زاناو پرۆفیسۆرەکەی روداو کێیەو چی گوت؟
  2020-03-27       5224       
کرەیگ کۆنسیدەن

ئارام رەفعەت

 

رۆژی ٢٢ی ئاداری ٢٠٢٠ کەناڵی روداو لە بەرنامەی یەک هەواڵدا باسێکی حەماسەئامێزی بەناوی "لە ئەمەریکا باسی چارەسەرەسەرەکەی پێگەمبەری ئیسلام دەکەن بڵاو کردەوە. لەبەرنامەکەدا گوایە لە گۆڤارێکی بەناو بانگی ئەمریکادا زانا و پرۆفیسۆرێکی کریستیان باس لە رێگاچارەسەرەکەی پێغەمبەری ئیسلام دەکات. ئەم بابەتەی بەندە لە دوو بڕگە پێکهاتووە. بڕگەی یەکەم "ناساندنی زانا و پرۆفیسۆرە" ئەمریکییەکەی روداوە و بڕگەی دووەمیش وەرگێڕانی دەقی نوسینەکەی ئەو "زانا و پرۆفیسۆرە"یە.

 

زانا و پرۆفیسۆرەکەی روداو کێیە؟
ئەو کەسەی روداو وەک سەرچاوەی داستانەکەی بەکاری هێنا کورێکی گەنجە بەناوی کرەیگ کۆنسیدەن، کە بەرەگەز ئایریشی و هاوڵاتی ئەمریکییە. ئەم گەنجە تازە لە زانکۆ تەخەروجی کردووە و پێی ناوەتە ناو جیهانی ئەکادیمییەوە. یەکەم توێژینەوەی ئەم گەنجە لە ساڵی ٢٠١٧دا بڵاوکراوەتەوە، کە بابەتێكی ژۆڕناڵی بوو لە ژۆرناڵێکی سویسری دا بڵاوکراوەتەوە بەناوی رادیکاڵیزە بوونی ئیسلام لە ئەمریکادا زۆرترین سایتەیشنی بابەتەکانی ئەویش هەر ئەم بابەتەیەتی. ئەم گەنجە چەند وردە توێژینەوەی تری هەیە، ئەوتوێژینەوانەشی کەکەمێک ئیعتباری ئەکادیمییان هەبێت لەپەنجەکانی یەک دەست تێناپەڕن. وەکو پیشەش ئەم گەنجە وانەبێژە و بەهیچ شێوەیەک نەنازناوی پرۆفیسۆری هەیە و نە یاریدەدەری پرۆفیسۆر و نە هیچ موئەهەلێکی تێدایە تا لەم زوانەدا ببێتە پرۆفیسۆر.
بۆ ئەوەی نەڵێن غەدر لەم گەنجە دەکەیت کە روداو بە زانا و پرۆفیسۆر ناساندی، پێوەرێکی موعتەبەر هەیە کە هەموو کەسێکی سادەش ئەکسێسی بۆی هەیە و دەتوانێت بیبینێت ئەویش گوگڵ سکۆلارە. گوگڵ سکۆلار هەموو ئەو توێژینەوە ئەکادیمیەکانی هەموو توێژەرێک ریکۆرد دەکات و ژمارەی ئەو سایتێشنانەش (بەکارهێنانی توێژینەوە وەک سەرچاوە) ریکۆرد دەکات کە بۆ توێژینەوەکانی کراون. گوگڵ سکۆلار هی ئەو گەنجەشی ریکۆرد کردووە. دەزانن ژمارەی سایتەشنەکانی ئەم گەنجە چەندن؟ تەنها ٦٢ سایتەیشنن. ئەم ژمارە سایتەیشنە لە ئەکادیمیادا بەشی ئەوە ناکەن کە کەسەکە وەک ئەکادیمییەکی موعتەبەر هەژمار بکرێت چ جای ئەوەی "زانا" وەک روداو ناساندی. بۆ ئەوەی وێنەکە رۆشنتر بێت، روداو ناوی کەسێک دێنێت بەناوی ئەنتۆنی فۆسی (روداو بەهەڵە وەک ئەنتۆنی فۆجی ناوی هێنا) وەک پسپۆری نەخۆشییە گوازراوەکان.ئایا دەزانن ئەنتۆنی فۆسی چەند توێژینەوە و چەند سایتەیشنی هەیە؟ گوگل سکۆلار ٢٤٤١ توێژینەوەی فۆسی تۆمار کردووە کە ٢٠٦ هەزار و ٣٣٦ جار سایتەیشن کراون.
