خامنەیی بۆ ئەمریكا: ئێوە تۆمەتبارن بە دروستكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا
  2020-03-22       650       

عەلی خامنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەك بخاتەڕو، ئەمریكا بە "دروستكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا" تۆمەتباركردو وتی: دەوترێت بەشێكی ڤایرۆسەكە بەتایبەت بۆ ئێران دروست كراوە.

ئاوێنە: عەلی خامنەیی، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە وتەیەكدا كە راستەوخۆ لەلایەن تەلەفزیۆنی رەسمی ئێرانەوە پەخشكرا، پێشنیاری ئەمریكای بۆ هاوكاریكردنی وڵاتەكە لە روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا رەتكردەوەو وتی: ئەمە لە قسە سەیرەكانە... ئەگەر شتێكتان هەیەو دەستكراوەن، بۆ خۆتان بەكاری بهێنن.

رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە بەشێكی قسەكانیدا روی دەمی كردە ئەمریكاو وتی: ئێوە تۆمەتبارن بەوەی كە خۆتان ڤایرۆسەكەتان دروست كردوە. من نازانم ئەم تۆمەتە تا چەند راستە. بەڵام كاتێك ئەم تۆمەتە بونی هەیە، چ عاقڵێك متمانە بە ئێوە دەكات بێن و دەرمانی دەردەكەی بۆ بهێنن.

عەلی خامنەیی لەگەڵ بانگەشەكردن بۆ ئەوەی كە رەنگە ئەمریكا بەنیازی ناردنی دەرمانێك بێت بۆ ئێران بە مەبەستی "زیاتر بڵاوكردنەوەی نەخۆشییەكە" یاخود بۆ "بەردەوامیدان بە ڤایرۆسەكە"، وتیشی"دەوترێت بەشێكی ڤایرۆسەكە بەتایبەت بۆ ئێران دروست كراوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×