مامۆستایانی ناڕازی هۆشداری دەدەنە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان
  2020-03-30       847       

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی هۆشداری دەداتە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان كە بڕینی دەرماڵەو كەمكردنەوەی موچە هێڵی سورەو دژی دەوەستنەوە.

ئاوێنە: ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە هۆشدارییەكدا بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان رایگەیاندوە"ئێمە لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی چاوەڕوانی گێڕانەوەی پاشەکەوت و دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران بوین، بەڵام بەداخەوە چەند رۆژێکە دەنگۆی بڕینی دەرماڵەو کەمکردنەوەی موچەکانمان یان دابەشکردنی موچە لە سیی ڕۆژ زیاتر دەبیستین."

ئەنجومەنەكە وتوشیەتی"ئاگاداری دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەکەینەوە کە ئەو هەنگاوانە بەلای ئێمەی مامۆستایانەوە هێڵی سورەو قبوڵکراو نییە."

جەختیشی كردۆتەوە كە "لە ئەگەری وەها بڕیارێکی ستەمکارانەدا، بەدڵنییاییەوە سەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستان دەکەینە مەیدانی خەبات دژ بەوانەی چارەسەری هەمو گرفتە کەڵەکەبوەکانی هەرێم لەبڕین و پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران و مامۆستایاندا دەبیننەوە."

هەروەها وتوشیەتی"بڕیاردەرانی ئەم ستەمکارییە نوێیەش بەرپرسیار دەکەین لەهەر پێشهات و روداوێکی نەخوازراو و پەککەوتنی پرۆسەی خوێندن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×