ڕۆمانی ھاوزێ ھەڵگری بونیادێکی ئیرۆتیکیی و تراژیدییە
  2018-12-22       459       

هاشم سەراج

 

۱
ھاوزێ ڕۆمانێکی (دلاوەر رەحیمی) نووسەر و وەرگێڕە، ڕەنگە کارکردن لەسەر ئەم دەقە بە مەستی زیاتر ئازادیت پێ ببەخشێت لەبەرئەوەی کردەی نووسین لەدەسپێکەوە ھەوڵدەدات تابووکان تێکبشکێنێت و بە بوێری بچێتە نێو دەروونی کاراکتەرەکانەوە و لە ڕێگەی زمان و ھەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانیانەوە حاڵەتە سایکۆلۆژییەکان بخاتە ڕوو. ھەروەھا ھاوزێ لەدەسپێکەوە دنەی خوێنەر دەدات بە ڕوانینێکی رۆڵان بارتی بانگەشەی مەرگی دانەر ڕابگەیەنێت و بەوپەڕی ئازادییەوە مامەڵە لەگەڵ ڕووداو و کەسایەتییەکانا بکات، لەبەرئەوەی تێکست بە ئازادی و دوور لەھەر جۆرە سانسۆرێک ھەوڵدەدات بوون و سوبێکتی کارەکتەرەکان و دنیای ئاڵۆزکاوی خود بنووسێتەوە.
وەرگر هەر لەدەسپێکی نووسینەوە ھەستدەکات وشەی ھاوزێ واتا تەقلیدییەکە ڕاناگەیەنێت و مەبەستی ھاوزا و ئاوزا و ھاوتەمەن نییە، بەڵکو بەشێوازێکی ناڕاستەوخۆ داوا لەخوێنەر دەکرێت پێشگری (ھا) و (واو)ەکە وەلاوە بنێت و بیر لەچەمکی (زێ) بکاتەوە، لەبەئەوەی تێکست ھەڵگری بونیادێکی ئیرۆتیکی – شەبەقییە، زێسالاری سەراپای دەقەکەی داگیرکردووە، ئەم جۆرە یاریکردنە بە چەمکی وشە (پێشتر لە کتێبی شیعری لە کڕاکەی ڕەزا عەلی پووردا سەرنجی ڕاکێشام کە چۆن پیتی ئەی بۆ وشەی (کڕاک)ی ماددەی ھۆشبەر زیاد کردووە و نووسینەکەم لەگۆڤاری ڕامان بەدووبەش لەسەر کڕاکە بلاِوبۆوە)، بەڵام دەقی ھاوزێ بە پێچەوانەی کڕاکە پێشگرەکە بە خوێنەر دەقرتێنێت، جا دەقی ھاوزێ چۆن کاری لەسەر بکرێت و جێکەوتەکان دیاری بکرێن ئەمە پێویستی بە تێڕامانە، لەبەرئەوەی تێکست بەرھەمی سوبێکتێکی بەشبەشبووە یا سوبێکتێکی لەتوپەت، ئەگەر بەدیدێکی لاکانی لێی بڕوانێن ھەر لەتێ بەشێک لە گێڕانەوەکان دەگێڕێتەوە و دواتر ستایلی گێڕانەوەکان یەکدەگڕنەوە و لە دەوری تێماکان دەخولێنەوە، ھەروەھا ئەگەر بەڕوانینێکی ژۆژ باتای لە ھاوزێ بڕوانین دەڵێین ھاوزێ ھەڵگری