"دۆخی تەندروستی زۆربەی توشبوانی کۆرۆنا لە ھەولێر جێگیرە"
  2020-03-28       681       

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی لە ھەولێر کە تایبەتە بە چارەسەری کۆرۆنا ئاشکرایکرد، دۆخی تەندروستیی نەخۆشانی کۆرۆنا جێگیرەو بڕیارە دو نەخۆشی دیکە بەھۆی باشبونی ڕەوشی تەندروستیانەوە ڕەوانەی ماڵەوە بکرێنەوە.

ئاوێنە: د. شاخەوان خەیلانی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی تایبەت بە کۆرۆنا، ئەمڕۆ شەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی راگەیاند"ئێستا ٢٨ توشبوی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی ئیماراتی ھەولێرن و ڕەوشی تەندروستیی زۆربەیان جێگیرەو جێگەی مەترسی نییە، لەوانەش دو نەخۆش بەرەو چاکبونەوەن و بڕیارە دوای پشکنینی دیکە رەوانەی ماڵەوە بکرێن، سوپاس بۆ خوا نەخۆشەکانمان نەگەیشتونەتە ئاستی ئەوەی دەزگای ھەناسەی دەستکرد بەکاربێنین."

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی وتیشی"ھەڵگرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەولێر زۆربەیان تەمەنیان لەژێر پەنجا ساڵییەو بەشێک لەوانە بەئاسایی دەژین لە نەخۆشخانەو ئەگەر بگەڕێنەوە نێو کۆمەڵگە لەوانەیە ھەست نەکرێت نەخۆشن، بەڵام بەھۆی ئەوەی پشکنینان پۆزەتیڤە خراونەتە ژێر چاودێرییەوە."

د. شاخەوان خەیلانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد"ھەرێمی کوردستان لە بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا ھەنگاوی مەزنی ناوەو ئەگەر ھاوڵاتیان ھاوکاریی دەزگا پەیوەندارەکان بکەن و ڕێنماییەکانی خۆپارێزی جێبەجێ بکەن، ئەوە بێگومان بە کەمترین زیان لێی دەردەچین، بەتایبەتی قەدەغەی ھاتوچۆ و دەرکردنی ھەندێ بڕیار کاریگەریی ھەبوە لەسەر کەمبونەوەی زیانەکانی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان، ئەگەر حکومەت زو بەخۆی نەکەوتبایە ئەوە کارەسات ڕوی دەدا."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×