ئەمریكا: هێرشمان كردە سەر پێنج پێگەی حزبوڵا لەعێراق
  2020-03-13       1329       

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا رایگەیاند، لە تۆڵەی هێرشە موشەكییەكەی رۆژی چوارشەممە كە تێیدا دو سەربازی ئەمریكی و یەكێكی بەریتانی كوژران، پێنج پێگەی كەتیبەكانی حزبوڵای سەربە حەشدی شەعبیان لە عێراق بۆردومان كردون.

ئاوێنە: بەگوێرەی بەیاننامەیەكی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لە هێرشەكەدا پێنج پێگەی كەتیبەكانی حزبوڵا كە بۆ كۆكردنی چەك بەكارهاتون كراونەتە ئامانج.

 بەڵام وەزارەتی بەرگری ئەمریكا باسی لە زیانە گیانییەكانی هێرشە ئاسمانییەكە نەكردوە.

مارك ئیسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریكا سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەكە بۆ سەر پێگەكانی حزبوڵا رایگەیاند، وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی هێرشی دیكە ئەگەر پێویست بكات.

ئیسپەر وتی"هەمو رێوشوێنێكی پێویست دەگرینەبەر بۆ پاراستنی هێزەكانمان لەعێراق و ناوچەكە."

لەلایەكی دیكەوە شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی سوپای عێراق لەبەیاننامەیەكی كورتدا رایگەیاند، سەعات 01:15 خولەكی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، ئەمریكا هێرشێكی ئاسمانی بۆ سەر چەند پێگەیەكی سەربە حەشدی شەعبی و چەند فەوجێكی سربە فیرقەی نۆی سوپای عێراق لە ناوچەكانی (جەرف ئەلنەسر، ئەلموسەیب، نەجەف، ئەسكەندەریە) ئەنجامداوە.

بەیاننامەكەی سوپای عێراق هیچ ئاماژەیەكی بە وردەكاریی هێرشەكەو زیانە گیانی و ماددیەكان نەكردوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەدوای هێرشە موشەكییەكەی رۆژی چوارشەممە بۆ سەر بنكەی سەربازی تاجی، دەستبەجێ وەزارەتی بەرگری ئەمریكای راسپارد بۆ وەڵامدانەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×