پۆلیسێك هێرشدەكاتە سەر كارمەندێكی تەندروستی كۆیەو برینداری دەكات
  2020-03-29       928       

تەندروستی كۆیە رایگەیاند: ئەمڕۆ یەكشەممە، كارمەندێكی تەندروستی لەكاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لەلایەن هاوڵاتییەكەوە كە پیشەی پۆلیسە هێرشی كراوەتە سەرو برینداركراوە ئەوەش لەسەر ئەوەی لە چەند رۆژی رابردودا، بەهۆی بەرزی تاكەیەوە، ئەو كارمەندە پۆلیسەكەی رەوانەی نەخۆشخانە كردوە بۆ پشكنینی كۆرۆنا.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی كۆریە لە راگەیەندراوێكدا وتی: ئەمڕۆ لە کاتی گەڕانەوەی کارمەندێکی تەندروستی بۆ ماڵەوە لەڕێگا لەلایەن ھاوڵاتییەکەوە کە پیشەی پۆلیسە ھێرشدەکرێتە سەری و بریندار دەکرێت، ھۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لەم رۆژانەدا ئەم ھاوڵاتییە تایەكەی بەرزبۆتەوەو لەلایەن ئەم کارمەندوە رەوانەی نەخۆشخانە کراوە بۆ پشكنینی كۆڕۆنا.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە وەکو بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی کۆیە ناڕەزایی تونددەردەبڕین و سكاڵای یاسایی بەرامبەر ئەم دەستدرێژییە تۆماردەكەین و بەهیچ شێوەیەك قبوڵی ئەم هێرشە ناڕەوایە ناكەین.

هەروەها وتوشیەتی: داوای بەپەلەش لە لایەنی پەیوەندارو دەزگا ئەمنییەكان دەكەین كە رێكاری یاسایی بگرنەبەر بۆ ئەو جۆرە هێرش و تاوانە.

تەندروستی كۆیە داوای لە هاوڵاتیانیش كردوە كە ڕێز لە نەخۆشخانەو پزیشك و كارمەندان بگرن و هاوكاری ڕێگەگرتن بن لەم جۆرە هەڵسوكەوتانەو بەرژەوەندی و مافی پزیشكان و كارمەندانی نەخۆشخانە لەبەرچاوبگرن كە شەو و ڕۆژ لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتیدا كاردەكەن.

عەلی عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆیە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەو هاوڵاتییە كە پیشەی پۆلیسە، كارمەندی بەڕێوەبەرایەتییەكەیانەو لە ئێستادا بە هۆكاری هێرشكردنە سەر كارمەندێكی تەندروستی دەستگیركراوەو لە بنكەی گرتن و گواستنەوەی كۆیە دەستبەسەركراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×