ئۆجەلان بەمنداڵیی چۆن ژیا؟
  2020-03-26       1368       

ئا: هەژارجمال

 


"لەمنداڵیدا لەمن بەستەزمانتر نەبوو"!

عەبدوڵا ئۆجەلانی سەرکردەی مێژوویی پەکەکەو کورد، بەم دێڕە گوزارشت لە سەردەمی منداڵی خۆی دەکات.
ئۆجەلان، کە ساڵانێکە یەکێکە لەسەرکردە هەرە ناودارەکانی کورد لەئاستی جیهاندا باس لەوە دەکات رۆژگاری منداڵی‌و هەرزەکاری پڕ لەکوێرەوەری‌ بوەو بواری بۆ نەڕەخساوە لەگەڵ منداڵەکانی هاوڕێیدا گەمە بکات.

 

لەمنداڵیمەوە حەزم دەکرد بەکۆمەڵ رێبکەین
ئۆجەلان باس لەوە دەکات لەمنداڵییەوە خولیای رێکخستنی‌‌و ئەنجامدانی چالاکی بوە، ئەو دەڵێ "لەمنداڵیمەوە حەزم دەکرد بەکۆمەڵ رێبکەین، زۆر حەزم لەچالاکی‌و گەمە دەکرد، یەکێک لەهۆکارەکانی ئەمەش کۆکردنەوەو رێکخستنی منداڵانی گوند بوو، ماندوبونێکی زۆرم دەچێشت، تاکو بتوانم بەناوی گەمە کردنەوە کۆیان بکەمەوە، گەمەیەکی زۆرم دەخستە بەردەستیان بۆ ئەوەی هەرهەموومان بەگوێرەی ویستی خۆمان یاری بکەین، بەشەوو ڕۆژ نەمدەهێشت بێجوڵە بن‌و لەمبارەیەوە لەناو گوندا ناوم زڕا بوو، هەمویان منداڵەکانیان لێدەشاردمەوەو بەیەکیان دەگوت منداڵەکانتان ڕادەستی ئەمە مەکەن، ئۆجالان دەڵێ بەویستی خۆم‌و بەگوێرەی دڵی خۆم بوارم بۆ نەرەخسا لەگەڵ منداڵەکاندا گەمە بکەم".
دەشڵێت "کاتێکش دەچومە شاخ زۆر دەمامەوەو باڵندەم راو دەکرد، باڵندەیەکی زۆریش لەئارادا نەبو تاوەکو ڕاو بکرێت، بەڵام  من شارەزا ببوم، دێتەوە یادم چەند باڵندەیەکم لەئاسمانەوە پێکا، هەندێکجاریش داوم دەنایەوەو سوێسکەشم ڕاودەکردو خۆشم دەمبرژاند، ئەمەش سەرنجی منداڵەکانی تری ڕادەکێشاو منیش یەکی پارچەیەک گۆشتم دەدانێ".

 

یەکەم چەک کە بینم
ئۆجەلان دەڵێت "هاوسێیەکمان هەبو کە من بەدیقەت گرتبوم لەمن گەورەتر بو، تفەنگێکی هەبو هی سەدەی نۆزدە بو، ساچمەی تێدەکردو دواترباروتی تێدەکرد ئینجا دەیتەقاند، ئەمە یەکەم چەک بو کە من بینیم، من زۆرلەو چەکە حاڵی نەبوم، بەس دەمزانی ئەو چەکە دەیکردە خاوەن هێز".

 

لەمندا خۆشەویستی نیشتیمان هەبو
ئۆجەلان لەباسکردنی ژیانی منداڵیدا ئاماژە بەوە دەکات کە سەرباری ئەوەی کەسانی دەیکە خوازیاری بەجێهێشتنی زێدو گوندەکانی خۆیان بون، ئەم زیاتر هۆگری ئەو خاک‌و نیشتمانە سروشت جوان‌ پڕ لەچەرمەسەری‌و نەهامەتییە بوە، ئەو دەڵێت "لەمندا خۆشەویستی نیشتیمان بەهێزە، هەروەکوچۆن فێربوم لەگەڵ سروشدا بژیم، پێشموایە ناتوانم ئەمە بەسانایی  لەبیربکەم، هیچ بیزارنەدەبوم لەو خاکە سوتاوو قڵیشاوەدا، هەرچەند گوندنشینەکانی ئەوکاتە هەڵدەهاتن‌و منیش نەفرەتم لێدەکردن‌و بیرم دەکردەوە کە ئەو مرۆڤانە دەدۆرێن، زێدو وڵاتی خۆیان بەجێدەهێڵن‌و چۆڵ دەکەن".

