لە وڵاتانی کەنداو ژمارەی توشبوان بە کۆرۆنا بەرزدەبێتەوە
  2020-03-18       693       
ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە کوێت بۆ ١٤٢ کەس و لە سوڵتانشینی عومان بۆ ٣٣ کەس و لە سعوودیە بۆ ١٧١ کەس و لە قەتەر بۆ ٤٤٢ کەس و لە بەحرێن بۆ ٢٤٢ کەس و لە ئیمارات بۆ ١١٣ کەس، بەرزبوویەوە.

ئاوێنه‌: وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی کوێت، عەبدوڵڵا سنەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، هەشت حاڵەتی پەیوەندیدار بە ئەنجامدانی گەشت بۆ بەریتانیا و دوو حاڵەتی تێکەڵبوون لەگەڵ هەشت حاڵەتەکە و حاڵەتێکی گەشتکردن بۆ سویسرا، هەروەها حاڵەتێکی دیکەی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)ی راگەیاند.

عەبدوڵڵا سنەد ئاماژەی بەوەیشکرد، بەوەیش ژمارەی تووشبووان لە کوێت بەرزبووەتەوە بۆ ١٤٢ کەس.

باسی لەوەشکرد، ژمارەی ئەو کەسانەی کە تا ئێستا ماوەی کەرەنتینەیان تەواوکردووە، گەیشتووەتە ٥٧٣ کەس.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی تەندروستی سوڵتانشینی عومان رایگەیاند کە ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) لەو وڵاتە بەرزبووەتەوە بۆ ٣٣ کەس.

دوێنێ سێشەممە وەزارەتی تەندروستی سعوودیە بڵاویکردبوویەوە، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) لەو وڵاتە بەرزبووەتەوە بۆ ١٧١ کەس کە تا ئێستا شەشیان چاکبوونەتەوە و ئەوانەی دیکەش لەژێر چاودێری وردی تەندروستیدان.

هاوکات لیژنەی باڵا بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان لە قەتەر راگەیاند کە ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) لەو وڵاتە بەرزبووەتەوە بۆ ٤٤٢ کەس.

هەرلەوبارەوە ئاژانسی هەواڵیی فەرمی بەحرێن بڵاویکردەوە کە ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) لەو وڵاتە گەیشتووەتە ٢٤٢ کەس کە ٨١یان چاکبوونەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵیی فەرمی ئیمارات بڵاویکردەوە کە ژمارەی تووشبووان بە جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا (COVID-19) لەو وڵاتە بەرزبووەتەوە بۆ ١١٣ کەس.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×