داهاتی فرۆشتنی نه‌وت له‌ عێراق له‌سه‌دا ٦٠ كه‌میكردووه‌
  2020-03-14       634       
راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ''نرخی یەک بەرمیل نەوتی وڵاتەکەی لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ خوار ٣٠ی دۆلار دابەزیووە کە بەهۆیەوە داهاتی فرۆشتنی نەوت بەڕێژی ٦٠ لەسەدا کەمیکردووە''.
 
ئاوێنه‌: لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی نیمچە فەرمی ئەلسەباح مه‌زهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، هەناردەکردنی نەوت بەڕێژەی ٩٨ لەسەدا دراوی بیانی لە عێراق پێ دابین دەکرێت، جگە لەوەش، ٤٥ لەسەدا کۆی بەرهەمی خۆماڵی و هەروەها بە ٩٣ لەسەدا داهاتی بوودجەی گشتی پێک دەهێنێت.

هاوكات روونیشیکردەوە کە نرخی یەک بەرمیل نەوتی عێراق لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ خوار ٣٠ی دۆلار دابەزیووە کە بەهۆیەوە داهاتی فرۆشتنی نەوت بەڕێژی ٦٠ لەسەدا کەمیکردووە.

راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەشکرد کە کەمبوونەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوت، شۆکێکی گەورەیە بۆ وڵاتەکەی و بە پێویستی زانی کە لەئێستادا، زۆر  بە ژیری مامەلە لەگەڵ داهات و خەرجییەکاندا بکرێت.

مه‌زهەر محەمەد ساڵح وتیشی، ''حکوومەت لە هەوڵ دایە رێگە چارەکان بۆ رووبەڕووبوونەوە و کەمکردنەوەی قەیرانەکە بدۆزێتەوە، بە تایبەتیش بە جددی هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی قەیرانەکانی دابەزینی نەوت و تەندروستی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە چارەسەر بکات''.

ئاماژە بەوە دەکرێت کە  بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) کاریگەری لەسەر بەرهەمی خۆماڵی و ئابووری عێراق دروست کردووە و بە کۆی گشتی تائێستا ١٠٢ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە عێراق تۆمارکراوە کە ١٠یان گیانیان لەدەستداوە و ٢٤ی دیکەشیان چاکبوونەتەوە.

لە ٢٤ی مانگی رابردوودا، تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق راگەیەندرابوو.

پێشتر لەچوارچێوەی گرتنبەری رێوشوێنەکان بۆ خۆپاراستن و پێشگرتن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، حکوومەتی عێراق دەوامی لە ناوەندەکانی خوێندن کردە پشوو و شوێنە گشتی، قاوەخانە و سینەماکانی داخست، هەروەها گەشتکردنی هاووڵاتییانی بۆ چین، ئێران، ژاپۆن، کۆریای باشوور، تایلاند، سینگاپوور، ئیتاڵیا، کوێت، بەحرێن، فەڕەنسا و ئیسپانیا تا کاتێکی نادیار هەڵپەسارد.
 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×