ئیسلامی سیاسی
  2020-04-01       1704       

سەمیر ئەمین
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: شاهین کەریمی



سروشت و بنەمای جیهانی ئیسلامی هاوچەرخ، لە بابەت جوڵانەوەی سیاسی کە بانگەشەی ئیسلامێکی ڕاستەقینە دەکات چیە؟ ئەم جوڵانەوانە زیاتر لە ڕۆژئاوادا بە "ئیسلامی توندڕەو" ناسراون، بەڵام من ئەو دەستەواژەم پێ باشترە کە لە جیهانی عەرەبدا بە کارت دێت: "ئیسلامی سیاسی". ئێمە جوڵانەوەیەکی سیاسی نابینین، بە گشتی هەموو ئەو گرووپانە زۆر لەیەکەوە نزیکن، بەڵام هەندێ شتیان سەرەتایی و ڕوونە، بۆ وێنە: ڕێکخراوەیەکی سیاسی کە ئامانجی دەسەڵاتی وڵاتە، نە کەمتر و نە زیاتر. داپۆشینی ئەو ڕێکخراوەانە بە ئاڵای ئیسلام، ئاسان و ئۆپۆرتۆنیسمێکی(انتهازی)یەکی سادەیە. ئیسلامی سیاسی دوژمنی ڕزگاری ئایینیە. ئەو خوازیاری ملکەچی و بێدەسەڵاتیە نەک ڕزگاری و ئازادی.
ئیسلامی سیای مۆدێڕن لەلایەن ڕۆژهەڵاتناسە بەریتانیەکان کە لە خزمەت کۆلۆنیالیزم لە هێنددا بوون داهێنرا و لەلایەن مەودودی لە پاکستان وەرگیرا و برەو پێدرا. چەمکی ئەو ئیسلامە زیاتر بەو مانایە بوو کە موسوڵمانی باوەڕدار تەنها لە ژێر حکومی ئیسلامدا بژیت – بەشداری بۆ دابەشکردنی هێند – چونکە ئیسلام ڕێگە بە جیایی ئایین و دەوڵەت نادات. ئەو ڕۆژهەڵات ناسانە زۆر ئاسان لە بیریان کرد کە لە ئینگلتەرەش لە سەدەی سێزدەهەمدا ڕێک وەها بیرۆکەیەک لەسەر مەسیحیەت هەبوو.



جادوی دوژمنایەتی لەگەڵ ڕزگاری
ئیسلامی سیاسی حەزی لەو ئایینە نیە کە بانگەشەی بۆ دەکات و هیچ پێشنیارێکی ئایینی و کۆمەڵایەتی ڕەخنەگرانەی نیە. ئەوەی دەیبینین "ڕزگارییەکی ئایینی" نیە بەو شێوەی کە لە ئەمریکای لاتین ڕوویدا. ئیسلامی سیاسی دوژمنکاری ڕزگاری ئایینی دەکات. بەرگری لە ملکەچی و تەسلیم دەکات نەک ڕزگاری و هەستان. مەحمود تەهای سودانی تەنها ڕۆشنبیریکی ئیسلامی بوو کە لە  تێکۆشانەکانیدا هەوڵی دا داکۆکی لە خاڵی ڕزگاربوون لە تەعبیری خۆی لە ئیسلام بکات. حوکمی لە سێدارەدان و جێبەجێ کردنی سزاکەی لەلایەن دەسەڵاتی خارتوومەوە، لەلایەن هیچ کام لە گرووپە توندڕەو و میانڕوە ئیسلامیەکانەوە پرۆتێستۆ نەکرا. لەلایەن هیچ کام لەو ڕۆشنبیرانەی کە خۆیان بە "ڕێنێسانسی ئیسلامی" پێناسە دەکەن و یان ئەو کەسانەی خوازیاری دیالۆگ لەگەڵ ئەو جوڵانەوانەن، بەرگری لێ نەکرا. تەنانەت لە سێدارەدانەکەشی لە میدیا ڕۆژئاواییەکانەوە باس نەکرا.