لێرەدا بەراوردی بەقەد پەنجەکانی دەست توێژینەوە و ٦٢ جار سایتەشنی زانا و پرۆفیسۆرەکەی روداو لەگەڵ ئەوانەی ئەنتۆنی فۆرسی بۆ خوێنەر بەجێ دێڵم. پرسیاری ئەوەش بۆ خوێنەر بەجێ دێڵم کە بۆچی روداو نوسینی گەنجێکی بێ ئەزموون و تازە پێگەییشتوو وەک قسەی زانا و پرۆفیسۆرێک بە میللەتی بەدبەختی کورد دەناسێنێت؟ بەڵام تەنها ئەوە دەڵێم، لەم هەرێمی کوردستانەدا دەیان توێژەری گەنجمان هەیە کە لەدونیای ئەکادیمیدا زۆر لەو گەنجە موعتەبەرترن و خاوەن توێژینەوەی زیاترن و لەسای گەندەڵی و خراپ ئیدارەی حیزبەکەی روداوەوە یان بێکار دەسوڕینەوە یان چاوەروانی موچەی مانگی دوازدەی ساڵی پار دەکەن. جگەلەوە، هیچ عەبقەرییەتی ناوێت بۆ ئەوەی بزانیت ئەم گەنجە ئەمریکییە لەگەڵ کێ و بۆ کێ لەبەرامبەر چیدا کار دەکات. سەرێکی تویتەری گەنجەکە بدەن و بزانن و بەئاشکرا تێوەگلانی گەنجەکە لە گەڵ ئیخوانە عەرەب و پاکستانییەکان بەئاشکرا دەبینن. بەواتایەکی تر ئەمە کەسێکی ئایدیۆلۆجیستە یان بۆ ئایدیۆلۆژیایەک و لەگەڵ گروپێکی ئایدیۆلژی کار دەکات، هەر ئەمەش هۆکارێکی ترە کە ناکرێت نوسینەکانی ئەو کەسە وەک نوسینی ئەکادیمیش وەربگیرێت.
دەبێت ئەوەش بڵێم، هەمان رۆژی بەرنامەکەی روداو، کەناڵی ئەلجەزیرەش هەواڵێکی لەو جۆرەی بڵاو کردەوە. هەرچەندە  ئەلجەزیرەش لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکەدا چەواشەکاری کرد بەڵام ئەلجەزیرە  زۆر بە ئەخلاقانەتر و پیشەییانەتر لە روداو ئەم کارەی کرد. ئەلجەزیرە نە ئەو گەنجەی کردە زانا و پرۆفیسۆر و نە چەواشەکاریشی لە گۆڕینی قسەی گەنجەکە دا و نە ئیدیعای ئەوەشی کە گەنجەکە بە ئەنتۆنی فۆسی گوتبێت بوەستە. چونکە میدیاکارانی ئەلجەزیرە ئەگەر گەنجەکەش نەناسن ئەنتۆنی فۆسی دەناسن خۆیان ناخەنە ئیحراجییەکی لەو جۆرە. ئاخر جەزیرە دەزانێت بەشێک لە خوێنەری عەرەب بەشی ئەوە وشیارە کە بەدوای سەرچاوەکانی هەواڵەکەدا بگەڕێت. بەڵام، ئەلجەزیرە لەوەدا چەواشەکاری کرد کە هەواڵەکەی  وا بڵاوکردەوە کە را و بۆچوونی گۆڤاری نیوزویکی ئەمریکییە. لەراستیدا ئەم بابەتە لە بەشی بیرورا بڵاوکراوەتەوە و دوور و نزیک پەیوەندی بە بۆچوونی گۆڤارەکەوە نییە. ئەوەی شارەزای بواری رۆژنامەوانی میدیاییش بێت دەزانێت کە لە بەشی بیرورا دەتوانیت بەرامبەر دانی هەندێک پارە بە رۆژنامەکە یان گۆڤارەکە رای خۆت بڵاوبکەیتەوە. لەرابردوودا تەنانەت نێچێرڤان بارزانی و وشیار زێباریش نەک لە نیوزویک بەڵکو لە گۆڤار و رۆژنامەی زۆر موعتەبەرتردا لەبەرامبەر پێدانی پارە رای خۆیان بڵاوکردۆتەوە. با ئەوەش بڵێین نیوزویک نەک هەر ئەو بەناوبانگە نییە وەک روداو بەمەبست باسی دەکرد بەڵکو لە لیستی ١٠٠ لە باشترین و پڕخوێنەرترین  گۆڤاری ئەمریکیشدا نییە.

