ئەو فڕۆكە عێراقییەی لە تارانەوە گەڕایەوە بەغدا هیچ بۆمبێكی تێدا نەبو وەك ئەوەی لایەنی ئێرانی وتبوی
  2020-03-15       734       

هەرچەندە لایەنی ئێرانی فڕۆكەخانەی بەغدای ئاگاداركردبوەوە لە بونی بۆمبێكی تەوقیتكراو لەنێو فڕۆكەیەكی عێراقیدا كە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە فڕۆكەخانەی ئیمام خومەینی تارانەوە بەرەو بەغدا فڕیوە، بەڵام دوای نیشتنەوەی فڕۆكەكە لە بەغداو پشكنین و داگرتنی سەرنشینەكانی، دەركەوت هیچ بۆمبێكی تێدا نییە.

ئاوێنە: وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند: ئەو فڕۆكەیەی سەعات 3:15 خولەكی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە لە فڕۆكەخانەی ئیمام خومەینی لەتارانەوە بەرەو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا فڕیوە، لە فڕۆكەخانەكە بەسەلامەتی نیشتۆتەوە لەدوای گومانی بونی تەقەمەنی لەنێو فڕۆكەكە.

ئەوەشی خستۆتەڕو: بورجی چاودێری فڕۆكەخانەی ئیمام خومەینی لەئێران، بورجی چاودێری فڕۆكەخانەی بەغدای ئاگاداركردۆتەوە لەبونی بومبێكی تەوقیتكراو لەنێو ئەو فڕۆكەیە كە 136 سەرنشینی تێدابوەو بەر لەگەیشتنیشی بۆ نێو كایەی ئاسمانی عێراق كاپتنی فڕۆكەكەی لێ ئاگاداركرابوەوە.

بەڵام وەزارەتی گواستنەوە وتویەتی: فڕۆكەكە بە چاودێری وەزیری گواستنەوە بەسەلامەتی لە فڕۆكەخانەی بەغدا نیشتۆتەوەو تیمەكانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و بەرگری شارستانی و دەزگای دژە تیرۆرو دەزگای پوچەڵكردنەوەی تەقینەوەكان و ئاسایشی فڕۆكەخانە، هەڵسان بە هێنانەخوارەوەی سەرنشین و ستافی فڕۆكەكەو پشكنینیان و هەروەها پشكنینی فڕۆكەكە بەڵام فڕۆكەكەو جانتای سەرنشینەكانیش خاڵی بوە لەهەر ماددەیەكی مەترسیدارو پاشان جوڵەی فڕۆكەخانەكە ئاسایی بۆتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×