ژوری حكومەت‌و پەرلەمانی گۆڕان: تا ئێستا 500 سیڤی بۆ وەرگرتنی 50 پۆستی حكومی پێشكەش بەبزوتنەوەكە كراوە
  2019-03-08       2326       


ئا: مەزهەر كەریم

 

بەرپرسی بەشی حكومەت لەژوری حكومەت‌و پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژە بەوە دەكات پۆستەكانی بزوتنەوەكەیان لەكابینەی نوێی حكومەتدا 50 بۆ 60 پۆست دەبێت، ئەو دەڵێت"تا ئێستا نزیكەی 500 سیڤی گۆڕانخوازان پێشكەش كراوەو ڕۆژانە 15 بۆ 20 سیڤیمان بۆ دێت، كە ئەمەش ڕیژەیەكی زۆرە". 


دانا عەبدولكەریم، بەرپرسی بەشی حكومەت لەژووری حكومەت‌و پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان بەئاوێنەی ڕاگەیاند "بەبێ‌ ئەوەی بەكەسیان وتبێت یان داوایان لەهەڵسوڕاوانی بزوتنەوەكە كردبێت تا سیڤیان بۆ بهێنن، ماوەی مانگێك دەبێت ڕۆژانە ١٥ بۆ ٢٠ سیڤی دەبرێتە ژوری حكومەت‌و پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان، كە تا هەفتەیەكی دیكەش رێگەپێدراو دەبێت هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان سیڤیەكانیان پێشكەش بكەن، مەرجەكانی بزوتنەوەكەش بۆ پۆستە سیاسیەكان ئەوە دەبێت كە ئەو كەسانە جێگەی متمانەی بزوتنەوەكەبن، ئەویش چڤاتی گشتی بڕیاری لەسەر دەدات".
دانا وتی "لەئێستادا مەرجمان بۆ وەرگرتنی پۆستەكان نیەو هەركەسێك هەڵسوڕاو لایەنگری گۆڕانە‌و لەخۆی ڕادەبینێت، مەرجەكانی تێدایە دەتوانێت سیڤی پێشكەش بكات بۆ وەرگرتنی پۆستەكان، بەڵام بەشێك لەو هەڵسوڕاوانەی سیڤیان پێشكەش كردوە ڕەچاوی شەهادەو تایبەت مەندیەكانیان نەكردوە لەڕوی لۆژیكیەوە سیڤیەكانیان دوردەخرێتەوە هەرچەند ژمارەیەكش هەڵسوڕاو هەن ڕەچاویان كردوە ئەوە دەرفەتی زیاتریان دەداتێ‌".

وتیشی" زۆرینەی سیڤیەكان لەلایەن پیاوانەوە پێشكەش كراوە هەرچەندە ژمارەیەك لە ژنانیش بەشداریان كردوە‌و سیڤیان هێناوە، كەژمارەی ئەو سیڤیانەی پێشكەش كراوە لەچوار سەد سڤیی بەرەوژورەو نزیكەی پینج سەد سیڤی دەبێت، بۆ سەرجەم ئەو پۆستە جیاوازانەی بزوتنەوەی گۆڕان بەهەقی هەڵبژاردنی خۆی بەدەستی دەهێنێت، كەپۆستی هیچ لایەكی دیكەی وەرنەگرتوەو بەمافی خۆی دەزانێت".
بەرپرسی ژوری حكومەت‌و پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەشی وت " ئەو كەسانەی پۆستەكانی بزوتنەوەی گۆڕان وەردەگرن دەبێت بەشێوەیەكی ورتر لە پێشتر، بزوتنەوەكە كاری بۆ بكات‌و هەڵسەنگاندنی بۆ بكات تا متمانە پێكراوی بزوتنەوەكەبێت، نەچێتە حیزبێكی دیكەوە لەكاتی وەرگرتنی پۆستەكەیدا، كەئەمەش چڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵسەنگاندنی بۆ دەكات لەدواتردا، كەژمارەیەك پێوەر دیاری دەكرێت ئەمەش دەبێتە فیلتەرێك، كە بریتیە لەپێوەرەكانی بڕوابون بەسیاسەت‌و پرانسیپەكانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، چونكە ئەگەرتۆ كەسێك بهێنێت باوەڕی بەسیاسەت‌و پرانسیپەكانی گۆڕانەوە نەبێت زۆر ئاسانە دەستبەرداری گۆڕانیش ببێت".
ئەوەشی رونکردەوە کە "ئێمە بەئاشكرا كار بۆ ئەو هەژدە خاڵە دەكەین لەگەڵ پارتی لەسەری رێكەوتوین كە سەرجەمیان چاكسازیە، پارتیش ئەوەی دەوێت ئەگەر جێبەجێش نەكرێت ئەوە ئێمە خاوەنی بڕیاری سیاسی خۆمانین ئەوكات قسەمان دەبێت، كەبەداخەوە لەڕابردودا پیوەندیەكانی ئێمەو پارتی بەقۆناغێكی خراپدا ڕۆشت ئەم رێكەوتنە بێتە سەرتایەكی باش بۆ كاركرن، چونكە ئەمە دواجار دەبێتە هۆكارێكی باش بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان".
بزوتنەوەی گۆڕان لە حەڤدەی مانگی ڕابردودا ڕێكەوتنێكی هەژدە خاڵی لەگەڵ پارتی واژۆكرد بۆ پێكهێنان‌و بەشداری كردن لەحكومەت كە ئەم پۆستانەی وەك جێگری سەرۆكی هەرێم‌و وەزارەتی دارایی‌و ئاوەدانكردنەوە‌و بازرگانی‌و پیشەسازی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی وەردەگرێت، لەگەڵ چوار بریكاری وەزیرو بەڕێوەبەری گشتی دیوانی پەرلەمانی كوردستان‌و دو بۆ سێ‌ نوێنەرایەتی دەرەوەی حكومەتی هەرێم‌و لەسەدا دوانزەی بەڕێوەبەری گشتی‌و ڕاویژكارەكان لەدامەزراوەكانی حكومەتدا دەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×