ئەبوبەکر هەڵەدنی: لەوەزیرەکانی هەرێمم بیستوە کەس بەنیازی ئەوە نەبێت پاشەکەوتی موچەکەی بدرێتەوە
  2019-03-09       2476       

ئەبوبەكر هەڵەدنی، پەرلەمانتاری یەكگرتو لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاند؛ لە وەزیرەكانی هەرێمی كوردستانی بیستوە كە هیچ موچەخۆرێك بەنیازی ئەوە نەبێت پاشەكەوتی موچەی بۆ بدرێتەوە.

ئاوێنە: ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی هەینیدا بڕیاری هەڵگرتنی پاشەکەوتی موچەی دا.

ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە بۆ دەنگی ئەمریكا باسی لەوە كردوە كە "یەکێک لە ناشرینیەکانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان ئەوەیە هەڵگرتنی پاشەکەوتی موچە دەکاتە مژدە و بۆ خەڵکی کوردستانی ڕادەگەیەنێت لە کاتێکدا ئەم سیستەمی پاشەکەوتە زۆڵمێکی گەورەیە لە خەڵکی کوردستان."

بەپێی قسەی هەڵەدنی هەڵگرتنی ئەو پاشەكەوتە لەئێستادا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هیچ پاساوێك نەماوە بۆ درێژەپێدانی چونكە "نرخی نەوت بەرزبۆتەوە، شەڕی داعش نەماوە، رێككەوتن لەنێوان بەغداو هەرێم كراوەو كورد بە قورساییەوە گەڕاوەتەوە بەغدا."

وتیشی"پارتی و یەکێتی دەیانەوێت بیکەنە دەستکەوتی خۆیان نەک ئەو هێزانەی بەشداردەبن لە حکومەتدا."

باسی لەوەشكرد كە هەڵگرتنی پاشەكەوتی موچە لەم كاتەدا لەوانەشە پەیوەندی بە ئاڵوگۆڕی نێوان سەرۆک وەزیرانی نوێ و کۆنەوە هەبێت و سەرۆک وەزیری کۆن دەخوازێت بیکاتە دەستکەوتێک بۆ خۆی.

سەبارەت بە ناردنی بودجەی تەواوی هەرێم هەڵەدنی باسی لەوە كردوە كە ئەوە پەیوەندی بە پابەندبوونێکی دو لایەنەی بەغدا و هەولێرەوە هەیە و وتوشیەتی"پێویستە حکومەتی هەرێم ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات و ئەوجا حکومەتی نێوەندی عێراق بەشە بودجەی تەواوی هەرێم دەنێرێت.

ئەبوبەکر هەڵەدنی پێی وانییە حکومەتی هەرێم ئەو پابەندبونە جێبەجێبکات. چونكە بەقسەی ئەو، ئەو نەوتەی لەڕێگەی تانكەرەوە دەفرۆشرێت دەگەڕێتەوە بۆ گیرفانی حزب.

سەبارەت بەدانەوەی موچە پاشەكەوتكراوەكان و ئەو بڕەی  كە لەموچە پاشەكەوتكراوە، ئەبوبەكر هەڵەدنی وتویەتی"من لە خودی وەزیرەكانی حكومەتی هەرێمم بیستوە كەس بە تەما نەبێت پاشەكەوتی موچەی بۆ بگەڕێنرێتەوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"چونكە حكومەت ئەگەر مەبەستی بوایە ئەو پاشەكەوتە بداتەوە بە موچەخۆران ئەوە ئەو پاشەكەوتەی رۆژانە لەڕێگەی قەرزی خانوبەرە، لە پارەی هاتوچۆ و خزمەتگوزارییەكانی ئاو و كارەباوە پاكتاو دەكرد."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×