زەریف: ئەمریکا رێگری لە خەباتی نێودەوڵەتی دژبە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات
  2020-03-23       433       

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمریکای بە رێگریکردن لە خەباتی نێودەوڵەتی دژبە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) تۆمەتبار کرد.
 
ئاوێنه‌: وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر روونکردەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا خۆشحاڵی خۆی بەرامبەر بانگەوازەکانی تایبەت بە هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران دەربڕیوە.

محەمەد جەواد زەریف نووسیویەتی ''گەلی ئێران، ستایشی سەرۆکی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و حکوومەتی ئەو وڵاتانە دەکات کە بەشداربوون لە هەڵمەتە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە بانگەشەکردن بۆ هەڵگرتنی سزا نایاساییەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران، بەڵام ئەمریکا گوێ ناگرێت و رێگریش لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) دەکات. تاکە چارەسەر ئەوەیە دژبە رێگای سزادانی بەکۆمەڵی ئەمریکا بوەستینەوە''.

تا ئەمڕۆ هەزار و ٦٨٥ کەس لە ئێران بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و ۲۱ هەزار و ٦۳٨ حاڵەتی تووشبوونیش تۆمارکراوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×