ھیچ جۆرە واتایەک نییە و دەقێکی خاڵییە لە مانا، پێویستە خوێنەری وەرگر واتای پێببەخشێت، ئەگەر بە دیدێکی دریدایی لە چەمکی واتا بکۆڵینەوە دەزانین کە واتا لە دەسپێکی نووسینەوە لەگەڵ کردەی نووسینا دوادەخرێت، کەواتە چەمکی واتا سەددەرسەد بوونی نییە یا بە ئاسانی خۆی بەدەستەوە نادات، لەھەمان دیدگاوە ئەگەر بەدوای واتای (زێ)دا بگەڕێین پێویستە لە دەقەکەدا لە ھاودژ و یا لە تەواوکەرەکەی بکۆڵینەوە، کە (چووک)ە، بەڵام ھاوزێ لەسەرەتاوە کار لەسەر کۆمەڵێک کارەکتەر دەکات کە لە ژین- جیھان یا لە جیھانی ژیاندا دەژین، ژین جیھان بە چەمکی ھۆسرل ی بەرھەمی کردەو چالاکییەکانی مرۆڤە بەسەرجەم بوارەکانییەوە ھەڵبەتە کردەی ئیرۆتیکی بەشێکی گرنگ و کاریگەری چالاکییەکانە کە لەم دەقەدا ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێڕێت چونکە مرۆڤ بوونە لەنێو کاتدا و یا دازاینە لێرە لەنێو جیھاندا ئەمە وەک ڕوانینێکی ھایدگەری، بەڵام ئەگەر بە ڕوانینێکی باروخ سپینۆزایی لە کارەکتەرەکانی ھاوزێ و بوونی مرۆڤ بڕوانین دەڵێن بوون و ناوەڕۆک لێکجیاناکرێنەوە دەشێ کارەکتەرەکان وەک بوون لەنێو بچن کەچی لەوانەیە وەک ناوەڕۆک بمێننەوە، بەڵام بێسوودە وەک ئەوەوایە ئێمە کە ئێستا سوکرات وەک ناوەڕۆک دەناسین کەچی وەک بوون لەم ژین-جیھانەدا بوونی نەماوە، مەبەستم ئەوەیە ڕۆمانی ھاوزێ نزیک لەم دید و ڕوانینە مامەڵە لەگەڵ خودی گێڕەڕەوەکان و چەمکی یادەوەری و ڕابردووا دەکات، بەڵام ئەوەی زیاتر پانتایی دەق داگیر دەکات مۆنۆلۆگی فاروقی پاڵەوانی شکستخواردووی دەق و گێڕانەوەکانی زارایە، وێڕای ئەو پیاوە پیرە شەستوپێنج ساڵیەی کە لە چیا و کەژەکان دەردەکەوێت و بە ڕەفتارەکانی کارەکتەری قەموورەکەی کونەپەپووی سادق ھیدایەتمان بیدەخاتەوە.


زارا یا ئەو ئافرەتەی کە فاروق عاشقیەتی لە کۆڵانەکەیا گەنج و مێردمناڵ نەمابوو سێکسیان لەگەڵا نەکات دواتر زارا لەقۆناخێکی تری ژیانیا لەشی گەنج و مێردمناڵەکان بەدەستی خۆی بۆمبڕێژ دەکات تا لە کەشێکی فەراھەمکراودا خۆیان بتەقێننەوە!