 

 کۆترێکم سزا دا کە لە گروپەکەی جیا بوەوە
ئۆجەلان ئاماژە بەوە دەکات تەنانەت لەنێو کۆترەکانیدا یەکێکیان وازی لەگروپەکەی هێناوە، ئەمیش لێی قبوڵ نەکردوەو بەخیانەتی زانیوەو سزای داوە، ئەو دەڵێت "کۆترەکانی من زۆر سروشتیانە تێکەڵی کۆترەکانی دراوسێیکەمان دەبوون، بەڵام کۆترێکم هەبو لەگەڵ کۆتری دراوسێکەماندا دەفڕی، ئەمەی سێ‌و چوار جار دوبارە کردەوە، بەگوێرەی من ئەمە خیانەت بوو، بۆیە کۆترەکەم گرت‌و پەڕوباڵیم دەرهێناو روت‌و قوتم کردەوەو لەسەربان بەڕەڵام کرد، پێموت ئێستا بفڕە، شێوازێکی تۆڵە کردنەوەی لەوشێوەم هەبوو. وام لەو کۆترە کرد، تەنها تاوانی ئەو ئەوە بو وازی لەگروپەکەی خۆی هێنا بوو، دەچو لەگەڵ گروپێکی تردا دەفڕی، من ئەمەم وەک خیانەت دەبینی".

 

دایکم ئاغای ماڵەوە بو
ئۆجەلان ئاماژە بەوە دەکات کە لەنێو ڤێزانەکەیدا دایکیان ئاغای ماڵەوە بوەو دەسەڵاتی لەباوکی زیاتر بوە، ئەو دەڵێت "منداڵ بوم شەڕم بو، سەریان شکاندم، بەگریانەوە چومە لای دایکم. دایکم لێم توڕە بو، وتی نایەیتە ماڵەوە تا نەچیت تۆڵەی خۆت بکەیتەوە! دایکم ئاغای ماڵەوە بو بەمنی دەوت ئاوا شەڕمەکە ئاوا بیکە، من ئەوەی ئەو دەیویست نەمکرد، چونکە ئەگەر لەسەر ویستی ئەو بچومایە بۆ شەڕ کردن دەمزانی لێم دەدەن، دواتریش وەک شەڕکەرەکانی ئێستا دەبوایە بمگوتایە ئێرەمیان شکاند، ئەوێمیان شکاند. بۆیە دەرگایەکمان هەبوو بەهۆی ئەوشەڕانەوە لەگەڵ دایکم دەهاتنە ئاراوە دەرگاکە هەمووی قوپا بوو، هەرکەس دەرگاکەی ببینیایە پێدەکەنی‌و دەیگوت ئەمە چیە؟ من دوای شەڕ کردن دەهاتمە ماڵەوە، دایکم دەستی دەکردە بینەقاقم بەرزی دەکردمەوەو دەیگوت تۆبە بکە، بەتەواوی ملی دەگوشیم‌و کەمێکی دەما بمخنکێنێ. منیش لەبێچارەیدا تۆبەم دەکرد. هەندێکجاریش دەرگای لێدادەخستم، منیش تا لەتوانامدا بوایە لەدەرگاکەم دەدا، بۆیە دایکم دەیگوت کەس دەرەقەتی ئەمە نایەت، کەس ناتوانێ خۆی پێوە خەریک بکات. ئەوەی دایکم دەیویست بەدەستی نەخست، منیش ئەوەی لەدایکمم دەویست، بەدەستم نەکەوت، زۆر بەیەکەوە نەژیاین، بەڵام هەرساتێکمان زۆر دژوار بەسەرچوو. ئەو بەگوێرەی خۆی منی بەباشی نەناسی منیش بەگوێرەی  خۆم هەوڵمدەدا لەو حاڵی بم. بەڵام دایکم باشترین قوتابخانەی من بوو".

