تەندروستی عێراق تۆماركردنی شەش حاڵەتی نوێ و گیانلەدەستدانی كەسێكی دیكەی بە كۆرۆنا راگەیاند
  2020-03-18       426       

وەزارەتی تەندروستی عێراق تۆماركردنی شەش حاڵەتی نوێی توشبونی بە ڤایرۆسی كۆرۆناو گیانلەدەستدانی كەسێكیشی بە ڤایرۆسەكە راگەیاند و دەشڵێت: ژمارەی توشبوانی ڤایرۆسەكە گەیشتۆتە 164 توشبو و 12 كەسیش بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا لە تاقیگەكانی سەربە وەزارەتەكە پشكنین بۆ 105 كەس بە گومانی توشبون بە كۆرۆنا لە پارێزگا جیاجیاكانی عێراق كراوەو كە بەگوێرەی ئەنجامی پشكنینەكان شەش كەسیان هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لەو شەش حاڵەتە نوێیە پێنج حاڵەتیان لە بەغداو ئەویدیكەیان لە پارێزگای دیالە تۆماركراوە.

هەروەها ئاشكراشیكردوە كە حاڵەتێكی گیانلەدەستدانیش بەهۆی ڤایرۆسەكەوە لە پارێزگای بەسرە هەبوە.

بەگوێرەی بەیاننامەكەی وەزارەتی تەندروستی تا ئێستا كۆی ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا لەعێراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە گەیشتۆتە 164 حاڵەتی توشبون و هەروەها 43 توشبوش چاكبونەتەوە.

هەر بەپێی بەیاننامەكە تا ئێستا لەعێراق 12 كەس بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×