2020-03-11   487     
وەزارەتی تەندروستی قەتەر، تۆمارکردنی ٢٣٨ حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ(COVID-19)ی راگەیاند، ''بەمەش ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە لەو وڵاتە بەرزبوویەوە و گەیشتە ٢٦٢ کەس''.
ئاوێنه: وەزارەتی تەندروستی قەتەر لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە ''ئەو تووشبووابە بەرکەوتنیان لەگەڵ ئەو سێ کەسەدا هەبووە کە رۆژی یەکشەممەی رابردوو تووشبوونیان بە کۆرۆنا راگەیەنرا و سەرجەمیان لە کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون دابوونە''.
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش روونکراوەتەوە کە تووشبووەکان لە ژێر کەرنتین دان و سەرجەمیان رێککارە پزیشکییەکان لەبارەیانەوە گیراونەتەبەر.
وەزارەتی تەندروستی قەتەر پێشبینی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی کردووە بەو پێیەی تووشبووەکان بەرکەوتنیان لەگەڵ کەسانی دیکەدا هەبووە.
لە راگەیەنراوەکەدا دڵنیایی دراوە لە رەوشی تەندروستی تووشبووەکان و ئاماژە بەوەشدراوە کە لە ئێستادا لە سەنتەری نەخۆشییە گوازراوەکان چاودێری دەکرێن و چارەسەری پزیشکییان بۆ دەکرێت.
وەزارەتی تەندروستی قەتەر داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کردووە کە لە پێناوی پاراستنی سەلامەتیی خۆیان و کۆمەڵگادا، پابەندی رێنماییەکانی خۆپارێزی ببن.