۆ 100ملیۆن کەس، هەندێک سەرچاوە لەوە زیاتریش دەڵێن،بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی کەناڵی بی بی سی بێت کە لە ساڵی 2018 دا لەبارەی ئەم ئەنفلۆوەنزایەوە کردی، ژمارەکە زۆر لەوە زیاتر بووە، چونکە لە ساڵی 1918 تازە ڤایرۆسەکان پەیدابوون و هێشتا زانستی پزیشکی هێندە پێشکەوتوو نەبووە، تاوەکو بتوانێت دەرمانێکی باش بۆ دژایەتیکردنی ئەم ڤایرۆسە بدۆزێتەوە. لەکاتێکدا کۆی گشتی ژمارەی دانیشتوانی جیهان 500 ملیۆن کەس بووە، واتە 1/5 پێنچ یەکی دانیشتوانی جیهانی لەناوبردووە.

 

ئەنفلۆوەنزای ئاسیاویی
لەپاش ئیسپانیا ئینجا ئیتر ئەنفلۆوەنزا لە شوێنەکانی تری جیهان بڵاوبوویەوە لەساڵی 1957 و 1958 لە چین ئەنفلۆوەنزایەکی کوشندە بڵاوبویەوە، پاشانیش ئەم نەخۆشییە گوازرایەوە بۆ سەنگاپوورەو هۆنگ کۆنگ و ئەمریکا، بەپێی هەندێک سەرچاوە بێت سەرو 70 هەزار کەس بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستداوە.

 

ئایدز
نەخۆشییەکی تر کە بووە دێوەزمەیەکی گەورە بۆ مرۆڤایەتی ئایدزە، بەتایبەتی لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم، لە بەشێکی وڵاتانی رۆژائاوا و ئەمریکادا، خەڵكی زۆر ترسی لە بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشیە بووە. بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1976 لە وڵاتی کۆنگۆ سەریهەڵداو پاشانیش لە تەواوی جیهاندا بڵاوبوویەوە، لە ئێستاشدا ژمارەی ئەو کەسانەی کە تووشی ئەم نەخۆشییە بوون دەگاتە سەرو 36 ملیۆن کەس. دیارە ئەم نەخۆشییەش لە رێگای پەیوەندی سێکسییەوە تووشی خەڵكی دەبێت.

 

ئەنفلۆوەنزای باڵندە
ئەنفلۆوەنزایەکی تر کە بەرۆکی مرۆڤایەتی گرت، ئەنفلۆوەنزای باڵندە بوو، ئەم ئەنفلۆوەنزایەش ماوەیەکی زۆر جیهانی تووشی دڵەراوکێ کرد، هەرچەندە ئەم ئەنفلۆوەنزایە زیاتر تووشی باڵندەکان بوو، بەڵام دواجار مرۆڤی گرتەوە، بەڵام لەچاو نەخۆشییەکانی تر، ژمارەی قووربانیانی کەم تر بوو. بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی تەندروستی جیهان بێت، لە ساڵی 2003 ەوە هەتاوەکو 2014 ژمارەی ئەو کەسانەی بوونە قووربانی ئەم ڤایرۆسە 668 کەس بوون. بەڵام بووە هۆی لەدەستدانی ملیۆنان باڵندە لە جیهاندا.

 

سارس
نەخۆشییەکی کوشندەی تر کە لە ماوەی پێشوودا بەرۆکی مرۆڤایەتی گرت، ڤایرۆسی سارس بوو. ئەم ڤایرۆسە یەکەمجار ساڵی 2002 لە شاری جاندگۆنگی چینی بڵاوبووەوە، پاشتریش جیهانی گرتەوە. هەرچەندە ژمارەی قووربانیانی ئەم ڤایرۆسەش کەم بوو، بە پێی دوایین راپۆرتی رێکخراوی تەندورستی جیهان بێت، ژمارەی قووربانیان ئەم نەخۆشییە لە جیهاندا گەیشتە 800 کەس. ئەمەش ژمارەیەکی کەم بوو لە چاو نەخۆشییە کوشندەکانی تر.

