به‌ریتانیا دیپلۆماتێكی به‌هۆی كۆرۆنا-ه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستدا
  2020-03-26       259       

ستیڤن دیك جێگری باڵێۆزی به‌ریتانیا له‌ بۆدابست-ی  ھەنگاریا   گیانی له‌ده‌ستدا به‌هۆی تووشبوون به‌ كۆرۆنا ڤایرۆسه‌وه‌.

ئاوێنه‌ - لوقمان غه‌فوور: رۆژنامه‌ی ئیندیپێندنت بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ دیك له‌ته‌مه‌نی 37 ساڵیدا پاش چه‌ند رۆژێك مانه‌وه‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌.

به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا كه‌ ئه‌مڕۆ 26ی مارچ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ دیك كه‌ یه‌كێك بوو له‌ دیپلۆماته‌ دڵسۆزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی هه‌ر بۆیه‌ دۆمێنێك راپ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا به‌بۆنه‌یه‌وه‌ وتی:"هاوڕێیه‌كی دڵسۆز و كه‌سێكی به‌توانامان له‌ده‌ستدا".

دیك له‌ساڵی 2008ه‌وه‌ له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ كارده‌كات، پێشتر كاری دیپلۆماتی له‌ ریاز-ی سعودیه‌ و كابۆل –ی ئه‌فگانستان كردووه‌ و له‌ پایزی رابردووه‌وه‌ له‌ بۆدابست ده‌ستی به‌كاره‌كانی كردووه‌ ئه‌ویش دوای دوو ساڵ له‌ خوێندنی زمانی ھەنگاری به‌شێوه‌یه‌كی چڕوپڕ.

هه‌فته‌ی پێسشوو له‌ دوای گه‌شتێكی بۆ مه‌كسیك و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ بۆدابست، له‌ نامه‌یه‌كیدا له‌ سۆشیال میدیاوه‌ هه‌واڵی ئه‌وه‌ی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تووشی كۆرۆنا ڤایرۆس بووه‌. تا رۆژانی دوایی هه‌فته‌ی پێشوو چاره‌سه‌ری بۆ كراوه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی بۆدابست، به‌ڵام له‌ناكاو دۆخی ته‌واو تێكچووه‌ و له‌ژێر چاودێری ورددا بووه‌.

دایكی و باوكی هه‌ریه‌ك له‌ كارۆل و ستیڤن بۆ ئیندیپێندنت ده‌ڵێن:"كوڕه‌ به‌تواناكه‌مان له‌ده‌ستدا و به‌راستی دنیا له‌ كاره‌ساتدایه‌".

كۆرۆنا ڤایرۆس گروپێكن له‌ ڤایرۆسه‌ درمییه‌كان و ئه‌توانن ببنه‌ هۆی زیانگه‌یاندن به‌ كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌، له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندی ڤایرۆس "سارس"ی ئاساییه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ كه‌ بۆ ساڵی 2002 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئه‌م ڤایرۆسه‌ به‌به‌رده‌وامی خۆی نوێده‌كاته‌وه‌، تا له‌ ئه‌نجامدا له‌دیسێمبه‌ری 2019 ڤایرۆسێكی نوێ-ی كۆرۆنا سه‌ریهه‌ڵدا به‌ناوی "سارس – كۆرۆنا ڤایرۆس 2" له‌شاری وۆهان-ی كه‌رتی هێبی وڵاتی چین. تا رۆژی 26ی ئادار له‌ به‌ریتانیا 9529 كه‌س تووشی نه‌خۆشییه‌كه‌ بوون و 456 كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×