ژنێكی 103 ساڵانی توشبو بە كۆرۆنا چاكبوەوە
  2020-03-18       520       

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رەسمی ئێران، ژنێكی 103 ساڵان كە توشبوی كۆرۆنا بوە، چاكبۆتەوەو نەخۆشخانەی جێهێشتوە، ئەوەش وێڕای ئەوەی ئەگەری مردنی توشبوانی بەساڵاچو بە ڤایرۆسەكە زیاترە.

ئاوێنە: ئاژانسی هەواڵی رەسمی ئێران(ئیرنا) بڵاویكردەوە، ئەو ژنە تەمەن 103 ساڵانە كە ناوی ئاشكرانەكردوە، نزیكەی هەفتەیەك لە نەخۆشخانەی "كەوسەر"ی ناو شاری "سەمنان" بەهۆی توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ماوەتەوە.

نەڤید دانایی، سەرۆكی زانكۆی زانستە پزیشكییەكانی پارێزگای سەمنان رایگەیاندوە: ئەو ژنە بەساڵاچوەو دوای ئەوەی بەتەواوەتی چاكبۆتەوە لەئێستادا نەخۆشخانەكەی جێهێشتوە.

ئەو ژنە دوەم كەسی توشبوی بەتەمەنە لە ئێران رزگاری دەبێت لە نەخۆشییەكە.

ئاژانسی ئیرنا وتویەتی: توشبویەكی دیكە لە پارێزگای كرمان كە لە شەستەكانی تەمەنیدایە، بەتەواوی چاكبۆتەوەو رۆژی دوشەممە دوای سێ رۆژ مانەوەی، نەخۆشخانەی جێهێشتوە، ئەوەش وێڕای ئەوەی نەخۆشی فشاری خوێن و هەناسەتەنگی هەبوە.

بەپێی دوا ئاماری رەسمی كە ئەمڕۆ چوارشەممە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی ئێرانەوە بڵاوكرایەوە، تا ئێستا لەو وڵاتە ژمارەی توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا گەیشتۆتە 17 هەزارو 361 كەس و ژمارەی ئەوانەشی بە ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە گەیشتۆتە یەك هەزارو 135 كەس.

ئەمڕۆ لە سەمنان 60 حاڵەتی نوێی توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماكراون و بەوەش ژمارەی توشبوان لەو پارێزگایەی ئێران تا ئێستا گەیتشتۆتە 577 توشبو.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×