کۆرۆنا لەئێران: فریودان، بەهەندوەرنەگرتن‌و نکۆڵی لێکردن
  2020-03-12       2238       

مارکۆ فیبەر


وەرگێڕانی لەئەڵمانییەوە: کاوە جەلال



بەگوێرەی هەڵوێستی فەرمی هیچ پێشهاتەیەکی کۆرۆنا لەئێران نەبووە. لێ پاشان ناوەڕاستی مانگی فێبریوەر کتوپڕ یەکەمین مردووەکان ڕاگەیەنران. لەو کاتە بەدوواوە ژمارەی تووشبووان سەرنجڕاکێشانە بەرزبۆتەوە. شارەزای ئێران، بەهروز خۆسرۆزادە، دەبێژێت، کە دۆخەکە لە ئێران زۆر جددییە.
ئیرەج هەریرچی، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران، بەردەوام سەرلەنوێ ڕوخساری خۆی دەسڕێتەوە، بە دەسڕێک ئارەقەی ناوچەوانی هەڵدەگرێت، هەروەها بەردەوام سەرلەنوێ دەکۆکێتەوە.


ئەمە هەمووی لە پرێسکۆنفرانسێکدا بە بەرچاوی کامێراکانەوە ڕوودەدات. هەریرچی بە ڕۆژنامەوانانی ئامادەی گۆت، کە ڕەوشەکە لە ئێران نزیکەی سەقامگیرە.
لێ پاشان، دوای ڕۆژێک لە 25ی فێبریوەردا، هەریرچی بەڕێی پەیامێکی ڤیدیۆییەوە لە کەناڵی تەلەڤیزیۆنی دەوڵەتیدا بە ئاشکرا درکاندی: "من لە دوێنێ ئێوارەوە کۆرۆناویم". بەگوێرەی ئاژانسی دەوڵەتیی هەواڵەکان، "ئیرنا"، تێستکردنەکەی هەریرچیی ٥٤-ساڵان پۆزەتیڤ دەرچووە.


لەو کاتەوە بەدەگەمەن دەوڵەتێک هەیە هاوشێوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوها سەخت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا پێکرابێت. بەگوێرەی ڕاگەیەنراوە فەرمییەکان، تا نیوەڕۆی سێشەممە 8042 مرۆڤ بە ڤایرۆسەکە نەخۆشکەوتوون، 291 مرۆڤ مردوون و لە ەێویاندا حەوت سیاسەتمەدار و فەرمانبەری باڵای حکومەت هەن.
لێ ئایا تا چەند ئەم ژمارانە شایانی باوەڕپێکردنن؟ ئایا چۆن ئەو ڕژێمە ئۆتۆکراتییە مامەڵە لەتەک نەخۆشییەکەدا دەکات؟ ئایا مرۆڤان لەنێو ئێراندا چۆن پەرچەکردار دەنوێنن؟ ئێمە ئەم پرسیارانەمان ئاڕاستەی ڕامیاریناس و شارەزای ئێران بەهروز خۆسرۆزادە کرد.

بەهروز خۆسرۆزادە: حکومەت بۆ وەستاندنی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە فێرگە و زانستگەکانی لە سەرجەمی وڵاتدا داخستووە، هەروەها ئاهەنگە کولتووری و وەرزشییەکان و نوێژی هەینیش ڕاگیراون – لێ ئەو هەنگاوە زۆر درەنگ نرا!


حکومەتی کۆماری ئیسلامی لە ڕووی ئاسایش و پارێزگاریی هاوڵاتیانی خۆیەوە زۆر بێخەمە، حکومەت لە تەگژەکاندا زۆر شڵەژاو پەرچەکردار دەنوێنێت. پەیوەند بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە نەشارەزایی بێئەندازەی حکومەت دەردەکەوێت. بەرپرسان تەنانەت پەیوەند بەم تراژیدیا مرۆڤییەشەوە هەر پابەندی دابونەریتی خۆیانن، واتا تا بکرێت: درۆکردن، فریودان، بەهەندوەرنەگرتن و نکۆڵیلێکردن بەردەوام بن.

