ئاسایشی سلێمانی کەسێکی به‌ تۆمه‌تی گاڵته‌کردن بە هێڵی گەرمی ١٢٢ ی تەندروستی ده‌ستگیركرد
  2020-03-26       625       

ئاسایشی سلێمانی کەسێک دەستگیر دەکات کە بۆ گاڵتەپێکردن پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ١٢٢ ی تەندروستی کردوە کە بۆ مەبەستی پاراستن و پشکنینی هاوڵاتیان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا پێکهێنراوە.

ئاوێنه‌: بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند: پاش ڕەچاوكردن و ماندوبونی كارمەندانی هێڵی گەرمی تەندروستی هەرێم كە شەوو ڕۆژیان خستۆتە سەریەك  بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتیان و پاراستنیان لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم دۆخە مەترسیدارە و بەدەنگەوەهاتنی ئەو هاوڵاتیانەی كە پەیوەندیان پێوەدەكەن و  بە فریایان دەكەون ،

شەوی 24/3/2020  كەسێك بەناوی ( ا ، ا ، ح ) لە دایكبووی 2003 دانیشتوی دوكان پیشە بێ كار پەیوەندی كردووە بە هێڵی گەرمی تەندروستی (122) وتوێتی من لە وڵاتی ئێران هاتومەتەوە و هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنام ، پاش بەدەنگەوەچونی كارمەندانی تەندروستی كەپەیوەندی پێوەدەكەنەوە هەمان كەس خۆی لێكردون بە ئافرەت ، كارمەندانی تەندروستی بۆیان دەردەكەوێت كە كەسی ناوبراو درۆ دەكات و بۆ گاڵتەپێكردن ئەم كارەی كردووە ، پاشان لە لایەن هێڵی گەرمەوە ئاگاداری هێزەكانمان دەكرێتەوە  ، پاش وەرگرتنی فەرمانی دادوەر كەسی ناوبراو دەستگیر دەكرێت بە ماددەی ( 2 )  لە یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی، پاش لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا ناوبراو دانی نا بەتاوانەكەیدا و پەشیمانی دەربڕی و داوای لێبوردنی كرد لە كارمەندانی تەندروستی و داوایكرد كە كەس ئەم كارە قێزەوەنە دووبارە نەكاتەوە چونكە ئەو كارمەندانە لە خزمەت هاوڵاتیاندان بۆ ڕوبەڕوبونەوە و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ناهەموارە  وە تۆمەتبارەكە ڕوبەڕوی یاسا كرایەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×