ئێران داوا لە ئەمەریکا دەکات بەندکراوە ئێرانییەکان ئازاد بکات
  2020-03-28       412       


دوێنێ هەینی حکومەتی ئێران داوای لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرد ئەو هاوڵاتیە ئێرانیانە ئازاد بکات کە بەهۆی سزا ئابورییەکانی دژی ئێرانەوە لە زیندانییەکانی ئەمەریکادا دەستگیر کراون.

ئاوێنه‌: وەزیری دەرەوەی ئێران محەممەد جواد زەریف ڕەخنەی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گرت بەهۆی هێشتنەوەی ژمارەیەک ئێرانی لە زیندانەکانیدا و وتیشی، بە لەبەرچاوگرتنی ڕەوشی ئێستا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پێویستە ئەو کەسانە ئازاد بکرێن.

زەریف لە هەژماری تویتەری خۆیدا نوسیویە"ئەمەریکا چەند زانایەکی ئێرانی بە بی هیچ تاوانێک یان تۆمەتی ساختەی سزاکان بە بارمتە گرتووە و ئازادیان ناکات تەنانەت لە کاتێکیشدا کە دادگاکانی خۆی ئەم تۆمەتە گاڵتەجارییە ڕەتدەکەنەوە. ئەمەریکا تەنانەت هاوکاتی کۆڤد 19ش پشو نادات بەو پیاوە بێتاوانانەی لەو گرتووخانە ترسناکانەدان."

زەریف هەروەها ئاماژەی بە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی گاردیان کردووە سەبارەت بە دکتۆر سیرۆس ئەسغەری، پرۆفیسۆرێکی زانستی کە دەڵێت هێشتا لە گرتووخانەیەکی زۆر قەرەباڵغدایە پاش ئەوەی لە مانگی 11 لەلایەن داگایەکی فیدرالییەوە بێتاوان ناسرا.

ڕۆژی پێنجشەممە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێنج کۆمپانیای بنکە لە ئێران و عێراق لەگەڵ 15 کەسایەتی کردە لیستی ڕەشەوە بە تاوانی پشتیوانی کردن لە گروپە تیرۆستەکان ، ئەمەش سێهەم خولی سزاکان بوو بەسەر بەرژەوەندییەکانی ئێران لە ماوەی دوو هەفتە یڕابوردوودا هاوکاتی ئەوەی حاڵەتەکانی توش بوون و مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەتا دێت لە ئێراندا بەرزتر دەبێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×