ئیستێک له‌هه‌واری ڕه‌نگاڵه‌یی سۆنیا
  2019-03-06       621       
ئاماده‌كار له‌گه‌ڵ سۆنیا

له‌پێشه‌نگایه‌کی شێوه‌کاری له‌له‌نده‌نی پایته‌ختی به‌ریتانیا کچه‌ هونه‌رمه‌ندێکی کوردم بینی به‌چه‌ند کارێکی هونه‌ری به‌شداری کردو بو، هه‌م کاره‌کانی‌و هه‌م به‌شداریکردنه‌که‌ی به‌و ته‌مه‌نه گه‌نجه‌یه‌ی جێ سه‌رجم بو، دوای که‌مێک گفتوگۆو بینین‌و باسکردنی کاره‌کانی زیاتر سه‌رنجی ڕاکێشام.


ئه‌م کیژه‌ هونه‌رمه‌نده (سۆنیا سه‌رکۆ یان ترێ سه‌رکۆ)‌ له‌ته‌مه‌نی 12 ساڵیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خانه‌وه‌ده‌که‌ی هاتونه‌ته‌ به‌ریتانیا، قۆناغه‌کانی خوێندنی بڕیوه‌، ئێستا دوا ساڵی زانکۆیه‌تی.. بۆ زیاتر ئاشنابون به‌کارو چالاکیه‌کانی ئه‌م کیژه‌ به‌ڕێزه‌، حه‌زمکرد ئه‌م دیمانه‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌ی له‌گه‌ڵدا ئه‌نجامبده‌م.
 
ئا: قادر عه‌بدول سه‌مه‌د

ئاوێنه‌: هاتنه‌ ناو دنیای هونه‌ریت چۆن بو...حه‌زێکی سروشتی خۆت بو یان بینینی کاری هونه‌رمه‌ندان بو؟
سۆنیا: که‌ له‌باخچه‌ی ساوایان بوم له‌کوردستان هه‌میشه‌ له‌کاتی یاریکردندا ڕیز ئه‌بوین بۆ هه‌ر یاریه‌ک بمانویستایه‌ بیکه‌ین.. به‌ڵام به‌شی وێنه‌کێشان دایم چۆڵ بو منیش چاوه‌ڕوانیم زۆر پێناخۆش بوو..بۆیه‌ دایم له‌به‌شی وێنه‌کێشان بووم تا بووه‌ خولیایه‌ک بۆم وام لێهات بۆ هه‌ر شوێنێک بچومایه‌ ئه‌بوایه‌ وێنه‌م بکێشایه‌..
ئه‌و کاته‌ زۆر ئاشنا نه‌بوم به‌کاری هونه‌ری ته‌نها پێمخۆش بو وێنه‌ بکێشم، یه‌که‌م وێنه‌کێش که‌ کاره ‌هونه‌ریه‌کانیم بینی مامۆستا دڵشاد ساحێبقران بوو، ئیشه‌کانی جێگای سه‌رنج بون.. به‌مناڵی هه‌میشه‌ پرسیارێک له‌لام دروست ئه‌بو که‌ ئه‌م وێنانه‌ بۆ ڕون دروست نه‌کراون یان واتای چیه‌؟ قه‌د لێیان تێنه‌ئه‌گه‌یشتم به‌ڵام که‌ گه‌ووره‌ بوم له‌به‌شی هونه‌ری ده‌ستمکرد به‌خوێندن توانیم به‌چاوێکی تر کاره‌کان ببینم به‌شێوه‌یه‌ک که‌ حه‌ز ئه‌که‌م دوباره‌ بڕۆمه‌وه‌ له‌نزیکه‌وه‌ به‌وردی سه‌یریان بکه‌م.


ئاوێنه‌: ته‌مه‌نی مناڵیت چۆن بو؟ به‌به‌رده‌وامی خه‌ریکی وێنه‌کێشان بویت؟
سۆنیا: به‌مناڵی له‌گه‌ڵ دایک‌و خوشکه‌که‌م له‌سلێمانی ئه‌ژیام ئه‌و کاته‌ باوکم له‌ تاراوگه‌ بو ئه‌م دورییه‌ی باوکم تاکو چه‌ند ساڵێک بۆشایه‌کی هه‌ستی‌و روحی دروستکردبو.. وێنه‌کێشان وه‌ک چاره‌سه‌رێکی ده‌رونی لێهاتبو بۆم له‌کاتی بێزاریدا له‌شوێنێکی ماڵه‌که‌دا دائه‌نیشتم وێنه‌م ئه‌کێشا.. ئه‌و کاتانه‌ وێنه‌کانم هه‌موی ژیانێکی خه‌یاڵی بون بۆ خۆمم دروست ئه‌کرد..یه‌کێک له‌وانه‌ ژیانی لادێ بو وێنه‌ی کۆمه‌ڵێک ماڵم ئه‌کێشا له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی زۆر که‌ به‌یه‌که‌وه‌ کۆبونه‌وه‌. ژیانی لادێ تا ئه‌م ڕۆژه‌ش ئاوێته‌ی ژیانم بووه‌ زۆر حه‌ز ئه‌که‌م که‌ له‌یه‌کێک له‌گونده‌کانی کوردستان بژیم‌و چێژ له‌سروشتی جوانی کوردستان وه‌ربگرم..


