بانگەشەیەکی خامنەیی لە بارەی کۆرۆناوە به‌ ڕه‌تده‌كرێته‌وه‌
  2020-03-26       487       

عەلی رەزا رەئیسی، یاریدەدەری وەزیری تەندروستی ئێران  ئەو بانگەشەیەی عەلی خامنەیی ڕه‌تده‌كاته‌وه‌ کە ئەو ڤایرۆسەی لە ئێران بڵاوبووەتەوە جۆرێکی دروستکراوی کۆرۆنا بێت.

ئاوێنه‌: عەلی رەزا رەئیسی، یاریدەدەری وەزیری تەندروستی ئێران  لەڕێی ڤیدیۆکۆنفڕانسەوە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی هەواڵی فارس دا و رایگەیاند: “ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چینەوە هاتووەتە ئێران. هەندێک لە راگەیاندنەکان دەیانەوێت وا نیشانی بدەن کە ئەو کۆرۆنایەی لە چین هەیە جیاوازە لەو کۆرۆنایەی لە ئێران هەیە. بەڵام ئەمە راست نییە، ئەو ڤایرۆسەی لە چین و ئێران بڵاوبوەتەوە هەردووکی هەر ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) یە”.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر رابەری ئایینی ئێران عەلی خامنەیی لە وتارێکیدا کە بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە لە ٢٢ی ئاداردا لە کەناڵی فەرمی حکوومەتی ئێرانەوە پەخشکرابوو باسی لەوە کردبوو کە پێدەچێت ئەو کۆرۆنایەی لە ئێران بڵاوبووەتەوە ڤایرۆسێکی دەستکرد بێت و بەشێوەیەک دروست کرابێت کە لەگەڵ جیناتی ئێرانییەکاندا بگونجێت.

بەپێی ئەو ئامارانەی وەزارەتی تەندروستی ئێران بڵاوی کردونەتەوە تا دوێنێ دوو هەزار و ٧٧ کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە و ٢٧ هەزار و ١٧ حاڵەتی توشبوونیش تۆمارکراون.
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×