جگە لە مەککە و مەدینە، سعودیە نوێژکردنی لە سەرجەم مزگەوتەکان راگرت، لە وڵاتانی عەرەبییش چەندین رێکاری توند بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیراونەتەبەر.
ئاوێنه: ئاژانسی هەواڵی فەرمی سعودیە بڵاویکردەوە، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، جگە لە مەککە و مەدینە، نوێژکردن لە سەرجەم مزگەوتەکانی وڵات راگیراوە.
عەبدولمەجید تەبون، سەرۆکی جەزائیریش، بڕیاریدا سەرجەم کۆڕ و کۆبوونەوەکان لە وڵات قەدەخە بکرێت.
ھاوكات قەیس سەعید سەرۆکی تونس، قەدەغەی هاتووچۆی بە شەو لە وڵاتەکەی راگەیاند. حکومەتی ئوردنیش، دەوامی دامەزراوە حکومییەکان و کەرتی تایبەتی بۆ دوو هەفتە راگرت.
لە لایەكی دیكە هالە زاید وەزیری تەندروستی میسر رایگەیاند، زیاتر لە ٣٠٠خێزان لە پارێزگای دەقهەلیەی دەلتای نیل، خراونەتە کەرەنتینەوە. لە ئیسرائیلیش هاتنەدەرەوەی خەڵک و هاتووچۆ قەدەخەکرا.