ئاوێنه‌: له‌ به‌ریتانیا چۆن ده‌ستت پێ کرد...له‌بواری خوێندا له‌ چ قۆناغێکی خوێندایت...حه‌ز ئه‌که‌ی تا چ ئاستێک بخوێنیت؟
سۆنیا: له‌ته‌مه‌نی 12 ساڵیمه‌وه‌ له‌وڵاتی به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌که‌مدا ئه‌ژیم له‌پۆلی هه‌شته‌وه‌ ده‌ستمکرد به‌خوێندن..سه‌ره‌تا فێربونی زمانی ئینگلیزی سه‌خت بو به‌ڵام نه‌بووه‌ به‌به‌ربه‌ستێک بۆم..
له‌دوای فێربونی زمان بژارده‌یه‌کی زۆرم له‌به‌رده‌ستدابو له‌بوارێکدا بخوێنم له‌کۆلیژ، زۆرم پێئه‌وترا وا چاکه‌ هونه‌ر وه‌کو خولیایه‌ک هه‌بێ نه‌وه‌ک وه‌کو داهاتوییه‌ک..به‌ڵام من هه‌رگیز به‌وه‌ ڕازی نه‌بوم...بۆ من گرنگ نه‌بو له‌داهاتودا چی ڕوده‌دا ئه‌وه‌ی گرنگبو ئه‌وه‌ بو چۆن بتوانم بچمه‌ دنیایه‌کی هونه‌ریه‌وه‌ که‌ دورکه‌تنه‌وه‌ لێ مه‌حاڵ بێت بڕیارمدا له‌کۆلیژیArt and  Design  ده‌ست بکه‌م به‌خوێندن.
له‌دوای ته‌واو کردنی‌ خوێندنی کۆلیژ بۆ درێژه‌دان به‌خوێندنه‌که‌م هه‌ر له‌بواری هونه‌ریدا بریارمدا بچمه‌ له‌نده‌ن چونکه‌ ده‌وره‌ دراوه‌ به‌کاری هونه‌ری و گه‌له‌ری و هونه‌رمه‌ندانی سه‌رکه‌تو..چونم بۆ له‌نده‌ن هه‌لێکی زۆر باش بو بۆم.... دورکه‌وتنه‌وه‌ له‌خێزان و ژیان به‌ته‌نیایی له‌سه‌ره‌تادا که‌مێک ناخۆش بو. ئێستا له‌زانکۆی Goldsmiths له‌به‌شی هونه‌ره‌ جوانه‌کان ئه‌خوێنم دوا ساڵی زانکۆمه‌ له‌دوای ده‌رچونم و ته‌واوکردنی زانکۆ خۆم ئاماده‌ ئه‌که‌م بۆ ماسته‌ر هه‌ر له‌بواری هونه‌ردا.. بۆ من ئێستا زۆر فێربوم به‌ڵام هه‌ر که‌مه‌ ئه‌مه‌وێت تاکو کۆتا قۆناغه‌کانی خوێندن بڕۆم له‌بواره‌که‌مدا.
ئێستا به‌جۆرێک که‌وتمه‌ته‌ ژیانی هونه‌ریه‌وه‌ که‌ بیرم چۆته‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ من کێ بوم و ژیانیم چۆن بووه‌.