پەیامی "ڕێنێسانسی ئیسلامی" خوازیاری ئایینگەرایی نیە و قەت ناگەڕێتەوە بۆ دەقە ئایینیەکان. بۆ بیرمەندانی ئیسلامی سیاسی، شوناسی کۆمەڵگایەکی ئیسلامی وەک ڕەگەز لە ڕێگەی بۆماوەییەوە دیاری دەکرێ نەک لە ڕووی قەناعەتێکی بەهێز و تاکیی هەر کەسێکەوە. پرسەکە ئەوەیە: داکۆکی لەسەر "شوناسی بە کۆمەڵ" و ئیتر هیچ. بۆیە دەستەواژەی ئیسلامی سیاسی زۆر گونجاوە بۆ داڕشتنی وەها جوڵانەوەیەک. سەعودیا وڵاتێکە بەبێ دەستور، وڵاتێکە کە بانگەشەی ئەوە دەکات کە شەریعە تەواوە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات. لە ڕاستیدا خانەدانی سەعودی دەسەڵاتی ڕەهای پاشایەتی یان عەشیرەییەکی تەواویان هەیە.

ئیسلامی سیاسی تەنها حەزەکانی ژیانی هاوچەرخی موسوڵمان لەخۆ دەگرێ، واتە تەنها ئەو ڕواڵەت و ڕێوڕەسمانەی کە ڕێزێکی ڕەها دەخوازێ. لە هەمان کاتدا خوازیاری گەڕانەوەیەکی تەواو بۆ ئەو ڕێسا تایبەتی و گشتیانەی کە دوو سەدە لەوە بەر کە لەلایەن دەسەڵاتدارێتی ئەو سەردەمە لە ئمپراتۆرییەتی عوسمانی و ئێران لە ناوەندی ئاسیا پەیڕەو دەکرا. ئیسلامی سیاسی بڕوای وایە، یان نیشان دەدات کە بڕوای وایە، کە ئەو حوکمڕانیە، حوکمرانی "ئیسلامی ڕاستەقینە" بوو، واتە ئیسلامی سەردەمی پێغەمبەر. بەڵام ئەمە گرینگ نیە، ئیسلام بە تەواوەتی ڕێگە بەم تەعبیرە لە شەرعیەت بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵات دەدات. واتە هەر شێوەی کە بۆ ئیسلامی سەرەتایی بە کار هاتووە، بۆ سەردەمی مۆدێڕن بەکاری دێنن.