 

۲
تێکستی ھاوزێ لە دەسپێکەوە بە گرتەیەکی
سینەمایی ڕووبەڕووی خوێنەری وەرگر دەبێتەوە، گرتەیەک بە زمانێکی ھێمایی ئەلیگۆری دەیەوێ حیکایەتێک بە ڕەمز بگێڕێتەوە یا بە شێوەی ئیماژ و ئاماژە و دەلالەت بەشێک لە واتا نەگوتراوەکان بگەیەنێت، لەھەمانکاتدا جۆرێک لە مەینەت و نائومێدی بۆ خودی خوێنەر دەگوازێتەوە، تۆ نیگای ئەم ڕستە شێرپەنجەییەی دانتێ ئەلیگێری بکە، کە لە بەشی دۆزەخی کۆمێدیای خوداوەندی ھەڵێنجراوە و ئاڕاستەی گوناھکاران دەکرێت (ئێوەش کە دێنە ژوورەوە دەست لە ھەموو ھیوایەک بشۆن)، ڕەنگە ڕستەکە وەک کلیلێک بۆ چوونە ژوورەوەی کۆشکی دەق و کردنەوەی دەرگای ژوورە جۆراوجۆرەکانی بەکارببردرێت و، خوێنەر والێبکات ئەو بوونەوەرە کە تەوزلحۆلە قامک ئەستوورە بناسێتەوە، پاڵەوانە شکستخواردووەکە بوراوەتەوە و نوقمی کابووسێکی ترسناکە و وڕێنە دەکا و قسە دەبڕسکێنێت، چاوی دەگەڕێ و کەس گوێی لەدەنگی نییە خودی خۆی لێبترازێت، لەسەر چرپایەک پاڵیان خستووە. دەق ڕستێک پرسیار ئاڕاستەی خوێنەر دەکات، ئاخۆ ئەو کەسە کێیە مەشق و ڕاھێنانی بەم کەتە و زلحۆلە کردووە و مانەندی قەسابێک فێری سەربڕین بووە، ئەی پاڵەوانەکە بۆ حەز دەکات بە ھەڵەداوان خۆی بگەیەنێتە ماڵی پەریخان و لەوێ لە مۆنیتەرەکەی ڕەوەندی کوڕی پەریخان ئەو ڤیدیۆیانە ببینێ کە تاقمە فەندەمەنتالیستە توندڕەوەکان بڵاوی دەکەنەوە، ڕەنگە ئەو زلحۆلە نە تەنھا شانەکانی زارا داوەشێنێ بەڵکو بەھەموو ھێزییەوە
ڕاشیدەوەشێنێت، ڕەوەند بەردەوام لەسەر ئەنتەرنێتە. دەتوانم بڵێم دەقی ھاوزێ لە ڕووی ھزر و بیرکردنەوە و دنیابینییەوە دەشێ مانەندی شیعرەکانی شارڵ بۆدلێر و دەقەکانی مارکیز دۆ ساد، وەک خەسڵەت و ئەتمۆسفێری نووسین لەنێوەندی ئێمەدا بەتێکستێکی مەلعوون لەقەڵەم بدرێت. ھەڵبەتە دیمەنی گرتە سینەماییەکە وەک ھونەری ڕۆمانووسی پەیوەندی بە پێش و پاش خستنی ڕووداوەکانەوە ھەیە یا بە شێوازێکی تر ڕووداوەکە بۆ دەسپێک گوازراوەتەوە و پێشخراوە ئەگینا دەبوایە بخرێتە بەشی کۆتاییەوە ئەم کردەی پێشخستنە وەک تەکنیک لای زۆربەی رۆماننووسە بەناوبانگەکاندا