 

باوکم رێبەرایەتی بۆ نەدەکرا
ئۆجەلان ئاماژە بەوە دەکات کە باوکی بێدەنگترین پیاوی گوندەکەیان بوەو هەستی بەبێهێزی زۆی کردوە، ئەو دەڵێت "باوکان بۆمنداڵەکانیان ڕێبەرن، لەلای منیش باوکم رێبەرم بوو، بەڵام نەیدەتوانی ئەم کارە بکات، هۆی رێبەرایەتی کردنم لەماوەیەکی کورتدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کەموکوڕییەی باوکم، ئەوکات چی دەبێت باوکی منیش وەکوباوکی خەڵکی ڕابەرایەتی بکات‌و ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە، هەرئەوەش بو هەوڵم دەدا لەمنداڵیەوە ببم بەڕێبەر، دەمگوت ئەم باوکە ئیدارەی ئێمەی پێناکرێت‌و لەڕەوشێکی ناخۆشدایەو زۆربەستەزمانە. جارێکیان باوکم شەڕی بوو، کابرایەک خستبویە ژێرخۆی، باوکم هاواری لەخوشکەکەم دەکرد دەیوت چەقۆم بۆبێنەو داوی چەکی دەکردو دەیوت ئاپۆ چەک بێنە، ئەگەر بۆشمان ببردایە نەتدەتوانی بیدەیتێ، چونکە ئەو لەژێرەوە بو، کابرا لەو زاڵتر بوو دەستی گرتبوو، من شەرمم لەم دیمەنانە دەکرد، دواتریش وتم من نابێت شەڕی لەو شێوەیە بکەم، ئەگەر سەرکەوتنی باشم نەبێت، ئەگەرهێزێکی باشم نەبێت، هەمووشتێکم نەدەکرد ئەگەرتوانام نەبێت بۆچی شەڕێک بکەم کە بەرەو مردنم بەرێت؟. باوکم لەدوای هەرشەڕێکدا دەیووت: ڕاکە، وا شەڕیان لەگەڵ بکە... وا جوێنیان پێ بدە... من وەک باوکمم نەکرد، ئەگەروەک ئەوم بکردایە لەمێژە مرد بووم".
دەشڵێت "باوکم بێدەنگترین پیاوی گوندەکە بوو، کەسێکی دینداربو، دەتوانم بڵێم سەرەڕای بێدەنگی و هەژاری و بێ هێزیەکەی لەپێناو هەندێک بەهادا ژیا، گەربڵێم کاریگەری نەبووە بەسەرمەوە بێ نمەکیە! ئەوهەستی بەبێهێزی خۆی دەکرد، باوکم لەڕەوشێکدا نەبوو کە بتوانێت وەک باوکی خەڵکی زۆرئامۆژگاری ئەولادی بکات، باوکم حاڵی شڕبووبەدەست منەوە.هێشتا لەیادمە لەژیر سێبەری دارێکدا لەگەڵ چەند کەسێک دانیشتبوون ئیشارەتی منی کردو پێیووتن کەس دەستی بۆ نەبات، لەناوچەوانی فەتح نوسراوە، من واهەستم دەکرد، ئەوقسانەی لەئاکامی  هەڵسوکەوت‌و بەدەست خستنی چالاکیەکانم ئەو وای دەووت، زۆرکارم نەدەکرد، بەڵام کە کارێکم بکردایە زۆر بەپاکژی دەمکرد، لەوانەیە هەرئەو شێوازی کارکردنەم کاریگەری کردبێتە سەر باوکم".

 

پلانم بۆ داهاتو هەبو
ئۆجەلان ئەوەش دەگێڕێتەوە کە رۆژێکیان چووەتە ناو باخچەی فستقی کابرایەک کەهی خزمێکی دوریان بووە، بەدزییەوە فستقی کۆکردوەتەوە، کابرا هاتوەو خۆی پێگەیاندوەو زلەیەکی لێداوە، ئەمیش تەنها توانیویەتی پێیبڵێت "خۆم دەزانم ڕۆژێک لەڕۆژان چیت لێ دەکەم!"
ئۆجەلان دەڵێت 'لەوکاتەوەهزری ئەوەی لەداهاتودا شتێکی بەسەربهێنم لەلام گەڵاڵە ببو".