 

زانا و پرۆفیسۆرەکەی روداو چی گوت؟
ناچارم ئەوە بڵێم کە نوسینەکەی ئەو "زانا" و "پرۆفیسۆر"ەی روداو شایستەی ئەوە نەبوو من کاتی خۆمی لە تەرجومەکردنی بەهەدەر بدەم. ئەوەی ئەم گەنجە نوسیویەتی هەموو موسوڵمانێکی سادەش دەیزانێت و مەلاکانمان بەردەوام لە وتاری هەینیدا قوڵتر و راستریش باسی دەکەن و تەنانەت هەندێک لە مەلاکانمان گومانییان لەراستی و دروستی هەندێک لەو حەدیسانەشە کە گەنجە ئەمریکییەکە ئاماژەی پێداون. بەڵام بۆ رێگرتن لە درۆ و چەواشەکاری روداو و هەوڵی گەوجاندنی تاکی کورد، بەپێویستم زانی بابەتەکەی ئەو گەنجە بخەمە بەرچاوی خوێنەری کورد.

 

 ئەمەی خوارەوەش دەقی نوسینەکەی گرایک کۆنسیدەنە:

 
ئایا سوڵتەی نوێژ بەتەنیا دەتوانێت پەتای هاوشێوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بوستێنێت؟ هەتا پێغەمبەر محەمەدیش بەجۆرێکی تر بیری کردۆتەوە