پراکتیزەکراوە بۆ نموونە ئۆرھان پامووک لە چەندین ڕۆمانیدا ھەروەھا ئەلیف شەفەق، دلاوەر ڕەحیمیش ھاتووە لێرە و لەم ڕۆمانە جیاوازەدا بەھەمان شێوە مامەڵەی لەگەڵ ڕووداوی بوورانەوەی فاروق، کاوە، ئارگەشا کردووە، پاڵەوانەکەی ھاوزێ سێ ناوی جیاوازی ھەیە، دەق تادێ خوێنەر بەرەو کەشێکی تراژیدی دەبات تراژیدیایەک وەک بڵێی لە تراوماو چێژی ئازاراوەوییەوە سەرچاوە دەگرێت، زارا ئافرەتێکی شەبەقی لەززەتگەرایەکی لێزانە عەتری جەستە و جۆرەکانی ئارەقەی پیاو دەناسێت و بەتایبەتی ئارەقەڕشتنی دوای ڕەحەتبوون، لای زارا ھەر ئارەقەیەک بۆنێکی تایبەتی خۆی و کات و شوێنی خۆی ھەیە، بۆ نموونە ئارەقەی نێوچەوان دوای ئۆرگازم و گەیشتن بە ژویسانس، ھاوکات فاروق و زارا خوێنیش دەناسن، فاروق بەردەوام ھەڵوەدای گرتە ڤیدیۆییەکانە. دەقی ھاوزێ بە شێنەیی و لەرێگای کۆمەڵێک ژێست و ھێماوە بەرەو کەشێکی تراژیدی و توندوتیژی سێکسیمان دەبات و ھێدی ھێدی تابوو و بۆند و پەیوەندی ڕیشە ئیتیکییەکان ھەڵدەوەشێنێتەوە، بڕێجار خوێنەر لەڕووی سێکسکردن و ھیدونیزم و ژویسانسەوە خۆی لە کەشێکی (مارکیز دۆ ساد)یدا دەدۆزێتەوە، بەڵام وەک ڕۆلان بارت دەڵێ کاراکتەرەکانی نێو جیھانی ڕۆمان جگە لە بوونەوەرگەلێکی کاغەزین شتێکی تر نین، کەواتە ئەمە خەیاڵی زمان و خەیاڵی سێکسییە یاری بە چارەنووسی کاراکتەرەکان دەکا، دەقی ھاوزێ لەڕێگەی مامەڵەکردنی لەگەڵ ڕستێک چەمکی ھزری و لیبیدۆیی و بە ڕوانیینێکی بوونگەرایی و نیھیلستی گێڕانەوە گەورەکان تێکدەشکێنێ و ھێدی ھێدی دەکەوێتە جیھانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرنەوە!
بۆ دوو ڕۆژ دەچێت
دەقی مەلعوونی ھاوزێ
خەیاڵم دەورووژێنێت و
بەدەسەڵاتی
چێژگەرایی و تراژیدیی
سەراپای کاتی دەروونیم
داگیر دەکریت
و
واملێدەکات
چرکەکانی
نیگەرانی و دنیابینی
بنووسمەوەو
لێناگەڕێت
کاغەزی ئەو حەوت کۆپلەشیعرەی
کە لەنێوان لاپەڕە زەردەکانی
دەفتەرە شینەکەدا
شاردووتمەوە
دەربێنم و
لە فەیس
بڵاویان بکەمەوە!

 

۳
لە بەشی پێشوودا ئاماژەم بۆ خەسڵەتی مەلعوونیەتی ھاوزێ کرد ئەم چەمکە لەم تێکستەدا زۆرتر پەیوەندی بە چێژی بە دوو لادانەوە ھەیە لە ئیتیکی گشتی کاتێ کوڕەکەی کەمال گوێ بۆ ئاخ و ئۆف و نرکە و ھانکە ھانکی گوڵشەن ڕادەدێرێت کە لەگەڵ ئارامی باجی حەپسە سێکس دەکەن، لای ئەم کوڕە ئەمە ناخۆشترین شەوە زۆری نامێنێت بتەقێتەوە، گوڵشەن سیوسێ، سیوچوار ساڵانە و ئارامی حەپسە خان سەر بە ڕژێمە و ئیتر بە فێڵی سەرپەرشتیکردنی بنەماڵەکەیان خۆی دەگەیەنێتە گوڵشەن، بەڵام گوڵشەن لە شەوە سێکسییەکەدا بە نرکەی چێژەوە بە چووکی ھەڵدەڵێ و فێڵ و فەرەجەکە بە خوتەیەکی بەھەشتی لەقەڵەم دەدات، ھەروەھا بەشێکی