١١٢ حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا لە وڵاتانی عەرەبی تۆماركرا
  2020-03-17       501       


 ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ی ئاداری ٢٠٢٠، راگەیەندرا كە ١١٢ حاڵەتی دیكەی تووشبوون بە جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا (COVID-19) لە نۆ وڵاتی عەرەبی تۆماركراوە.
 
ئاوێنه‌: ئێوارەی دوێنێ‌ دووشەممە دوو كەسی دیكە بە جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا (COVID-19) لە میسر گیانیان لەدەستداوە و بەوەیش ژمارەی ئەو كەسانەی كە بەهۆی ڤایرۆسەكەوە لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە بەرزبوویەوە بۆ چوار كەس.

هەر لە میسر ٤٠ حاڵەتی دیكەی تووشبوون بە جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا (COVID-19) تۆماركرا و بەوەیش ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەكە لەو وڵاتە گەیشتە ١٦٦ كەس كە تا ئێستا ٢٦یان چاكبوونەتەوە.

لە ئوردن ١٧ حاڵەتی دیكەی تووشبوون بە جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا (COVID-19) تۆماركرا و بەوەیش ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەكە لەو وڵاتە گەیشتە ٢٩ كەس.

هاوكات ١٥ حاڵەتی دیكەی تووشبوون بە جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا (COVID-19) لە سعوودیە تۆماركرا و بەوەیش ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەكە لەو وڵاتە بەرزبوویەوە بۆ ١٣٣ كەس كە شەش-یان چاكبوونەتەوە.

لای خۆیەوە وەزیری تەندروستی لوبنان، حەمەد حەسەن لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا، تۆماركردنی ١١ حاڵەتی دیكەی تووشبووون بە جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا (COVID-19) راگەیاند.

حەمەد حەسەن باسی لەوەشكرد كە كۆی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە لوبنان بەرزبووەتەوە بۆ ١٢٠ كەس.

لە لایەكی دیكەوە نۆ حاڵەتی دیكەی تووشبوون بە جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا (COVID-19) لە عێراق تۆماركرا و بەوەیش ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەكە لەو وڵاتە بەرزبوویەوە بۆ ١٣٣ كەس کە تا ئێستا، ٣٢یان چاكبوونەتەوە و ١٠ی دیكەشیان گیانیان لەدەستداوە.

لە مەغریب نۆ حاڵەتی دیكەی تووشبوون بە جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا (COVID-19) تۆماركراوە و بەوەیش ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەكە لەو وڵاتە بەرزبوویەوە بۆ ٣٧ كەس.

لە جەزائر پێنج حاڵەی دیكەی تووشبوون بە جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا (COVID-19) تۆماركرا و بەوەیش ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەكە لەو وڵاتە بەرزبوویەوە بۆ ٦٠ كەس.

هاوكات سەرۆكوەزیرانی تونس، ئەلیاس فەخفاخ راگەیاند كە ژمارەی تووشبووان بە جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا (COVID-19) لەو وڵاتە بەرزبووەتەوە بۆ ٢٤ كەس، دوای ئەوەی چوار حاڵەتی دیكەی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە تۆماركراوە.

دوو حاڵەتی دیكەی تووشبوون بە جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا (COVID-19) لە سوڵتانشینی عومان تۆماركرا و بەویش ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەكە لەو وڵاتە بەرزبوویەوە بۆ ٢٤ كەس كە تا ئێستا سێیان چاكبوونەتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×