گرەیک کۆنسیدەن
بەشی بیرورای گۆڤاری نیوزویک

پەتای کۆڤید١٩ حكومەت و سەرچاوەکانی هەواڵی  ناچار کردووە کە  وردترین و یارمەتیدەرترین ئامۆژگاری دەربارەی ئەم نەخۆشییە جیهانگیرییە پێشكەشی خەڵکی جیهان بکەن. پسپۆڕانی تەندروستی و زانایانی بواری پەتا گوازراوەکان و کاریگەرییەکانییان خواستێکی زۆرییان لەسەرە.
شارەزایانی بواری بەرگری لەشی وەک ئەنتۆنی فۆسی وە هەواڵنێری پزیشکی سانجا گۆپتا دەڵێن پاکوخاوێنی باش و کوارەنتینەکردن، یان هەوڵی خۆدابڕاندن لەوانی تر بە مەبەستی رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتا گوازراوەکان، کاریگەرترین ئامرازە بۆ ئیحتیواکردنی کۆڤید-١٩.
دەزانی کێی تریش پێشنیاری پاکوخاوێنی باش و کوارەنتینەی بۆ کاتی پەتا کردووە؟
محەمەد، پێغەمبەری ئیسلام ١٣٠٠ ساڵ لەمەوبەر.
هەرچەندە ئەو بەهیچ جۆرێک پسپۆڕی تەقلیدی بواری نەخۆشییە کوشندەکان نەبووە، محەمەد، بەهەرحاڵ ئامۆژگاری ماقوڵی هەیە بۆ رێگریکردن و بەگژداچونەوەی گەشەکردنی پەتای وەک کۆڤید-١٩.
محەمەد گوتی: ئەگەر بیستت لە خاکێک تاعون بڵاوبۆتەوە، مەچۆ ناوی؛ بەڵام ئەگەر تاعون لەو شوێنە بڵاوبووەوە کە تۆی لێی، ئەو شوێنە بەجێ مەهێڵە.
ئەو گووتوشییەتی: ئەوانەی توشی نەخۆشی گوازراوە بوونە دەبێت لەوانە بە دووربن کە تەندرووستن.
هەروەها  محەمەد شێلگیرانە هانی خەڵکی داوە کە پابەندی ئەو کردە پاقژییانە بن کە مرۆڤ لەتوشبوون دووردەخاتەوە. بەلەبەرچاوگرتنی ئەم حەدیسانەی خوارەو، یان فەرمودەکانی موحەمەد:
"پاکوخاوێنی لە باوەڕەوەیە."
"دوای لەخەوهەستان دەستەکانت بشۆ؛ کاتێ خەوتووی، تۆ نازانی دەستەکانت بۆ کوێ بردووە."
"نیعمەتی خواردن لەدەستشۆرینی  پێش و دوای خواردندایە".
ئەی ئەگەر کەسێک نەخۆش کەوت؟ محەمەد چ جۆرە ئامۆژگارییەک  دەداتە ئەو هاوەڵە مرۆڤانەی گرفتاری ئازارن؟
ئەو هانی خەڵک دەدات کە بەردەوام بەدوای چارەسەری پزیشکی و دەرمانەوە بن: "چارەسەری پزیشکی بەکار بێنن،" ئەو گوتی "چونکە خوا هیچ نەخۆشییەکی نییە کە چارەسەری نەبێت، جگە لە یەک نەخۆشی- تەمەنی پیری."
لەوانەیە لەهەمووی گرنگتر ئەوەبێت ئەو زانیویەتی کەی لەنێوان عەقیدە و هۆکاردا بالانس بکات. لەم چەند هەفتەیەدا، هەندێک کەس تا ئەو رادەیە رۆییشتن و پێشنیاری ئەوەیان دەکرد کە بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، نوێژکردن لە پابەندبوون بە بنمەماکانی مەودای کۆمەڵایەتی و خۆ کوارەنتینە کردن باشترە.  چۆن پێغەمبەر محەمەد وەڵامی بیرۆکەی ئەوە دەداتەوە کە نوێژ سەرەکیترین- یان تەنها- جۆری پزیشیکییە؟
ئەم چیرۆکەی خوارەوە بخەپێشچاو، کە تایبەتە بە ئەلتورمزی کە سکۆلارێکی سەدەی نۆیەمی فارسی بوو: رۆژێکییان، پێغەمبەر محەمەد بەدەوییەکی بینی کە وشترەکەی بەجێهێشت بێ ئەوەی بیببەستێتەوە. ئەو لە بەدەوییەکەی پرسی "تۆ بۆچی وشترەکەت نابەستیتەوە؟" بەدەوییەکە وەڵامی دایەوە "من متمانەم بە خودا هەیە." پێغەمبەر گوتی "یەکەمجار حوشترەکەت ببەستەوە، ئەوجا متمانەت بەخوا بێت."
پێغەمبەر بەردەوام خەڵکی هانداوە کە بەدوای رێنماییەکانی ئایینەکەی خۆیاندا بگەڕێن، بەڵام ئەو هیواخوازیش بوو کە لەپێناو ئاساییش و سەلامەتی و کامەرانی هەموو لایەک، خەڵک رێوشوێنە سەرەتاییەکانی خۆپاراستنیش بگرنەبەر.
بەمانایەکی تر، ئەو هیواخواز بوو خەڵک ژیری خۆیان بەکار بێنن.

 

بابەتەکەی نیوزویکی گرەیک کۆنسیدەن بەزمانی ئینگلیزی لەم لینکەی خوارەوەدا دەبینن:
https://www.newsweek.com/prophet-prayer-muhammad-covid-19-coronavirus-1492798

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×