"وەزیری دارایی عێراق رەتیدەكاته‌وە بەپێی یاسای بودجەی 2019 موچەی فەرمانبەران رەوانەی‌ هه‌رێم كرابێت"
  2019-03-05       2586       
د.فوئاد حسێن وەزیری دارایی عێراق
به‌وته‌ی‌ ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، وەزیری دارایی عێراق رەتیكردۆته‌وە بەپێی یاسای بودجەی 2019 موچەی فەرمانبەران رەوانەی‌ هه‌رێم كرابێت.

ئاوێنه‌: د.محەمەد شاكر، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاندووه‌، "دوای ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە كە عێراق بۆ مانگی شوباتی رابردو، بەپێی یاسای بودجەی 2019 بڕی 317 ملیار دیناری بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە كردووە، وەكو فراكسیۆنی پارتی لەگەڵ د.فوئاد حسێن وەزیری دارایی عێراق كۆبوینەوەو ئەو پرسەمان روبەڕو كردەوە".

ناوبراو ده‌ڵێت، "لەكۆبونەوەكەدا وەزیری دارایی رەتیكردەوە كە بەپێی یاسای بودجەی 2019 موچەی فەرمانبەران بۆ مانگی شوبات رەوانە كرابێت‌و رایگەیاند، بودجە لەم مانگەوە دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوەو بەپێی ئەو بودجەیە، موچەی فەرمانبەرانی هەرێم‌و پێشمەرگە رەوانە دەكرێت".

د.محەمەد شاكر راشیگەیاند، هەرچەندە تائێستا نازانین هەرێم پابەند دەبێت بەرادەستكردنی بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەسۆمۆ یان نا، بەڵام بەپێی یاسای بودجەی 2019، ئەگەر هەرێم نەوتیش رادەست نەكات، عێراق مانگانە بڕی 522 ملیار دینار بۆ موچەی فەرمانبەران‌و پێشمەرگە رەوانەی هەرێم دەكات.

ئەندامه‌كه‌ی فراكسیۆنی پارتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ وەزیری دارایی عێراقیش لەكۆبونەوەكەدا ئەوەی پشتڕاستكردەوە كە ناردنی پارەكە بەوشێوەیە دەبێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×