ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی هاوڵاتیان دڵنیا دەکاتەوە لەهەبونی خۆراکی پێویست
  2020-03-22       681       
ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی سەرجەم هاوڵاتیان لەهەرێمی کوردستان ئاگادار دەکاتەوە لەپێویستی مانەوەیان لەماڵەکانی خۆیاندا لەئێستادا، پەلە نەکەن لەکڕینی پێداویستییە خۆراکیەکان.

ئاوێنه‌: هەموو هاوڵاتیانی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە خۆراک‌و هەموو پێداویستییە سەرەکیەکان لەتەواوی کۆگاکانی خۆراکدا دەستەبەرەو هیچ کەموکورتییەکمان نیە، لەدەروازەکانی ام قصر، بەندەر عەباس کاڵاو شتومەکی خۆراکی هەن‌و بەڕێوەن بۆ هەرێمی کوردستان، پەیوەندیمان بەنوسینگەی سەرۆک کۆماری عێراق-ەوە کردووە دەربارەی ئەو بارانەی لەبەندەری ام قصر بۆ ئەوەی بەزوترین کات بەڕێدەخرێن.

ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئاگادارتان دەکات لەوەی رۆژانە بەپێی ڕێنماییە تەندروستییەکان‌و پشکنین، دەیان کۆنتێنەر خۆراک دێتە شاری سلێمانی‌و دابەش دەکرێت بەسەر تەواوی هەرێم‌و عێراق.

بۆیە داوا لەسەرجەم هاوڵاتیان دەکەین لەماڵەکانی خۆیاندا بمێننەوەو پابەند بن بەرێنماییە تەندروستیەکان‌و لەماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە. 

ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی‌و قایمقامیەتی سلێمانی سەرقاڵی دانانی میکانزمێکە بۆ چۆنیەتی گەیاندنی خۆراک‌و پێداویستی سەرەکی بۆ سەرجەم گەڕەک‌ەکانی ناو شارو شارۆچکەکان، تا هاوڵاتیان خۆیان بپارێزین لەهاتنە دەرەوەو بەریەککەوتن، دڵنیاشتان دەکەینەوە هەموو جۆرە کاڵایەک لەکۆگاکاندا بوونی هەیە.

بەهیوای تەندروستیەکی باش بۆ هەموان.
راگەیاندنی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی

 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×