تری مەلعوونیەتی دەق بۆ زارای داوێن تەڕ دەگەڕێتەوە، چونکە زارا خۆشی سێکسی ھەم لە ئۆرگازمدا دەدۆزێتەوە، ھەم لە داماڵینی ماسکی پیاوەکان، کاتێ زمان دەکەوێتە وڕێنە و قسە دەبڕسکێنێت، چونکە ناخودئاگا کە لاکان جەختی لەسەر دەکات بەشێوەی زمان بونیادنراوە جا لە چرکە سێکسییەکاندا حەقیقەتی بوونی مرۆڤ دەردەکەوێت. دەقی ھاوزێ ھەڵگری بونیادێکی سێکسی و لیبیدۆییە و بەردەوام بە ھێزێکی ھیدونیزمی گوزارشت لەڕووداوەکان دەکرێت، بەڵام لەڕووی پۆستمۆدێنەوە کە لە بەشی پێشتردا ئاماژەم بۆ دا، خوێنەر ھەستدەکات ھێدی ھێدی لە حیکایەت و گێڕانەوە گەورەکان دەدرێت و ڕەوشی تراژیدیا جەرگبڕەکان دەخرێتەڕوو بە تایبەتی لەدوابەشدا تراژیدیاگەلێک ڕووبەڕووی خوێنەر دەبێتەوە کە بەرھەمی گێڕانەوە گەورەکانن، ئاخر دەقی ھاوزێ لە کۆمەلگایەکی داخراوی لێوانلێو لەدابونەریتدا کار لەسەر سوبێکتێک دەکات، سوبێکت بە ھەر سێ ڕەھەندی ریاڵی و ڕەمزی و خەیاڵی، بە گشتی چۆن بوونەوەرەکان دەبنە قوربانی بڕیارەکانی دەسەڵاتی حیکایەتە گەورەکان یا قوربانی مومارەسەی چێژی غەریزەکانیان، بەڵام خوێنەر ناچارە لە ڕەوش و خەسڵەتەکانی کارەکتەرەکان بگات و وەک تاکگەرایی و خودگەرایی لە ھەڵسوکەوت و ڕەفتار و بیرکردنەوەیان بکۆڵێتەوە ئەگینا کارەکتەرەکان بەگشتی قوربانی توندوتیژی دەسەڵاتە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگان، بەتایبەتی ھەر یەک لە کەسایەتی فاروق (کاوەی کەسنەزانی) و زارا و گوڵشەن و پیاوەکورتە باڵا شەست ساڵییە غەمگینەکە، کە گێڕانەوەکانی ھەر یەکێک لەم کەسایەتییانە لە ئەتمۆسفێری دەقدا بەشێوە و شێوازێک دەردەکەن، چونکە تێکسی ھاوزێ وێڕای بەکاربردنی تەکنیکی دیالۆگ و فلاشباک و جۆرێک لە نۆستالیژیا و ھونەری نامەگۆڕینەوە بە ئیمەیل لەھەمانکاتدا کورتەچیرۆک لەنێو ڕۆماندا ەکاردەھێنێت، بەڵام ئەوەی زیاتر لەبەھای تۆکمەیی زمانی دەق و کورتبڕییەکی کەمدەکاتەوە نووسینی چەند کۆپلە پەخشانێکە کەتیایدا وشەکان چەندین جار دووبارە دەبنەوە و لەگەڵ ستایلی ھێماینی دەقەکە تێکناکەنەوە، ھەروەھا لەکردەی گێڕانەوەدا خوێنەر ھەستدەکات بڕێجار دەنگی گێڕەوە دەگۆڕدرێت لەپیاوێکەوە بۆ ژنێک، ئەمەیان زیاتر لە دیالۆگی نێوان پیاوە کورتەباڵا شەست ساڵییە غەمینەکە و فاروقدا بەدیدەکرێت. زۆرجار ھەستدەکرێت لەجیاتی فاروق ئەوە زارایە دەدوێت. من وای دەبینم ئەم دیالۆگە درێژو