چین، رۆژنامه‌نووسه‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ وڵاته‌كه‌ی ده‌ره‌كات
  2020-03-18       961       

ئا:  لوقمان غه‌فوور

چین رۆژ به‌رۆژ هه‌نگاوه‌كانی له‌ هه‌نگاوه‌كانی كۆریای باكور نزیكده‌كاته‌وه‌و ئازادی رۆژنامه‌گه‌ریی له‌ وڵاته‌كه‌ی ناهێڵێت. سه‌ركردایه‌تی مه‌ركه‌زی حزبی شیوعی چین رۆژی 17ی ئازار بڕیاریدا كه‌ نوێنه‌ری هه‌ر سێ رۆژنامه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی جیهان (زه‌ واشنگتۆن پۆست و زه‌ نیویۆرك تایمز و زه‌ ووێل ستریت جۆرناڵ) له‌ وڵاته‌كه‌ی دوورده‌خاته‌وه‌.


له‌هه‌مانكاتدا ده‌نگی ئه‌مریكا و گۆڤاری تایم بۆ مانه‌وه‌یان، خشته‌ی كاریان داوه‌ به‌ حكومه‌تی چین تا كاره‌كانیان به‌و شێوه‌یه‌ بێت كه‌ چین ئه‌یه‌وێت، به‌ڵام ئه‌و سێ رۆژنامه‌یه‌ ئاماده‌نه‌بوون سنوور بۆ كارو چالاكیان دابنرێت.

گۆڤاری تایم له‌راپۆرتێكیدا ده‌ڵێت: "ئه‌م بڕیاره‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین دوای هه‌فته‌یه‌ك دێت كه‌ ئیداره‌ی تره‌مپ داوای كرد كه‌ پێنج كارمه‌ندی ئاژانسه‌كانی چین له‌ ئه‌مریكا كارده‌كه‌ن و حكومه‌تی چین كۆنترۆڵی كردووه‌، نابێت كاربكه‌ن چونكه‌ سی ئای ئه‌ی بۆی ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ سیخوری بۆ چین ده‌كه‌ن، وتیشی ئه‌توانن له‌بری ئه‌وه‌ 100 كارمه‌ند دابنێن".

تایم نووسیویه‌تی: "چین رێوشوێنی تازه‌ی بۆ چاپكراوه‌كانی ئه‌مریكا ده‌ركردووه‌ كه‌ پێش سه‌ری ساڵ هیچ نوسراوێكی دیپلۆماتی رۆژنامه‌نووسی تازه‌ ناكرێته‌وه‌ بۆ رۆژنامه‌نووسانی ئه‌مریكا".

چین نایه‌وێت هیچ رۆژنامه‌نووسێكی ئه‌مریكا له‌وڵاته‌كه‌ی كاربكات ته‌نانه‌ت له‌ (هۆنگكۆنگ و ماكاو) كه‌ دوو شوێنی سه‌ر به‌ ئیداره‌ی چین-ن.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین ئه‌م هه‌نگاوه‌ به‌ پێویست ده‌زانێت بۆ ئه‌وه‌ی ئیتر هه‌واڵی ناو وڵاته‌كه‌ی نه‌گوازرێته‌وه‌ بۆ جیهان، مایكل بۆمبیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا كاتێك پرسیاری ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی چین-یان لێكرد به‌گاڵته‌جاری له‌قه‌ڵه‌میدا.

ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی چین له‌پای ئه‌و راپۆرته‌ یه‌كله‌دواییه‌كانه‌ی ئه‌م سێ رۆژنامه‌ دێت كه‌ له‌ماوه‌ی مانگی جێنیوه‌ری و فێبریوه‌ری بڵاویانكردۆته‌وه‌ له‌ چین ده‌رباره‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و هه‌روه‌ها داپلۆسین و پێشێلكردنی مافی موسڵمانانی ئیگۆر له‌ شینگیانگ و ئه‌و گرێبه‌سته‌ بازرگانییه‌ شاراوه‌ و نهێنیانه‌ی كه‌ شی جین بینگ و خێزانی سه‌ر به‌ حزبی شیوعی چین ئه‌یكه‌ن.

