داوا ده‌كرێت ده‌رمانی دژه‌ هه‌وكردنه‌كان بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌كارنه‌هێنرێت
  2020-03-15       862       
ئا: لوقمان غه‌فوور

پسپۆرانی پزیشكی ئه‌مریكی و فه‌ره‌نسییه‌كان ئاگاداری پزیشكانی دنیا ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ (ده‌مان و چاره‌سه‌ره‌كانی دژه‌ هه‌وكردن) (anti-inflammatory) له‌وانه‌یه‌ له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تدا زۆر ترسناك بێت بۆ تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

ئۆلیڤێر ڤێران وه‌زیری ته‌ندروستی فه‌ره‌نسا كه‌ پزیشكی پسپۆری ده‌مار، رۆژی 14ی ئازار به‌ لێدوانێكیدا بۆ سی ئێن ئێن رایگه‌یاند كه‌ پێدانی چاره‌سه‌ری دژه‌ هه‌وكردنه‌كانی وه‌ك (ئیپرۆڤین و كۆرتیزۆن و ...) ده‌شێت كاریگه‌رییه‌كی ترسناك و خراپ له‌سه‌ر تووشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا (COVID-19) دروست بكات له‌كاتێكدا به‌شی زۆریان ئه‌و چاره‌سه‌رانه‌یان بۆ به‌كاردێت. بۆیه‌ له‌كاتی بوونی (تا) باشتره‌ پاراسیتامول به‌كاربهێنرێت.

هه‌روه‌ها پێشتریش سه‌نته‌ری خۆپاراستن و نه‌خۆشییه‌ قورسه‌كانی ئه‌مریكا ئامۆژگاری پزیشكانی وڵاته‌كه‌ی كرد كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌سپرین یه‌كه‌م: بۆ منداڵ، دووه‌م: بۆ تووشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌كارنه‌هێنن، چونكه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ببێته‌ هۆی گیانله‌ده‌ستدانی نه‌خۆشه‌كه‌.

له‌هه‌مانكاتدا رۆژنامه‌ی زه‌ نیوۆرك تایمز جه‌ختی له‌و وتانه‌ی وه‌زیری ته‌ندروستی فه‌ره‌نسا كردۆته‌وه‌ و سه‌نته‌ری خۆپاراستن و نه‌خۆشییه‌ قورسه‌كان –ی ئه‌مریكا پێیوایه‌ ئه‌مه‌ دوای ئه‌و مردنه‌ به‌ لێشاوه‌ دێت له‌ ئیتالیا كه‌ به‌شی زۆریان ئیپرۆڤین –یان بۆ به‌كارهاتووه‌. سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ سه‌نته‌ره‌كه‌ به‌ نیویۆرك تایمز-ی وتووه‌:" ئاشكرایه‌ ده‌رمانه‌كانی دژه‌ هه‌وكردنه‌كان باش نییه‌ بۆ نه‌خۆشییه‌ درمییه‌كان له‌به‌رئه‌وه‌ی هانی دابه‌زینی كاردانه‌وه‌ی كۆئه‌ندامی به‌رگری له‌ش ده‌كات واته‌ به‌رگری له‌ش دابه‌زێنێت و هێرشی ڤایرۆسه‌كه‌ فراوانده‌بێت".

هه‌روه‌ها جان لویس مۆنتاسترۆك، سه‌رۆكی به‌شی ده‌رمان له‌ نه‌خۆشخانه‌ی تۆلوز به‌ رادیۆی ئار تی ئێل-ی راگه‌یاندووه‌ كه‌ ده‌رمانه‌كانی دژه‌ هه‌وكردنه‌كان (التهابات) ترسی كاریگه‌ریی زیاتره‌ له‌كاتی تا و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ڤایرۆس.

فه‌ره‌نسا له‌ رۆژی 14 ی ئازار زۆرترین تووشبووی تۆماركرد، له‌ماوه‌ی 24 سه‌عاتدا 800 كه‌س تووشی نه‌خۆشییه‌كه‌ بوون، به‌مه‌ش ژماره‌ی تووشبوون له‌ فه‌ره‌نسا گه‌یشته‌ 4 هه‌زار و 499 كه‌س و مردنیش گه‌یشته‌ 91 كه‌س.

هه‌رچی ئه‌مریكایه‌ له‌ ماوه‌ی 24 سه‌عاتی رابردوودا 543 كه‌س تووشی نه‌خۆشییه‌كه‌ بوون به‌مه‌ش ژماره‌ی تووشبوان گه‌یشته‌ 2 هه‌زار و 995 كه‌س و مردنیش به‌هۆی كۆرۆنا ڤایرۆس چووه‌ 60 كه‌س.

وه‌زیری ته‌ندروستی فه‌ره‌نسا به‌ رۆژنامه‌ی گاردیان-ی وتووه‌: "به‌راستی گه‌شه‌سه‌ندن و بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ زۆر خێرایه‌".

فه‌رنسا رۆژی 14ی ئازار ته‌واوی كافی و رێستورانت و شوێنه‌كانی داخست، وێرای هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ كۆبوونه‌وه‌ی لێده‌كرێت هه‌ر له‌ داخستنی بورجی ئێفل و مۆزه‌خانه‌ی لۆڤه‌ر و چه‌ندین كلێسا و شوێنی دیكه‌.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×