لەناوچەکەماندا خوێن تێکەڵی ئارەقی نێوچەوان دەبێت
ئۆجەلان سەبارەت بەسەختی ژیان لەناوجەکەیان دەڵێت "لەوسەردەمەدا ئاو بەگۆزە دەگوازرایەوە بۆماڵەوە منیش هەوڵم دەدا ئاو نەڕێژم، کاتێکیش گەرمای نیوەڕۆ دەبو ناڕەحەتییەکی زۆرمان دەچێژت، بۆ خۆ فێنک کردنەوە، ئەوکات هەموو ئارەزوم ئەوەبو کە جامێ ئاو لەگۆزەکە بخۆمەوە، جامیش خۆڵاوی‌و ئاوەکەش هەندێک سوێر بوو.. من هەندێک  جار کرێکاریشم دەکرد، کارکردن لەناو دەغڵداو دروێنەکرنیش ، دروێنە کارێکی گرنگ‌و پێویستی ئێمە بوو، دروێنەم دەکرد، بەڵام زۆر جار دەمووت نابێت تەمەنێکی زۆر بەدروێنەوە بەسەرببرێت، جارێک چووم بۆ پەموو کۆکردنەوە، لەوکارەدا من سەختی ژیانم بینی، کە خوێن تێکەڵی ئارەقی نێوچەوان دەبێت، لەویدا حاڵی بووم کە رەنج چیەو بەڕەنجەوە ژیان چۆن دەگوزەرێت".

 

لەگەڵ خوشک‌و براکانم لەشەڕدا بوم
ئۆجەلان سەبارەت بەپەیوەندی لەگەڵ خوشک‌و براکانی، دەڵێت "لەگەڵ براو خوشکەکانمدا شەڕم دەبوو، بیگومان هەربراو خوشکن، من زەحمەتێکی زۆرم دەکردە سەریان کە دەچوین بۆدروێنە، یەکسانیم لەنێوانیاندا پەیڕەو  دەکرد، پێمدەوتن دەبێت کاربکەن، جارێکیان کارێکی زەحمەتم دا بەسەرخوشکەکەمدا زۆرپێی ناڕەحەت بوو وتی: تۆ تەنها بەمن دەوێریت".
دەشڵێت "من دەمویست لەناو ماڵەکەی خۆماندا دەسەڵاتم تاقی بکەمەوە، بەڵام لەسەربناغەیەکی ڕاست، من لەگەڵ براکەشمدا هەروا بووم، ترسی داگیرکردنی میراتمان لێ نیشتبوو، وابزانم لەئەنجامیشدا هەندێ زیادی برد، برایەکم نەیدەتوانی بەرێک‌و پێکی سواری گوێدرێژیش بێت، ئێمە بەدوو برا قاچیمان بەرز دەکردەوە سواری گوێدرێژەکەمان دەکرد، زوو زووش خۆی نەخۆش دەخست‌و دەیویست خزمەتی بکەین، منیش ئەمەم پێ قبوڵ نەدەکراو پێموایە لەسەر هەق بوم. نەنکم دەیووت هەست‌و ئاستی ناموسی ئەم منداڵە زۆر ترسناکە هۆکاری ئەوە بو کە من لەگەڵ حەسەن بینداڵ هاورێیەتیم دەکرد کە خێزانەکەمان لەگەڵ یەکتر دوژمن بون، هەتا جارێکیان دایکم کە منی بینی لەگەڵ حەسەن بینی وتی ئەم بێناموسە برادەری لەگەڵ منداڵی دوژمنەکەمان دەکات، بۆچی من ئەو پەیوەندییەم بەنهێنی ئەنجامدا؟ من لەمنداڵیەوە خەباتم بۆ یەکریزی دەکرد، لەمنداڵیەوە دەمویست شێوازی فیوداڵی تێكبشکێنم".