ئاوێنه‌: له‌چه‌ند پێشانگاو کارو چالاکی هونه‌ریدا به‌شداریت کردووه‌؟
سۆنیا:
•سه‌ره‌تا له‌پۆلی 9دا یه‌کێک له‌ کاره‌ هونه‌ریه‌کانم بۆ مۆزه‌خانه‌ی هۆلۆکۆست هه‌ڵبژێدرا.
•له‌پۆلی 10دا هه‌لی کارکردنم پێدرا له‌ (studio print making-Green Door Studio)له‌گه‌ڵ کۆمه‌لێک هونه‌رمه‌ندی به‌ توانای به‌ریتانی.
•له‌پێشانگای (Burton College به‌شداربوم خه‌ڵاتی(Principal Award به‌ده‌ستهێنا تابلۆکه‌یان لێ کڕیمه‌وه‌.
•به‌شداریمکرد له‌پێشانگای (Nottingham College شاره‌وانی نوتینگهام تابلۆکه‌یان لێکڕیمه‌وه‌ له‌ Loxley House واته‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی شاره‌وانی نۆتینگهام دانراوه‌، ئه‌م به‌شداریه‌م بو به‌هۆی ناساندم له‌ڕۆژنامه‌ به‌ریتانیاکاندا... • له‌ساڵی دووه‌می زانکۆدا به‌شداربوم له‌پێشانگای Kurdish Diaspora له‌ڕێی‌ ئه‌م پێشانگایه‌وه‌ توانیمان بڕێک پاره‌ کۆبکه‌ینه‌وه‌ بۆ که‌مپه‌کانی کوردستان.
•ساڵی 2018 دا به‌شداریمکرد له‌پێشانگای Kurdish Art Fair. له‌له‌نده‌ن.

ئاوێنه‌: هاوکاری دایک‌و باوکت چۆن بووه‌... تا چه‌ند هانده‌رو یارمه‌تیده‌رت بون؟
سۆنیا: دایک‌و باوکم ڕۆڵێکی گرنگ‌و كاریگه‌ریان هه‌بو له‌ژیانمدا..ئه‌وان له‌مناڵیه‌وه‌ تاکو ئێستا پشتگیریه‌کی زۆری منیان کردووه‌و به‌رده‌وام هانده‌رو په‌ڵنه‌رم بون هه‌ردوکیان  پێش له‌دایکبونی من  له‌کاری هونه‌ریدا به‌شداریانکردووه‌ باوکم له‌کوردستان له‌کاری شانۆیدا به‌شداریی کردووه‌و دایکم کاری سیرامیکی و چه‌رمسازی کردووه‌ له‌مه‌ڵبه‌ندی ئیشی ده‌ست.
هه‌ر دوکیان هه‌میشه‌ هه‌مو پێداویستیه‌کیان بۆ دابین ئه‌کردم تا به‌رده‌وام بم ئێستاش باوکم دنیایه‌کی هونه‌ری له‌مێشکدایه‌ هه‌میشه‌ بیرۆکه‌کانیم زۆر به‌جوانی بۆ باس ئه‌کات و زۆر جار وێنه‌ ئه‌کێشێ و بۆم ئه‌نێرێ ئه‌وه‌نده‌ له‌ناخه‌وه‌ له‌ئیشه‌کانی و هه‌ستی تێئه‌گه‌م که‌ دایمه‌ پێموایه‌ باشترن.. وێنه‌ کێشان  دنیای باوکمه‌ چونکه‌ له‌یه‌ک په‌ڕه‌ی سپیا هه‌مو هه‌ست‌و وشه‌کانی به‌یه‌ک وێنه‌ بۆم ڕون ئه‌کاته‌وه‌.

ئاوێنه‌: به‌ده‌ر له‌کاری وێنه‌کێشان حه‌ز له‌‌خوێنده‌وه‌ی ڕۆمان‌و شیعر ئه‌که‌ی؟ کاری چه‌ند نوسه‌رت خوێندۆته‌وه‌؟
سۆنیا: خوێندنه‌وه‌ به‌شێکی سه‌ره‌کی کاره‌کانمه‌و گرنگیه‌کی زۆرم پێداوه‌ زیاتر له‌سه‌ر مێژوی هونه‌ر و conceptual art، به‌ده‌ر له‌وانه‌ی بۆ خوێندنه‌که‌مه‌ پێخۆشه‌ به‌تایبه‌تی کتێبی خه‌یاڵی یا خود ڕۆمان بخوێنمه‌وه‌ ئێستا خه‌ریکی خوێندنه‌وه‌ی کتێبێکی ((how the world Work  Noam Chomsky که‌ ده‌رباره‌ی جیۆپۆلیتیکاڵی هاوچه‌رخ.
زۆر حه‌ز به‌هۆنراوه‌ی کوردی ئه‌که‌م له‌ته‌مه‌نی 9 ساڵیدا باوکم بردمی بۆ ئێواره‌ کۆڕێکی شیعر مامۆستا عه‌بدوڵا په‌شێو که‌ تا ئێستاش هه‌ندێک له‌هۆنراوه‌کانیم له‌بیر ماوه‌. ئێستا زۆرجار که‌ گوێ له‌هۆنراوه‌ی کوردی ئه‌گرم وێنه‌ی هۆنراوه‌که‌ ئه‌کێشم بۆ نمونه‌ (ئێستا کچێک نیشتمانمه‌) هۆنراوه‌ی مامۆستا شێرکۆ بێکه‌س... له‌ئێستادا خه‌ریکی کارێکم هۆنراوه‌ کوردییه‌کان بکمه‌ وێنه‌ له‌سه‌ر شێوازی سوریالیزم که‌ پێکهاتووه‌ له‌خه‌یاڵ‌و ڕسته‌.

