حكومەتی هەرێم چارەنوسی خوێندنی ئەمساڵ تاوتوێ دەكات
  2020-04-01       696       

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ چوارشەممە حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك كۆببێتەوە لەوانە پرسی چارەنوسی خوێندنی ئەمساڵ.

ئاوێنە: ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، بە میدیاكانی پارتی رایگه‌یاند: له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا چه‌ند پرسێكی تایبه‌ت به‌ رێكاره‌كانی بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا تاوتوێ دەكرێن، لەوانە، چۆنیێتی دابینكردنی موچەی فەرمانبەران و تاوتوێكردنی پڕۆژە بڕیارێك بۆ ھاوكاریكردنی ئەو كاسبكارانەی كە لە ئەنجامی ئەم بارودۆخەدا بەھۆی رێكارەكانی حكومەت زەرەرمەندبون و بژێوی ژیانیان لەدەستداوە، وه‌ك كرێی دوكانەكان و كەمكردنەوەی باج.

ئامانج رەحیم، راشیگەیاند: تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە، ئامادەكارییە بۆ خوێندنی ئۆنلاین و وەزیرانی پەروەردەو خوێندنی باڵا پلانی خۆیان دەخەنەڕو دەربارەی چارەنوسی خوێندنی ئەمساڵ، بۆ ئەوەی حكومەت بەرچاوی رون بێت بۆ خوێندنی ئۆنلاین و ھەنگاوەكانی جێبەجێكردنی و دڵنیابونەوە لەوەی خوێندنی ئەمساڵ نەفەوتێت.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ یاسای چاكسازی، ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئاشكرایكردوه‌ كه‌ 5ی نیسان یاسای چاكسازی دەكەوێتە بواری جێبەجێكردن و تەوەرێكی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی حكومه‌ت دەركردنی پەیڕەوێكە بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، بۆ ئەوەی دادپەروەری لە موچە پەیڕەو بكرێت.

ئاشكراشیكرد كه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا باس لە كەمكردنەوەی خەرجییەكانی حكومەت و چۆنیێتی زیادكردنی داھات دەكرێت و ھەنگاوەكانی دەستپێكردنەوەی گفتوگۆش لەگەڵ بەغدا تاوتوێ دەكرێن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×