ھێمایینە جوانیی و تۆکمەییەکی زۆری بەتێکستەکە بەخشیوە و لەڕووی ھزریش ھەڵگری کۆمەڵێک ڕوانیین و دنیابینییە، پاشان کەسایەتی و گێڕانەوەکانی پیاوە کورتەباڵا شەست ساڵییەکە لای خوێنەر جۆریک لە ئاڵۆزی دروستکردووە، خوێنەر وای بۆ دەچێت یا ئەمە یەکێکە لە بنەماڵەی سەردار یا ئەوەتا کوڕەکەی سەردارە، دەتوانم بڵیم ئەم جۆرە ئاڵۆزییە جۆرێکە لە ئازادی بەخشینە بە وەرگر و کرانەوەی دەقە ڕووە و ھزر وەرگر بۆی ھەیە بەشداری لەپرۆسەی نووسینەکە بکات و بە ئارەزووی خۆی ئاکامی ڕووداوەکان دیاری بکات ئەمەیش خاڵێکی ترە لەئەدەبی پۆستمۆدێرنە، زۆرجار قسەکانی کابرای کورتەباڵا لەگەڵ قسەکانی زارا یەکدەگرنەوە، بەڵام فاروق بڕێجار ھزری دەڕوا و ئاگای لەگێڕانەوەکانی کابرای کورتەباڵا نامێنێت و لەگەڵ یادەوەرییەکانی زارادا دووچاری خۆدواندن و قسە بڕسکاندن دێت و بڵێسەی جوانی زارا ھورووژمی بۆدەھێنێت و خەمناکی دایدەگرێت (چەند جوان دەبوو کاتێ ئاڵوشت ھەبوایە، ڕەنگی پێستت ڕۆشن دەبوو بریسکەی چاوەکانت ڕوخسارت، ناناتەوێ من لەناوخۆتدا بزر بم)، فاروق بڕوای وایە سێکس لەخۆخواردنەوە و خەمۆکی ڕزگاری دەکات، ھەروەھا دەڵێ خەڵک وادەزانن یەک ژیان دەژین یەک؟ڕوویان ھەیە، بەڵام چەندین ژیان دەژین و چەندین ڕوو و سیمایان ھەیە، من ھیچ مرۆڤێکم نەناسیوە یەک وێنەی ھەبێت. لەدیالۆگەکەدا بەسەرھاتی دەوررانی مناڵی خۆی لەگەڵ کەژاڵ و یاری سێکسی دکتۆرانێ دەگێڕێتەوە کەژاڵ لە چەندین ڕووەوە بە زارا دەچوێنێت. من ھەست ناکەم ھاوزێ سەددەرسەد ئەدەبی دانپیانان بێت وەک نووسینەکانی ئۆگستین و ڕۆسۆ و محەمەد شوکری لەنانی ڕووتدا، ڕەنگە لەدوابەشەکاندا؟کە جۆرێک لەچۆنیەتی ژیانی تاکگەرایی گوزارشتی لێوەکرابێت بەتایبەتی سەردەمی فیراری و ژیرزەمینەکە و کتێب خوێندنەوە و نووسینی بابەتی جۆراوجۆری ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و سیاسی بەنێوی کاوە کەسنەزانی و سێندکردنی ئیمەیلەکان لەڕێگەی لاپتۆپەکەی ڕەوەندەوە یا نووسینی بابەتی دەستە شوومەکان و نیگا پڕ شکۆکان، کە زارا بەردەوام نامەکان دەخوێنێتەوە یان کارکردنی لەگەڵ زارا لەڕێکخراوی ئێمە جیھانین، بەڵام تێما گشتییەکە بەتایبەتی ژیانی کوڕەکەی کەمال و گوڵشەنی دایکی دەکەوێتە خانەی قۆستنەوەی ڕووداوەکان لەکۆمەڵگاوە، ڕەنگە ھەر یەکێک لە ئێمە ئەگەرت ۆزێک بۆ یادەوەرییەکانی بگەرێتەوە لەوانەیە چەندین گوڵشەن و زارای