سبه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم بۆ پرسی پاشه‌كه‌وتی موچه‌ كۆده‌بێته‌وه‌
  2019-03-07       1254       
كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌رشیف

بڕیاره‌ سبه‌ی هه‌ینی، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ بڕیاردان له‌ پرسی پاشه‌كه‌وتی موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم كۆببێته‌وه‌. چاوه‌ڕوان ده‌كرێت موچه‌ی مانگی یه‌كی 2019 به‌بێ پاشه‌كه‌وت بدرێت.

ئاوێنه‌: نوری عوسمان، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچونی حكومەتی هەرێمی كوردستان روداوی راگەیاند"لە كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیران پرسی هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی موچە تاوتوێ دەکرێت. چاوەڕوان دەبین بۆ ئەوەی بزانین لە کۆبونەوەکە چ بڕیارێك دەدرێت."

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ میدیای ره‌سمی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بڵاویكردۆته‌وه‌ كه‌ ئەمڕۆ (پێنجشەممە) وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ئاگاداركردوەتەوە، كە بەشی یەكەمی پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق  كە بڕەكەی (522) ملیار دینارە، رەوانەی هەرێم دەكات، بەو هۆیەوە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم  وەزیرەكانی ئاگاداركردوەتەوە كە سبەینێ‌ (هەینی) كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەرێوەدەچێت.

هەر سەبارەت بەلابردنی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران، سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم بە میدیای ره‌سمی گۆڕانی راگەیاند، موچەی مانگی دوانزەی (2018) وەك خۆی بەپاشەكەوتەوە دابه‌ش ده‌كرێت، بەڵام موچەی مانگی یەكی ساڵی (2019) بێ‌ پاشەكەوت دەبێت.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×