2020-03-21   531     
مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق، عەلی سیستانی جارێکی دیکە پشتگیری خۆی بۆ بڕیاری قەدەغەکردنی گردبوونەوە نیشاندا کە لە لایەن حکوومەتەوە وەک هەنگاوێک بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) راگەیەنراوە و ئاشكرایكرد، هەر کەسێک بە ئەنقەست ڤایرۆسە بگوازێتەوە “بکوژرە”.
ئاوێنە: بەرپرسی راپرسییەکان لە نووسینگەی عەلی سیستانی، عەلا ئەبو تابوک لە تۆمارێکی دەنگییدا رایگەیاندووە، مەرجەعی باڵا، عەلی سیستانی، پشتگیری قەدەغەکردنی گردبوونەوە دەکات کە لەلایەن دەوڵەتەوە راگەیەنراوە.
ئەبو تابوک راشیگەیاندووە، بەهۆی مەترسییەکانەوە باشترە هیچ گردبوونەوەیەک ئهنجام نهدرێت و سیستانی پێی باشە هەموو لایەک پابەندی بڕیارەکانی دەوڵەت بن.
ئەوەیشی روونکردووەتەوە کە هەر کەسێک پێشێلی بڕیارەکە بکات گوناهبار دەبێت و هەرکەسێک کە زانیاری هەبێ کە تووشی ڤایرۆسەکە بووە و بە ئەنقەست بڵاوی بکاتەوە “کوشتنی ئەنقەستە” و هەرکەسێکیش کە نەزانێت تووشبووە و بەهۆیەوە ڤایرۆسەکە بڵاوببێتەوە “کوشتنی هەڵەیە”.
پێشتر سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی کاربەڕێکەری عێراق، عادل عەبدولمەهدی فەرمانیدابوو بە هێزە ئەمنییەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ بەزەبری هێز بەسەر ئەو سەردانکەرانەی شیعە کە لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە روو لە بەغدای پایتەخت دەکەن.
بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە بەغدا لە کاتژمێر ٢٣:٠٠ی شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە چووە بواری جێبەجێکردنهوه و تاوەکو ٢٤ی ئادار بەردەوام دەبێت، بەڵام بێ رەچاوکردنی بڕیارەکە سەدان سەردانکهری شیعە لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بۆ سەردانکردنی مەزاری ئیمام موسا بن جەعفەر کازم روویان لە بەغدا كردووه.
رۆژی شەممە هاوکاتە لەگەڵ کۆچی دوایی موسا بن جەعفەر کازم، ئیمامی حەوتەم لە ١٢ئیمامی شیعە و ساڵانە بەو بۆنەیەوە هەزاران کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراقەوە سەردانی مەزارەکەی دەکەن لە شاری کازمییە باکووری بەغدا.
پێشتر عەلی سیستانی لە فەتوایەکدا داوای راگرتنی نوێژی هەینی و بەکۆمەڵ و سەردانکردنی مەزارگەکانی كردبوو وەک هەنگاوێک بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام پیاوانی دیکەی ئایینی لە سەروویانەوە موقتەدا سەدر داوایان لە خەڵكی کردبوو سەردانی مەزارگە ئایینییەکان بكهن.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، تا ئێستا ١٩٣ کەس تووشی بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) بوون کە لەو ژمارەیە ١٤یان گیانیان لەدەستداوە و ٤٩ی دیکەیان بە تەواوەتی چاکبوونەتەوە.