نرخی نەوت بۆ سەرو 30 دۆلار بەرزبوەوە
  2020-03-20       901       

نرخی نەوت ئەمڕۆ هەینی بۆ سەرو 30 دۆلار بەرزبوەوە ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ ئەوەی كە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان پارەیەكی زۆریان بەگەڕخست بۆ بەرگرتن لەو پاشەكشە ئابورییەی بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هاتۆتەئاراوە و هەروەها دوای ئەوەش دێت كە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بەوەدا كە رەنگە لەكاتی گونجاو دەستوەردان لە شەڕی نرخەكانی نێوان سعودیەو روسیادا بكات.

ئاوێنە: بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ هەینی نرخی نەوتی خاوی برێنت لەسەدا 7.4 بەرزبۆتەوەو نرخی یەك بەرمیل گەیشتۆتە 30.59 دۆلار.

بەگوێرەی ئاژانسەكە لەگەڵ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا كە بۆتە هۆی راگرتنی بەشێكی زۆری چالاكییە ئابورییەكانی زۆربەی وڵاتانی جیهان، وڵاتانی دەوڵەمەند پشتیوانییەكی دارایی زیاتر بۆ بۆژاندنەوەی ئابوری خۆیان و جیهان خستۆتەگەڕ.

هەروەها ئاماژەی بەوەداوە كە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا دوێنێ پێنجشەممە رایگەیاندوە: لەكاتی گونجاودا دەستوەردان لە شەڕی نرخەكانی نێوان سعودیەو روسیادا دەكات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×