چێژگەرا و شەبەقی لەژیاندا بدۆزێتەوە. دەقی ھاوزێ لەڕووی ھزرییەوە بڕوای بەکرانەوەی زەینی ھەیە ڕووە و جوانییەکانی جیھان، بۆیە پێیوایە دەبێ مێشک و زەین و خەیاڵ چەشنی زەوی بکێڵدرێن، ئەگەر بە شێوەیەکی گشتی لەجیھانی ھاوزێ بدوێین درکدەکەین کار لەسەر تراژیدیا و ئیرۆتیک دەکات بۆ نموونە شێوەی مەرگی کەمال لەسەر تاتەشۆرەکەی مزگەوتی کۆڵانەکەیان، سەرجەم حاڵەتی لەخۆبایبوون قڵپدەکاتەوە کەمال سووکایەتی بە مامۆستاکەی بنەماڵەکەیان دەکرد، دواتر مامۆستاکە لەگەڵ مجێوری مزگەوتەکە دەستدەکەن بە شوشتنی تەرمەکەی، ھەڵبەتە وشەی مجێورکە لێرە لەجیاتی خادمی مزگەوت بەکارھاتووە، وشەی مجێور یا زێوان بە پاسەوانی گۆڕستان دەگوترێت، ھەڵبەتە لەکۆتایی ڕۆمانەکەدا ئارگەش دوای مەرگی دایک و باوکی دەگاتەحەقیقەت و بە بێباکی دەڕوا و شوێنی کارکردنەکەی جێدەھێڵێت. لە ڕوویەکی دیکەوە دەق کێشەیەکی سەیری لەگەڵ خودی زمان و توندوتیژی زمانا ھەیە، دەڵێ زمان قۆڕ و سەخیفە زۆرجار لەگەڵی دەق دەگریت، زۆر بەئاسایی وشەی سەڵیتە و قەحبە و گاندەر بەکاردەھێنێت. ھەروەھا لەتێکستی ھاوزێدا بە وردی مامەڵە لەگەڵ بۆن و دەنگ و ڕەنگ دەکرێت، (کچێ تۆ بۆنت پیاو ھار دەکا) و چەمکی دەنگ و بۆن لە دیمەنی شەوە سێکسیەکەی زارادا زۆرتر بەدیدەکریت، زارا دەڵی کاروانم بۆ یەک شەو کردە مێردی خۆم بەیەک ڕاپسکان لاستیکی بیجامە شینەکەیم پچڕاند ئەمە سێکسکردنی زارای شەبەقییە لەشەوێکی پایزدا زارا لەگەڵ چەندین گەنج و مێردمنداڵی گەڕەکەکەیان ئەم جۆرە سیکسکردنەی ئەنجام داوە. زارا دەڵێ کوڕەکان یا رۆردارن یا ترسنۆک. دەقی ھاوزێ بەگشتی ھەڵگری بونیادێکی ئیرۆتیکیی و تراژیدییە!

 

٤
لە ڕۆمانی ھاوزێدا ھەندێ خاڵی سەرەکی ھەن پیویستە ئاماژەیان بۆ بدرێت، بۆچی کارەکتەرەکان پەیوەندی بەتاقمێکی فەندەمەنتالیستەوە دەکەن، ھەڵبەتە لەڕۆمانەکەدا ئەم پرسە بە شێوەیەکی نەگوتراو ماوەتەوە و پێویستە خوێنەری وەرگر لەڕێگەی بەشداریکردنی لەپرۆسەی نووسیندا ئەم درز و بۆشاییە پڕ بکاتەوە.
زۆربەی کارەکتەرەکانی ھاوزێ نوقمی خەیاڵی سێکسین و بە شێوازێکی لەززەتگەرا مامەڵە لەگەڵ ژیانا دەکەن، بڕێجار گەمە سێکسییەکانی زارا دەگاتە ئاستی گرتەی پۆڕنۆیی، زارا کاتێ لەکافێکە دانیشتووە و مامۆستا بەتەمەنەکە لەخۆوە دێتە لای ودواتر بەرەو ڕێستوڕانتێک دەڕۆن کاتی مامۆستاکە جێدەھێڵێت ھەستدەکات تەڕاییەک لەداوێنییەوە دەڕژێت.