 

ئەنفلۆوەنزای بەراز
لە ماوەی پێشوودا کۆمەڵێک ئەنفلۆوەنزای جۆراوجۆر و سەیر پەیدابوو لەوانە " ئەنفلۆوەنزای باڵندە و بەرزا"، لە ساڵی 2009 ئەنفلۆوەنزای بەراز بڵاوبوویەوە یەکەمجار لە مەکسیک سەریهەڵدا و پاشانیش بەشێکی زۆری وڵاتانی جیهانی گرتەوە، بە پێی راپۆرتێکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بێت، ئەم ئەنفلۆوەنزایە زۆر ترسناک و کوشندەیە، چونکە ڤایرۆسەکەی توانای زوو بڵاوبونەوەی هەیە، هەروەها دەشتوانێت دژی ئەو دەرمانانە بوەستێتەوە کە بۆ چارەسەرکردن بەکاردەهێنرێت، بەپێی ئامارێکی رێکخراوی تەندروستی جیهان بێت، ساڵی 2010 ژمارەی قووربانیان ئەم ئەم ئەنفلۆوەنزایە گەیشتە سەرو 18 هەزار کەس لە جیهاندا.

 

ئیبۆلا
بۆ یەکەمجار لەساڵی 2013 دا نەخۆشی ئیبۆلا لە غینیا لە کیشوەری ئەرفریقا سەریهەڵدا و پاشانیش وڵاتانی لیبریا و سیرالیۆنی گرتەوە. پاشان ناوی ئەم نەخۆشییە گۆڕا بۆ " ئیبۆلای رۆژئاوای ئەفریقا" ، ئەم نەخۆشیە بووە هۆی داڕمانی ئابووری ئەو سێ وڵاتە. هەرووەها بووە کوژرانی سەرو 6 هەزار کەسیش، ساڵی 2018 دووبارە ئەم نەخۆشیە کۆنگۆی دیموکراتی گرتەوە، لەئەنجامدا سەرو 2200 کەس گیانیان لەدەستدا.

 

کۆرۆنا
بۆ یەکەمجار ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرەتای ئەمساڵ لە وڵاتی چین بڵاوبوویەوە پاشانیش جیهانی گرتەوە، بەپێی دوایین ئامار بێت لە چین 2700 کەسی کوشتووە، لە دەرەوەی چینیش هەتاوەکو ئێستا ژمارەی قووربانیان 48 کەسە. لە ئێران زۆرترینیانە کە دەگاتە 15 کەس، لە کۆریای باشوور 12 کەس، لە ئیتالیاش 11 کەس، لە ژاپۆن 5 کەس ، لە هۆنگ کۆنگیش 2 کەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لە ڤلیپین و فەرەنسا و تایوانیش یەک کەس گیانی لەدەستداوە.

 

پێش کۆتایی
بەدڵناییەوە هەروەک چۆن جەنگی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتری کۆتایی نایەت، بەهەمانشێوەش جەنگی مرۆڤ و ڤایرۆس و نەخۆشیەکانیش کۆتایی نایەت و بەردەوام دەبێت، بەتایبەتی لەسەردەمی گلۆبالیزمدا، کە هەموو سنوورەکان کراوەن و پەیوەندی مرۆڤەکان زیاترە، ترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان زۆرترن. بەڵام گرنگ ئەوەیە مرۆڤ بتوانێت سوود لەو کارەساتە گەورانە وەربگرێت بۆئەوەی جارێکی تر دووبارە نەبنەوە.

 

سەرچاوەکان:
1/ فيروس كورونا: تعرف على أبرز الأوبئة التي ضربت العالم وقتلت الملايين. سایتی بی بی سی.
2/ نعوم تشومسكي. سنة 501 الغزو مستمر . دار الساقي . لندن
3/ ماذا سيحدث لو تفشى وباء الانفلونزا القاتل مرة أخرى؟. سایتی بی بی سی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×