 


ئایا نموونەیەکتان بۆ ئەم دەربڕینەتان هەیە؟
بەهروز خۆسرۆزادە: وەزارەتی تەندروستی بە فەرمی ڕایگەیاند کە کۆرۆنا لە ڕۆژی 19ی فێبریوەردا گەیشتووەتە ئێران. لێ زیاتر لە هەفتەیەک پێش ئەوە، لە 10ی فێبریوەردا، نەخۆشخانەیەکی تاران مردنی ژنێکی 63-ساڵانی بە بەرپرسانی دەوڵەت ڕاگەیاند، کە گۆیا گومان دەکرێت مردنەکەی بەهۆی کۆرۆناوە بووبێت.
یەکەمین هەواڵەکان لەبارەی گەیشتنی ڤایرۆسەکە پێش ئەوەش، لایەنی کەم لە کۆتایی جەنیوەرەوە، بڵاوبووبوونەوە. لێ دامودەزگاکان سەرسەختانە سەرجەم گەڤی پزیشکانیان بە نهێنی هێشتەوە، نکۆڵییان لە کێشەکان دەکرد، تەنانەت ئەو ڕۆژنامەوانانەیان دەگرت کە لەبارەی ڤایرۆسەکەیان دەنووسی.
وا دیار بوو ئەوان نەیاندەویست ئاهەنگە گەورەکانی 11ی فێبریوەر بە بۆنەی 41-هەمین ساڵیادی کۆماری ئیسلامییەوە تێکبدەن. وەزارەتی تەندروستی تەنانەت ویستی بە بۆنەی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە لە 21ی فێبریوەردا ئاشکرابوونی حاڵەتەکانی ڤایرۆسەکە بە نهێنی بهێڵێتەوە. سەرۆککۆمار ڕۆحانی گفتی ئەوەی دا، کە گۆیا لە 22ی فێبریوەردا ڕەوشی ئاسایی سەقامگیر دەبێتەوە، لێ ئەو گفتە تەواو جێی گومان بوو. حکومەت بەهۆی ئەم دژبێژی و درۆیانەیەوە ئابڕووی خۆی دەبات.

 


ئایا تا چەند مرۆ دەتوانێت باوەڕ بە ژمارەی فەرمیی حاڵەتەکانی کۆرۆنا لە ئێران بکات؟
بەهروز خۆسرۆزادە: بە هیچ شێوەیەک شیاوی بڕواپێکردن نییە. بەبێ گومان ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە. ڤایرۆسی کۆرۆنا ماوەیەکە هەر 31 پارێزگاکەی ئێرانی گرتۆتەوە، هەروەها بە گوڕێکی خێرا بڵاودەبێتەوە، ئەمە هەروەها لە ڕووی بەرزبوونەوەی ژمارەی مردووەکانەوە.
ئیرەج هەریرچی، جێگری وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەری تەنگژەکان لە تاران، لە میانەی پرێسکۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند، کە تا ئەو کاتە 15 پەتاگرتوو مردوون. لێ لە هەمان کاتدا لە شاری قوم، کە نێوەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەیە، پەرلەمانتارێک ڕایگەیاند کە 50 پەتاگرتوو مردوون. هەروەها ڤیدیۆیەک لەبارەی ڕەوشی قوم بڵاوکراوەتەوە کە چۆن مەیتخانەی شارەکە پڕبووە لە لاشە. زۆر کەس گومانی ئەوە دەکەن کە ئەو مردووانە قوربانیی کۆرۆنان. مرۆ هەروەها گریمانەی ئەوە دەکات کە ژمارەیەکی لەڕادەبەدەر ئێرانی دەمرن پێش ئەوەی فریای ئەوە بکەون تێستیان بۆ بکرێت. زۆر لە نەخۆشخانەکانی ئێران بەدەگمەن دەستوێژی تێستیان لە بەردەستدایە یان بە هیچ شێویەک نییانە.

 


ئایا بەگشتی خزمەتگوزاریی تەندروستی لە ئێران چۆنە؟
بەهروز خۆسرۆزادە: زۆر خراپە. کارمەندانی نەخۆشخانەکان بەدەگمەن پۆشاکی پارێزگارییان هەیە. بە تایبەتی دەستوێژەکانی تێستکردن کێماسن. ماسکی پارێزگاری کێماسە و لە بازاڕی ڕەش بە نرخی چەندجارە گرانتر دەفرۆشرێت. دەتوانین ببێژین، کە ئێرانییەکان لەم تەنگانە پڕمەترسییەدا بۆ خۆیان جێهێڵراون.

