سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی سلێمانی رونكردنەوە لەسەر راپۆرتێكی ئاوێنە دەدات
  2020-03-30       714       

سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی رونكردنەوە لەسەر راپۆرتێكی ئاوێنە دەدات كە تێیدا هاتبو "100 بەندكراو چاوەڕوانی ئیمزای دادوەرێکن بۆ ئەوەی ئازاد بکرێن، دادوەرەکە دەوام ناکات." دادگاكە دەڵێت: ئازادبون بەمەرج تەنها بە ئیمزایەك و دەوامكردنی دادوەرێك ناكرێت، بەڵكو چەند رێكارێكی پێویستە.

ئاوێنە: رۆژی 28ی ئەم مانگە ئاوێنە لە راپۆرتێكدا بڵاویكردەوە كە رێكخراوێكی مافی مرۆڤ داوا دەكات ئەنجومەنی دادوەری‌و دەزگا پەیوەندیدارەكانی پەیوەست بەئەنجومەنی دادوەریی بۆ ماوەی كاتژمێرێكیش بێت دەوام دەستپێبكەنەوە، چونكە نزیكەی 100 بەندكراو هەن لەڕوی یاساییەوە مافی خۆیانە دۆسیەكانیان ببینرێت بەتایبەتی ئەوانەی ناو چاكسازییەكان كە سزا دراون، بەڵام دادوەرەكان دەوام ناكەن.

كارزان فازیل، بەڕێوەبەری رێكخراوی پەرەپێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ بە ئاوێنەی راگەیاندبو: نزیكەی 100 بەندكراو ماوەی دو هەفتە دەبێت چاوەڕوانی ئەوەن دۆسیەكانیان ببرێتە بەردەم دادوەر تەنها بۆ ئەوەی بۆیان ئیمزا بكات، بەڵام هیچ دادوەرێك نییە بۆ ماوەی كاتژمێرێك بچێتە دادگا تا دۆسیەكانیان ببینێت، ئەو وتی "ئەم بەندكراوانە ئێستا مافەكانیان پێشێل دەكرێت بەبێ‌ ئەوەی هیچ یاسایەك هەبێت ئەم مافەی لێسەندبنەوە."

بەڵام سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی، ئەمڕۆ دوشەممە، لەرونكردنەوەیەكدا سەبارەت بە راپۆرتەكە وتویەتی: بابەتی بەربون بەمەرج (الافراج الشرطي) تەنها بەئیمزایەك و دەوامکردنی دادوەرێك ناکرێت، بەڵکو چەند ڕێکارێکی پێویستە كە بەقسەی دادگاكە ئەو ڕێکارە دورودرێژانەش پێویستیان بە دەوامی فەرمی و فەرمانبەر و داواکاری گشتی و دادوەرو بڕیار هەیە کە ئەمەش پرۆسەیەکی یاساییەو لە دەرەوەی دەسەڵاتی سەرۆكایەتیمانە، نەك دەوامنەکردنی تەنها دادوەرێک کارەکەی پەکخستبێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە هەر ئەمڕۆ سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ لەراگەیەندراوێكدا وتی: لایەنە پەیوەندارەکان بڕیاریان داوە رێکارە یاساییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دەوام نەکردنی دادوەران و ئەندامانی داواکاری گشتی ئەنجام بدەن.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی ئەو رێكخراوە چارەسەرکردنی کێشەی سزادراوان ھەر ئەمڕۆ واتە لە ٢٠٢٠/٣/٣٠  دەست پێدەکات بەگرتنەبەرو ئەنجامدانی ڕێکارە یاساییەکان بۆ دۆسیەی ئەو سزادراوانە لەگەڵ دادگاکان و داواکاری گشتی ناو چاکسازیەکان بەمەبەستی ئازادکردنی ئەو سزادراوانەی کە یاسای ئازادبون بەمەرج دەیانگرێتەوە.

 

دەقی رونكردنەوەكەی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی...

