دەسەڵاتی فڕۆكەوانی عێراق: هاوڵاتییە گیرخواردوەكانی دەرەوەی وڵات دەگەڕێنینەوە
  2020-03-28       672       

فڕۆكەخانەی سلێمانی لەزاری دەسەڵاتی فڕۆكەوانی عێراقەوە وتویەتی: بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتە فڕۆكەوانییە شارستانییەكانی تر، دەسەڵاتی فڕۆكەوانی عێراق هەوڵەكانی چڕدەكاتەوە بۆ گواستنەوەی ئەو هاوڵاتییە عێراقییانەی بەهۆی رێكارەكانی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردوە.

ئاوێنە: به‌شی په‌یوه‌ندییه‌گشتیه‌کان و ڕاگه‌یاندنی ‏‎فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى لەڕاگەیەندراوێكدا وتی: لەسەر راسپاردەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقی دەستدەکات بە جێبەجێکردنی رێکاری گونجاو بۆ ئاسانکردنی گواستنەوەی ئەو ھاوڵاتییە عێراقیانەی بەھەر ھۆکارێک زیاتر لە سێ مانگ عیراقیان بەجێھێشتوە جگە لەوانەی ھەڵگری ئیقامەی وڵاتانی ترن.

ئەوەشی خستۆتەڕو: لەسەر بنەمای ژمارەی ئەو ھاوڵاتییە عێراقیانەی کە لە وڵاتانی دەرەوەن و بە تەمان بگەڕێنەوە بۆ عێراق لە ڕێگەی وەزارەتی گواستنەوەو بەھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی دەرەوەو تەندروستی ، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقی ھەڵدەستی بە گفتوگۆ لەگەڵ ئەو وڵاتانە بەمەبەستی بەدەستھێنانی ڕەزامەندی فەرمی بۆ دەستپێکردنی ئەو گەشتە ئاسمانیانە بۆ گواستنەوەیان لە ڕێگەی ھێڵی ئاسمانی عیراقییەوە .

هەروەك باسی لەوەش كردوە كە لەکاتی گەڕانەوەیاندا سەرجەم گەشتیارەکان لە فڕۆکەخانەی بەغدا پشکنینیان بۆ ئەنجام دەدرێت و دواتر ڕەوانەی کەرەنتینە دەکرێن بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی بۆ دڵنیابون لە ئەگەری توشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

جەختیشی كردۆتەوە كە سەرجەم ڕێکارەکان بۆ ڕێگرتن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا پەیڕەودەکرێت بە ئامانجی پاراستنی ھاوڵاتیان بە پێی راسپاردەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی .

هەروەها داواشی كردوە كە ھاوڵاتیان لە ھەر وڵاتێکن بۆ گەڕانەوەیان پەیوەندی بە نوسینگەکانی ھێڵی ئاسمانی عێراقی یاخود سەفارەت و كونسوڵگەرییەکانی عێراقەوە بکەن بەمەبەستی تۆمارکردنی ناوەکانیان.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×