 


ئایا ناجەختی لەنێو دانیشتواندا بڵاوبۆتەوە؟
بەهروز خۆسرۆزادە: دانیشتوان بە هیچ شێوەیەک بڕوایان بە بەرپرسان نییە. دانیشتوان زیاتر لە نەشارەزایی و بەدبەڕێوەبەرایەتیی حکومەت دەترسن وەک لە خودی ڤایرۆسەکە. ئەوجا تیۆرییە باوەکانی پیلانگێڕی دێنە پاڵ ئەو ڕەوشە.
بۆ نموونە ئایەتوڵا عەلی خامنەیی و سەرۆککۆمار حەسەن ڕۆحانی دەبێژن، کە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە پشت بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەوەکەن. خامنەیی گۆتی، کە ئەمەریکا و دژکارانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان هەلەکەیان قۆزتەوە بۆ ئەوەی ژمارەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا کەمبکەنەوە. گەر ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوام بتەنێتەوە، ئەوا گەرەکە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی خۆی بە پەرۆشەوە ڕاستەوخۆ بۆ ئێران تەرخان بکات، تاکو ڕێ لە کارەساتێکی مرۆڤی بگرێت.

 


لەنێو مردووە ئێرانییەکانی کۆرۆنادا هەروەها کەسانی دیار هەن، وەک حوسەین شەیخولئیسلام کە پێشتر جێگری وەزیری دەرەوە بوو، یان فاتیمە رەهبەر کە پەرلەمانتار بوو. ژمارەیەکی زۆری دیکەی بەرپرسانی دەوڵەت مردوون یان بارگاوی بوون. ئایا هۆی ئەم پەرەسەندنە ئاشکرایە چییە؟
بەهروز خۆسرۆزادە: قوم نێوەندی تەشەنەی کۆرۆنایە لە ئێراندا. لەوێوە ڤایرۆسەکە بە سەرجەم وڵاتدا بڵاوبۆتەوە. گۆیا هۆی تەشەنەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەدان فێرخوازە چینییەی شەریعە کە لە سەنتەری شەریعەی ئەوێ دەیانخوێند.
بە هەر حاڵ – لێ هەروەها سیاسییەکانیش بەهۆی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانەوە لە سەراپای وڵاتدا، بە تایبەتی لە قوم کە نێوەندی دینیی وڵاتەکەیە، خەریکی کۆڕبەستنی بانگەشەی هەڵبژاردن بوون. ئەوان بۆ هەموو جێیەک دەڕۆشتن، بەبێ ئەوەی بزانن کە ڕەنگە ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر نزیک بێت لە ئەوانیشەوە. بنەمای شاردنەوە و فریودان هاوشێوەی بومەرانگ (Bumerang) گەڕایەوە بۆ لای بەرپرسیاران.

 


حکومەت ژمارەیەکی زۆر شاری ئێرانی خستە ژێر بڕیاری کاراتێنەوە. لە باکوری ئێران، پارێزگای مازاندەران لەسەر دەریای قەزوین، دانیشتوان هەڕەشەیان کرد: یان ڕێگەکان بەرەو ئەوێ دادەخەن یان ئەوان خۆیان دایاندەخەن. لێ قوم هێشتا هەر بەدەرە لە بڕیاری کارانتێنە. بۆ؟
بەهروز خۆسرۆزادە: هۆی بڕیارنەدان بۆ دانانی قوم لەژێر بڕیاری کارانتێنەدا دەگەڕێتەوە بۆ بەرهەڵستیی گەورەئایەتوڵڵاکان و پیاوانی دینیی شارەکە. ئەوان، بە تایبەتی ئایەتوڵڵا سەیدی، کە نوێنەری ئایەتوڵڵا عەلی خامنەییە لە قومی شارە پیرۆزی شیعی، بەتەواوی دژی ئەوەن کە شارەکە بخرێتە ژێر بڕیاری کارانتێنەوە. ئەوان کارێکی بەو شێوەیە وەک هەستبریندارکردن دەبینن، چونکە شەخسەکەی ئەوێ پیرۆزگەیە و بۆیە دەشێت پەرجویەک بنوێنێت.
کەواتە گەرەکە زیارەتکەران دەرفەتیان هەبێت هەردەم بێن بۆ قوم. لێ بەم هەلوێستە دەردەکەوێت کە ئاڕاستە ئیدیۆلۆژییەکەی کۆماری ئیسلامی بەڕاستی ترسناکە.


زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×