ئاوێنه‌: ژیانت له‌دو کلتوری جیاوازدا چ کاریگه‌ریه‌کی هه‌یه‌ له‌سه‌ر کاره‌ هونه‌ریه‌کانت؟
سۆنیا: ژیان له‌دو کلتوردا جیاوازه‌و زۆر کاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر کاره‌کانم، چۆنیه‌تی تێڕوانینم بۆ هونه‌رو کۆمه‌ڵگای کوردی زۆر جیاوازه‌ وه‌ک له‌و ژینگه‌یه‌ی ئێستا منی تیادام. له‌م چه‌ند ساڵه‌دا که‌ بۆ هونه‌ر خوێندومه‌ تاکو ئێستا ڕۆژێک پێم نه‌وتراوه‌ به‌مشێوه‌یه‌ ئه‌بێ وێنه‌ بکێشم یان فێری چۆنیه‌تی وێنه‌کێشانیان نه‌کردوم، به‌ڵکو فێرکراوم سه‌یری هونه‌ر بکه‌م له‌لایه‌نێکی جیاوازه‌وه‌ ئه‌وه‌ی من لێره‌ فێربوم پێکهاتووه‌ له‌بیرکردنه‌وه‌ له‌هونه‌ر زیاتر وه‌ک له‌تێروانین لێی.
مێژوی هونه‌ر بۆی سه‌لماندوین که‌ وێنه‌کێشان تاکو چ ئاستێکی به‌رز ئه‌توانین بڕوا به‌و شێوه‌یه‌ی که‌ بتوانین هه‌ر شتێک وه‌ک خۆی ده‌ربهێنینه‌وه‌ به‌ڕه‌نگه‌کان، به‌ڵام له‌دنیای ئه‌مڕۆدا هونه‌ر پێکهاتووه‌ له‌پرسیار نه‌وه‌ک له‌دروستکردن لێره‌ فێربوم که‌ هونه‌رمه‌ند ئه‌بێ له‌گه‌ڵ ناخی خۆی ڕاستگۆ بێت چۆن پێخۆشه‌ وێنه‌ بکێشێت یان هه‌ر کارێک بکات چونکه‌ ئه‌وه‌ له‌یه‌کمان جیاواز ئه‌کات، به‌ڵام هه‌ندێکجار هه‌مان ئه‌و کاره‌ی لێره‌ ده‌ستخۆشیم لێ ئه‌کرێ بۆی پیشانی کۆمه‌ڵگای کوردی به‌م له‌وانه‌یه‌ زۆر که‌س لێ تێنه‌گات و ڕوبه‌ڕوی ڕه‌خنه‌یه‌کی زۆر ببمه‌وه‌. بۆ من کاردانه‌وه‌ی بینه‌ر زۆر گرنگه‌ چونکه‌ ئه‌مه‌وێت هه‌م هونه‌رمه‌ندان و هه‌م که‌سانی ئاسایش بتوانن له‌کاره‌که‌ تێبگه‌ن. ئه‌م دو لایه‌نه‌ وایان لێکردوم هه‌ست به‌قورسایه‌ک بکه‌م،‌ ئه‌مه‌وێت به‌شێوه‌یه‌ک وێنه‌ بکه‌م که‌ له‌کۆمه‌ڵگای کوردی جێگای بێته‌وه‌و له‌هه‌مانکاتدا ئه‌مه‌وێت ڕاستی ناخی خۆشم وێنه‌ بکه‌م به‌و شێوه‌یه‌ی‌ ئه‌مه‌وێت، یه‌ک له‌و نمونانه‌ وێنه‌ی ژماره‌ (7‌)  که‌ پێکهاتووه‌ له‌دو ژیانی جیاواز که‌ هه‌ردوکیان به‌تێڕوانین  زۆر جیاوازن، به‌ڵام له‌بیرکردنه‌وه‌دا یه‌کسانن.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×