ڕونکردنەوەیەك لە سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانییەوە

لە سایتی ئاوێنە لە ٢٠٢٠/٣/٢٨ بابەتێك بڵاوکراوەتەوە بە ناونیشانی (١٠٠ بەندکراو چاوەڕوانی ئیمزای دادوەرێكن بۆ ئەوەی ئازاد بكرێن دادوەرەكە دەوام ناكات) کە تیایدا پارێزەرێکیش لێدوانیداوە و بە ئەنقەست بێت یان نەزانی بابەتەکەی بەناڕاست شرۆڤە کردوە و کارەکە بەو ئاسانیە نیە کە باس کراوە، بۆیە ئێمە وەک سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی بۆ هەمو لایەکی ڕوندەکەینەوە کە بابەتی بەربون بەمەرج (الافراج الشرطي) تەنها بەئیمزایەك و دەوامکردنی دادوەرێك ناکرێت، بەڵکو چەند ڕێکارێکی پێویستە بەم شێوەیە:

سەرەتا هەر بەندکراوێک داواکارییەك بەنوسراو ئاڕاستەی بەڕێوەبەری چاکسازی دەکات، ئەویش دەینێرێت بۆ توێژەری کۆمەڵایەتی تایبەت بە چاکسازی گەوران کە پێویستە ئەوانیش ڕاپۆرتی خۆیان بە دورودرێژی لەسەر هەڵسوکەوت و بارودۆخی ئەو زیندانییە بخەنەڕو، پاشان دەخرێتە بەردەست بەڕێز ئەندامی داواکاری گشتی لەچاکسازی گەوران و ئەویش ڕاوبۆچونی خۆی دەخاتە ڕو کە ئایا ئەو کەسە شایستەی بەربون بە مەرجە یاخود نا، دواتر داواکارییەکە و هەردو ڕاپۆرتەکە دەخرێتە بەردەم بەڕێز دادوەری دادگای کەتنی یەکەم بۆ تێڕوانین و بڕیاردان لەسەر داواکاریەکەی.

پاش ئەوە پێویستە لە دادگای کەتن لایەن فەرمانبەری تایبەتمەندەوە تۆمار بکرێـت و ژمارەی پێبدرێت. دواتر بە نوسراو دادوەری کەتن داوای دۆسیەکەی دەکات لەو دادگایەی کە بڕیاری سزادانەکەی دەرکردوە (سزادراوان هەریەکە و لەدادگایەکی جیاواز بڕیاری سزادانەکەی بۆ دەرچوە کە هەولێر و گەرمیان و ڕانیە و پێنجوێن و هەڵەبجەی تێدایە و هێنانی دۆسیەکانیان لە ئێستادا کارێکی ئەستەمە).

دوای ئەم قۆناغانە دادوەری کەتن دەتوانێت بڕیار لەسەر داواکاریەکە بدات بە ئازادکردنی بەمەرج یان ڕەتکردنەوەی داواکاریەکە (کە هەمو لایەك بەتایبەتی کەسانی یاسایی دەزانن کە ناکرێت لە کاتی پشوی فەرمیدا دادگای تایبەتمەند بڕیار دەربکات) پاش دەرچونی بڕیارەکە ئەگەر کەسی بەندکراو بە بڕیارەکە ڕازی نەبو شیاوی تانە لێدانە لە دادگای تایبەتمەند کە دادگای تاوانەکانە بەشێوەی تەمیزی (لای ئەوانیش پێویستی بە تۆمارکردن و وردبینی و کۆبونەوەی سەرۆك و ئەندامانی دادگاکە و پاشان بڕیاردان هەیە کە ئەوەش لەم کاتی پشوەدا کارێکی ئەستەمە، وە بەهەمانشێوە ئەوێش دادگای تایبەتمەندە و لەكاتی پشوی فەرمیدا بڕیار دەرناكات.)

ئەم ڕێکارە دورودرێژانە پێویستی بە دەوامی فەرمی و فەرمانبەر و داواکاری گشتی و دادوەر و بڕیار هەیە کە ئەمەش پرۆسەیەکی یاساییە و لە دەرەوەی دەسەڵاتی سەرۆكایەتیمانە، نەك دەوامنەکردنی تەنها دادوەرێک کارەکەی پەکخستبێت.

وە هەمو لایەك ئاگاداردەکەینەوە کە دادوەرانی لێکۆڵینەوە کارەکانی خۆیان جێبەجێ دەکەن و سەرجەم کەیسەکانی لێکۆڵینەوە بە هاوکاری لێکۆڵەرانی دادوەری دەبێنرێن و کاری دادگاکانی لێکۆڵینەوە سەرەڕای پشوی فەرمی ڕانەگیراوە.

لەگەڵ ڕێزدا
سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی
٢٠٢٠/٠٣/٣٠ 


زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئێران لە رێگەی روسیاوە: ئیسرائیل نامانەوێت دۆخەکە ئاڵۆزتر بکەین
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×