لە ئاکامی هیرشێکی موشەکی بۆ سەر بنکەی تاجی ١٤ سەربازی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بوونە قوربانی
  2020-03-12       953       

لە ئاکامی ھێرشێکی مووشەکی بۆ سەر بنکەی سەربازیی تاجی لە باکووری شاری بەغدای پایتەختی عێراق کە سەربازانی ھاوپەیمانی تێدا جێگیرکراون، دوو سەربازی ئەمریکی و بەریتانییەک گیانیان لەدەستدا و ١١ سەربازیش برینداربوون.

ئاوێنه‌: مایلس کاگینس، وتەبێژی ھاوپەیمانی دژی داعش بە سەرکردایەتی ئەمریکا، رایگەیاند، ''ھێزەکانی ھاوپەیمانان پشتڕاستی ئەوە دەکەنەوە کە دوێنێ ١١ی ئادار کاتژمێر ٠٧:٣٥ بە کاتی ناوخۆیی، بە ١٥ مووشەکی بچووک ھێرشکراوەتە سەر کەمپی تاجی کە ھێزەکانی ھاوپەیمانانی لە عێراق تێدا جیگیرکراوە. لێکۆڵینەوە و ھەڵسەنگاندن لەبارەی ھێرشەکە درێژەی ھەیە''.

هاوکات کاگینس ھیچ زانیارییەکی لەبارەی زیانی گیانی ھێرشەکە ئاشکرا نەکرد. بەڵام چەند بەرپرسێکی ئەمریکی لە لێدوانەکانیاندا بۆ میدیاکانی ئەمریکا ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە لە ئاکامی ھێرشەکەدا، دوو سەربازی ئەمریکی و بەریتانییەک کۆژراون و ١١ سەربازیش برینداربوون.

شایەنی باسە ئەو بەرپرسانەی ئەمریکا ئەوەشیان خستووەتەڕوو کە ھێرشەکە بە مووشەکی کاتیوشا ئەنجامدراوە و سەرنجیشیان بۆ ئەوە راکێشاوە کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش چەکی لەم جۆرەی نییە و ئەگەری ئەوە ھەیە کە ئەم ھێرشە لەلایەن گرووپەکانی نزیک لە ئێران ئەنجام درابێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×