ئاڵۆزییه‌كانی نێوان واشنگتۆن و په‌كین سه‌باره‌ت به‌ ئاژانسه‌كان له‌ 18 فێبریوه‌رییه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ئیداره‌ی تره‌مپ بریاریدا كه‌ 5 فه‌رمانبه‌ری سه‌ر به‌ ئاژانسی چین كه‌ حزبی شیوعی چین سه‌رپه‌رشتی ده‌كات، نابێت له‌ ئه‌مریكا كاربكه‌ن، كه‌ئه‌وانیش كارمه‌ندی شینخوا، سی جی تی ئێن، رادیۆی چین، تشینا ده‌یلی و رۆژنامه‌ی چینی میللی. له‌به‌رئه‌وه‌ی چالاكوان و كارمه‌ندی ده‌زگای ئه‌منی حكومه‌تن.

بۆ رۆژی دواتر حزبی شیوعی چین، سێ رۆژنامه‌نووسی سه‌ره‌كی له‌ په‌كین ده‌ركرد كه‌ یه‌كێكیان له‌ ستونێكدا له‌ رۆژانی كۆرۆنا ڤایرۆس وتارێكی له‌ ژێر ناوی "چین پیاوێكی نه‌خۆشه‌ له‌ ئاسیا" نوسیبوو، كه‌ تێیدا ره‌خنه‌ی له‌وه‌ گرتبوو چین به‌زویی نه‌خۆشیی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ ۆوهان ئاشكرانه‌كردووه‌ و 9 مانگ شاردوویه‌تییه‌وه‌ تا په‌ره‌ی سه‌ندووه‌.

دوو له‌ رۆژنامه‌نووسه‌كان بریتین له‌: (جۆش تیشن) كه‌ له‌بنه‌ره‌تدا چینییه‌ و هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌مریكی هه‌یه‌ و هه‌روه‌ها ڤیلیب وان كه‌ ئوسترالییه‌. رۆژنامه‌نووسی سێیه‌میش تشاو دینگ كه‌ ئه‌مریكی و به‌ره‌گه‌ز چینییه‌ كه‌ تا هه‌فته‌ی پێشوو له‌ شاری وۆهان مابۆوه‌ و تێكڕای هه‌واڵه‌كانی وۆهانی گواسته‌وه‌ بۆ میدیاكانی ئه‌مریكا.
هه‌وره‌ها رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز نوسیویه‌تی كه‌ چین له‌ساڵی 1998 ه‌وه‌ كه‌وتۆته‌ ته‌نگپێهه‌ڵچنینی رۆژنامه‌نووسه‌ بیانییه‌كان و یه‌ك یه‌ك ئاژانسه‌ گه‌وره‌كان له‌ وڵاته‌كه‌ی دوور ده‌خاته‌وه‌.

زۆربه‌ی رۆژنامه‌نووسه‌ بیانییه‌كان كۆتایی 2020 فیزای كاركردنیان له‌ چین كۆتایی دێت و چین ئاماده‌ نییه‌ تازه‌ی كاته‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی زۆره‌ملێی ئه‌بێت وڵاته‌كه‌ جێهێڵن.

مارتن بارون نووسه‌ری جێبه‌جێكاری زه‌ واشنگتۆن پۆست له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌ركردنی رۆژنامه‌نووسانی سێ ئاژانسی گه‌وره‌ی ئه‌مریكی به‌ كارێكی زیانبه‌خش ده‌زانێت ده‌ڵێت: "بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كان له‌سه‌ر كۆڤید ناینتین زۆر پێویست بوو و پێویستیشته‌ تا دنیا بزانێت چی رویداوه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ چین ئه‌یه‌وێت دابڕان له‌ ئازادی راده‌ربڕین بكات له‌و ناوچه‌یه‌. ئه‌م كاره‌ بۆ حزبی شیوعی چین خراپه‌"، ده‌شڵێت: "رۆژانی خۆپیشاندانه‌كانی هۆنگكۆنگ له‌یاد ناچن، كه‌ چۆن سه‌ركوتی ژووری هه‌واڵی رۆژنامه‌ بیانییه‌كان كران له‌ئۆكتۆبه‌ری 2018، هه‌ر له‌ ده‌ركردنی ڤیكتۆر مالیت به‌رێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی فاینانشیال تایمز تا قه‌ده‌غه‌كردنی كاركردنی تایمز و گاردیان و بلومبێرگ و رۆیته‌رز له‌ ساڵی 2019".

به‌م ره‌فتارانه‌ی چین ده‌شێت وه‌ك چۆن ساڵی پار 2019 له‌ لوتكه‌ی یه‌كه‌می پێشێلكردنی ئازادی راده‌بڕیندا بوو ئه‌مساڵ ئه‌و پێشێلكارییانه‌ زیاتر ببێت و له‌لوتكه‌دا بمێنێته‌وه‌.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×