دوو ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا تووشی كۆرۆنا بوون
  2020-03-28       427       
دوو ئەندامی دیكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا تووشبوونی خۆیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) راگەیاند و بەوەیش ژمارەی تووشبووانی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتە بە ڤایرۆسەكە گەیشتە پێنج كەس.
 
ئاوێنه‌: میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە كە ئەندامی كۆمارییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر ویلایەتی پێنسیلڤانیا، مایك كیلی رایگەیاندووە پشكنینی بۆ ئەنجامدراوە و دەركەوتووە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنابوو.

مایك كیلی كە تەمەنی ٧١ سالە لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە كە لەمیانی هەفتەی رابردوودا نیشانەكانی تووشبوون بە ئەنفلۆنزای تیایدا دەركەوتووە بۆیە بۆ پشكنین چووەتە نەخۆشخانەی پیتلەر میمۆریاڵ.

ناوبراو روونیشیكردووەتەوە كە هەر بەهۆیەوە دوێنێ‌ هەینی بۆ دەنگدان لەسەر ئەو دوو ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلارە كە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تەرخانكراوە نەچووەتە ئەنجوومەنی نوێنەران.

هاوكات ئەندامی دیموكراتەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا لەسەر ویلایەتی كارولینا، جۆ كانینگهام رایگەیاندووە كە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنابوو.

جۆ كانینگهام راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەكردووە كە دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە 19ی ئەم مانگەوە خۆی كەرەنتین كردووە.

راشیگەیاندووە لە ئەندامێكی كۆنگرێس كە ناوی ئاشكرانەكردووە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنابووە.

پێشتر سیناتۆری كۆمارییەكان و ئەندامی ئەنجوومەنی پیران لەسەر ویلایەتی كێنتاكی، راند پۆل و ئەندامی كۆمارییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر ویلایەتی فلۆریدا، ماریۆ دیاز بالارت لەگەڵ ئەندامی دیموكراتەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر ویلایەتی یوتا، بن ماك ئادەمز رایانگەیاندبوو كە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×