زارا کچی مەولودئەفەندی شەبەقی و شەھوانییە زۆر دەخوێنێتەوە کەچی لەماڵەوە گەلاوێژی دایکی دەیچەوسێنێتەوەو سوکایەتی پێدەکات لە قوتابخانەش شەوبۆی بەڕێوەبەر، بۆیە بەدوای تۆڵەسەندنەوەدا دەگەڕێت و بڕوای بەحەقیقەت و بەھای کۆمەڵایەتی نامێنێت، تاقمە توندڕەوەکانیش دەتوانن سوود لەم جۆرە کەسانە وەربگرن و بەئاسانی دەسەتەمۆیان بکەن: لەڕۆمانەکەدا بەمشێوەیە دەدوێت: بیرتە ڕۆژانێک دەموت دەگەڕێمەوە و تۆڵەی خۆم دەستێنمەوە، لەدایکمەوە دەسپێدەکەم تادەگاتە شەوبۆی بەڕێوەبەری قوتابخانەکەمان، مادام توانیومە بەدەستی خوێناوییەوە جگەرە بکێشم و مێردمنداڵان بۆمبڕێژ بکەم و بیاننێرمە نێو ئاپۆرەی خەڵک لەگەڵ ئەواندا ھەپرون ھەپرون بن. بەم شێوەیە تۆڵەسەندنەوە لەڕێگەی کاردانەوە و پەرچەکردارەوە لەدڵ ودەروونی کارەکتەرەکاندا بەرجەستە دەبێت و ھەست بەحاڵەتێکی نیھلیستی دەکەن، دژی دەسەڵاتە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا دەوەستن و ھەموو جۆرە جوانیەک ڕەتدەکەنەوە، چارەنووسی ئارگەشی کاراکتەریش ھەمان ھاوکێشەی بەسەرا پراکتیزە دەکرێت، بەڵام ئارگەش پێشتر بەشێوەیەکی تر بیری دەکردەوە و چێژی لەڕەنگەکان دەبرد ئەو کاتەی سەردانی ماڵی پەرینازی ژنی سەرداری کەمال ئاغا دەکات فەرشە دیوارییەکە سەرنجی ڕادەکێشێت و ھەست بەجۆرە خۆشییەک دەکات، کەچی دواتر بەتایبەتی دوای ئەو فرمانەی لەدەسەڵاتی حیکایەتە گەورەکانەوە بۆی دەردەچێت بیرکردنەوەی دەگۆڕێت ئاڕاستەیکی تردەردەگرێت، ھەڵبەتە ئەم دیمەنەی واباسی لێوە دەکەم لەڕۆمانەکەدا بە تراژیدیترین ڕووداو دادەنرێت و چەشنی گرتەیەکی کاریگەری سینەمایی ڕووبەڕووی زەینی خوێنەر دەبێتەوە.
ئارگەشی ئەحمەد کەمال پیکەبەکە لە جافر دەخوازێت لەگەڵ سەرگوڵ وەلی مەحمودی دایکی بەرەو باغەکەی باپیری دەڕۆن بەرەو (باغی سەفا) ئارگەش چەکی پێیە و دایکی بۆخۆی شارەزای داروبەردی نێو باغەکەیە و ناوی سەرجەم ڕووەک و کانیاوەکە دەزانێت ئەو کانیاوەی خەڵک بۆ سەیران ڕوویان تێدەکرد ئیتر ئارگەش دوای گەڕانەوەی لە باغەکە و دوای لەدەستدانی دایکی و پێشتریش باوکی ھەروەھا مەینەتی ئەسمەری خوشکی نوقمی ھەمان ھزر و حاڵەتی نیھلیستی دێت درکدەکات کە لەژیاندا حەقیقەت بوونی نییە و چەمکەکان لەناوەڕۆک بەتاڵبوونەتەوە بۆیە لەھەمان گروپدا لەگەڵ زارا یەکدەگرنەوە

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×