لەسەرەتاییەوە تا زانکۆش مامۆستاکان منیان بەنمونە دەهێنایەوە
ئۆجەلان دەڵێت "ئەوکاتە کێشەی کورد بۆ من دەستیپێکرد کە ڕۆژانە لەگوندی خۆمانەوە پێنج کیلۆمەتر بەپێ بۆ قوتابخانەی سەرەتایی گوندی جەبین-ی دراوسێ دەڕۆیشتم بۆ ئەوەی بخوێنم‌و لەقۆناغی سەرەتایدا فێری نوسینی ناوم‌و پاش ناومیان کردم... هێشتا لەیادمە کە بۆیەکەمجارهەستام‌و چومە بەردەم تەختەڕەشەکەو مامۆستا وتی ناوی خۆت‌و پاش ناوت بنوسە، منیش بەجوانی وشەکانم ڕیز کردو نوسیم. .من هەرلەو قۆناغەدا هەموو هەوڵ‌و کۆششەکانم لەپێناو یەکەمی پۆلدا بوو، لەسەرەتای قوتابخانەم تا زانکۆش هەموومامۆستاکان منیان بەنمونە دەهێنایەوە، منیش ئەوەی فێر دەبوم دەمخستە بواری پراکتیکەوە. هەرلەوقۆناغەدا گروپێکی بچوکی خوێندکار بوین ژمارەمان 10 کەس بوو، هەموویانم هێنایە سەر ڕێی ڕاست‌و یارمەتیەکی زۆریانم دا تابخوێنن. هەوڵم دەدا من ئەوان بەرم بۆقوتابخانە، توانیم نوێژ بەهەموویان بکەم‌و لەکاتی چونمان بۆ خوێندنگەو لەهەندێ شوێنی باراناویدا دەستنویژمان هەڵدەگرت‌و پێش نویژیم بۆیان دەکرد".

 

ببوم بەئیمام
ئۆجەلان دەڵێت "لەقۆناغی سەرەتایدا ببومە ئیمامێکی باش، خووم دابوە دین‌و نوێژکردنیشم بەجدی وەرگرتبوو، ماوەیەک لەم مەسەلەیە چڕ بومەوە، دەتوانم بڵێم بەشێوەیەک بەرزبومەوە کە شان بدەم لەشانی مەلای مزگەوتی گوندەکەمان، هەروەها لەڕێگەی لەبەرکردنی  سورەتەکانی قورئانەوە توانیم هۆشیاری ئاینی بەدەستبێنم، بۆیە 33 سورەتی کورتم لەبەرکرد، نوێژەکانیشم زۆربەی لەمزگەوت‌و لەنزیک میمبەری ئیمامی مزگەوتەوە دەکرد، ڕۆژێک ئیمامی مزگەوتی گوند پێیوتم عەبدوڵلا بەمجۆرە بەردەوام بیت دەفڕیت، بەم جۆرە لەناو کۆمەڵگەی نەریتیدا پێگەی بەرچاوم بەدەستهێنا بوو. هێشتا لەیادمە لەژێر سێبەری دیواری مزگەوتەکە بوین، من هەر قسەم دەکرد کابرا پیرەکەش سەری باداو گوتی کوری خۆم ئێمە وەک کۆتەر دار واین تۆ چۆن دەتوانی ئەم کۆتەرەدارە سەوز بکەیتەوە".

 

نامەوێت خیانەت بکەم لەئەندێشەکانی منداڵیم
ئەم قۆناغانەی  ئۆجەلان لەمنداڵیدا پێیدا تێپەڕیوە کاریگەری گەورەی لەسەرژیانی هەبووە بۆیەدەربارەی ژیانی مرۆڤ‌و خەونەکانی منداڵی دەڵێت "مرۆڤ دەبێت بەرامبەر بەخۆی ڕاستگۆ بێت"!
دەشڵێت "نابێت خیانەت لەمنداڵیەتی بکرێت، ئایا دەزانن لەڕاستیدا ناکۆکییە گەورەکان چین؟ دەستپێکردنی قۆناغی گەورە بونە بەخیانەت کردنەوە بەرامبەر بەئەندێشەکانی منداڵی، من نامەوێت خیانەت بکەم، ئازادی بەو شێوەیە دەستپێدەکات، هیوای منداڵی هیوایەکی پیرۆزە، هیوایەکی ئاشتیانەیە، پابەند بون بەو ئاواتەوە پەیوەندیەکی رۆحی پتەوە".


سەرچاوە:
١. داستانی ژیانەوە، چاوپیکەوتنی ئۆجەلان، یاڵچین کوچەک
٢. مانفیستۆی شارستانیتی دیموکراتیک. ب.پنجەم. ن.ئۆجەلان
٣. ئیترچالاکی دەدوێت.چیرۆکی گەریلایی .ن.کۆمەڵێک نوسەر

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×