بریاره‌كانی‌ ئەنجومەنی وەزیران له‌باره‌ی‌ هه‌ڵگرتنی‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌وه‌
  2019-03-08       2555       
نێچیرڤان بارزانی‌، قوباد تاڵه‌بانی‌، رێباز حه‌ملان، سه‌فین دزه‌یی، ئامانج ره‌حیم


نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان كۆتاییهاتنی‌ سیسته‌می‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ راگه‌یاند.

ئاوێنه‌: دوای کۆبونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، نێچیرڤان بارزانی له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا كۆتاییهاتنی‌ سیسته‌می‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ راگه‌یاندو وتی‌، له‌م مانگه‌وه‌ بێ پاشه‌كه‌وت موچه‌ وه‌ك خۆی‌ دابه‌شده‌كرێت‌و سیستمی‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌ كۆتاییهات.

داواشی کرد لەگەڵ بەغدا بگەنە دەرەنجامێکی باش‌و جارێکی دیکە هاوڵاتیانی هەرێم باجی هیچ کێشەیەکی سیاسی نەدەن.

نێچیرڤان بارزانی وتیشی، ئەو بڕە پارەیەی لەبەغداوە دێت 522 ملیارەو بەشی تەواوەتی موچە ناکات، بەڵام حكومه‌تی‌ هەرێمی‌ كوردستان تەواوکاریی بۆ پارەکە دەکرێت‌و موچە بەبێ پاشەکەوت دەدرێت بەفەرمانبەران.

هەروەها سوپاسی نوێنەرانی کوردی کرد لەبەغدا كه‌ رۆڵی زۆریان بینی لەهەڵگرتنی پاشەکەوتی موچەو سوپاسی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی کرد کە تێگەیشتنی تەواوی هەبوە بۆ بابەتی موچەی فەرمانبەران.

دواتر ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران لەکۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا بڕیارەکانی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی خوێندەوەو رایگەیاند؛ لەکۆبونەوەکەی ئەمڕۆدا دو بڕیار درا، یەکەمیان بڕیاری هەڵوەشدانەوەی پاشکەوتی موچەی فەرمانبەران‌و هەوڵدان بۆ گێڕانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەران لەچوارچێوەی دانوستانەکانیان لەگەڵ بەغدا.

وتیشی، بڕیاری دوەم راسپاردنی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت‌و غاز بو کە دەست بکەن بەگفتوگۆو دانوستانی جددی لەگەڵ بەغدا بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشەی نەوت‌و دارایی لەچوارچێوەی دەستوری عێراق.

به‌پاساوی‌ بڕینی بودجەی هەرێم له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ عێراق‌و شەڕی داعش‌و دابەزینی‌ نرخی‌ نه‌وتی‌ خاو، لەسەرەتای ساڵی 2016وه‌ حکومەتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان موچه‌ی‌ مامۆستایان‌و فەرمانبەرانی‌ له‌ 40% بۆ 70% پاشه‌كه‌وت كرد.

 

دەقی بڕیارەکان: 

بڕیاری یەکەم: پشتبەست بە ئەحکامی ماددەی هەشتەم لە یاسای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارە 3ی ساڵی 1992 ی هەموارکراو و لەبەر رۆشنایی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران  ژمارە 52 لە 8-3-2019 بڕیاردرا بە:

- هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 64 لە 3-2-2016 تایبەت بە پەیڕەوکردنی سیستەمی پاشەوکەوتکردنی رێژەیەک لە شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

- سەبارەت بەو رێژەیەی شایستەی دارایی مووچەخۆران کە پاشەکەوت کراوە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی پێویست دەدات بە خەرجکردنەوەی ئەو شایستە داراییانە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دانوستاندن و گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی.

- وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم بڕیارە جێبەجێ دەکەن و لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.

بڕیاری دووەم: پشتبەست بە ئەحکامی ماددەی هەشتەم لە یاسای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارە 3ی ساڵی 1992 ی لەبەر رۆشنایی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 52 لە 8-3-2019 بڕیاردرا بە:

- راسپاردنی ئەنجوومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی گفتوگۆ و دانوستاندنی جیدی لەگەڵ حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ بە مەبەستی چارەسەری ریشەیی و کێشە هەڵپەسێراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی، تایبەت بە نەوت و دارایی لە چوارچێوەی دەستووری عێراق و بە ئاراستەی دابینکردنی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان. 

ئەنجوومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز بە هەماهەنگی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم بڕیارە جێبەجێدەکەن.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 


زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×