لەم ڕووەوە ئیسلام ڕەسەن و سەرەتایی نیە. مەسیحیەتیش بەر لە مۆدێرنە هەر ئەو کارەی کردووە بۆ مانەوە لە چوارچێوەی سیاسەت و خانەی دەسەڵاتدا. هەر کەسێ تۆزێک ئاگاداری و دیدی ڕەخنەگرانەی هەبێ مێژووی ڕاستەقینەی ئەو گوتارە بۆ شەرعیەت پێدانی خۆی لە سیستەمی ڕاستەقینەی کۆمەڵگا دەناسێتەوە. مەسڵەحەتی ئیسلامی سیاسی لەوەدا نیە. ئەو هیچ گریمانەیەکی شیکاری یان ڕەخنەگرانەی لەو سیستەمانە نیە. ئیسلامی سەردەم تەنها ئادیۆلۆژیایەکە پشتبەستووە بە ڕابوردوو، واتە ئادیۆلۆژیایەک کە پێشنیاری گەڕانەوەیەکی پاک و سادە دەکات بۆ ڕابوردوو و ڕێک بۆ سەردەمی بەر لە دۆڕان و تەسلیمی موسوڵمانەکان بۆ گەشەی سەرمایەداری و کۆلۆنیالیزمی ڕۆژئاوایی. ئەو ئایینە – ئیسلام، مەسیحیەت یان هەر ئایینێکی تر- تەعبیرێکی کاردانەوەیی، واتە ڕێچکەیەکی ناڕوون و نالۆژیکە، کە تەعبیرەکانی تر وەکو چاکسازی یان تەنانەت شۆڕش وەلا نانێ. جگە لەوەی کە گەڕانەوە بۆ دواوە دڵخواز نیە (ئەو خەڵکەوەی کە ئیسلامی سیاسی خۆی بە گوتەبێژیان دادەنێ خوازیاری ئەو گەڕانەوە نین)، زۆر روونە کە ئەوە نامومکینە. بۆیە ئەوەی جوڵانەوەی ئیسلامی سیاسی پێکیدێنێ،  ڕەتی دەکاتەوە کە پرۆگرامێکی ڕێک و پێکی هەبێ، ئەمە ڕێک بە پێچەوانەی ئەوە کە لە ژیانی سیاسیدا باوە و دەبێ ببێ. سەبارەت بە پرسیاری ڕێک(کۆنکرێت) لە سەر ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی، ئیسلامی سیاسی دروشمێکی بەتاڵ دووپات دەکاتەوە: ئیسلام ڕێگە چارەیە. کاتێ دەکەونە تەنگانەوە، نوێنەرانی ئیسلامی سیاسی قەت توشی هەڵە نابن لە هەڵبژاردنی وەڵامێک کە گونجاو بێت لەگەڵ لیبراڵ کاپیتالیزمدا، بەو شێوەی کە پەرلەمانی میسر ئازادییەکی ڕەهای بەخشی بە خاوەن موڵکەکان و هیچ مافیک بە ڕەعیەتەکان(ئەو کەسانەی لەسەر زەویەکان کار دەکەن) نەدرا. لە هەوڵە سەرنەکەوتووەکانیان بۆ بەرهەمهێنانی "ئابوورییەکی سیاسی ئیسلامی"دا داهێنەری گوتارەکە (سەرچاوە مادییەکەی لەلایەن سەعوییەوە دابین کرابوو) تەنها توانی قەبایەکی ئایینی بکاتە بەر بنەما سەرەتاییەکانی لیبرالیزمی ئەمریکایی.



دیکتاتۆریەتی مێزەربەسەر لە ئێران
کۆماری ئیسلامی ئێران یاسا گشتیەکان بەڕێوە دەبات. سەرەڕای ئەو تێکەولێکەی بۆتە هۆی سەرکەوتنی، واتە: سودی بینی لە گەشەسەندنی خێرای جوڵانەوەی ئیسلامی و هاوکات خەباتی عەلمانی و سۆسیالیستی دژ بە دیکتاتۆریەتی شا کە هاوپەیمانی ئەمریکا بوو. لە ڕووخاندنی شادا، هەڵسوکەوتە سەیروسەمەرەکانی مەلاکان بەهۆی بەشدار(شەریک)ەکانی دژ بە ئەمپریالیستەوە، داپۆشرا و ئەوە بووە هۆی ئەوەی شەرعیەتێکی زۆر بەدەست بێنن کە لەدەرەوەی سنورەکانی ئێران زۆر دەنگی دایەوە. وردە وردە ڕژێم نیشانی دا لێهاتوو نیە بۆ فەراهەم کردنی ڕابەرییەک کە پێوسیتە بۆ گەشەسەندنێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری بەهێز و داهێنەرانە. دیکتاتۆرییەتی پیاوە میزەربەسەرە ئایینیەکان، کە دەسەڵاتی لە کاپسەوە (کودەتا و تێکنۆکراتەکان) بەدەستەوە گرتبوو، وڵاتی بۆ ئاستێکی وێران و داڕماوی ئابووری دابەزاند. ئێران کە خۆبەزلزانیەکەی وای لێکردبوو کە وەک کۆریای باشوری لێبێت، ئێستە لەڕیزی "وڵاتانی جیهانی چوارەمدا" جێی خۆش کردووە.

کەمتەرخەمی باڵی ڕاستی توندڕەوی ڕژێم بۆ کێشە کۆمەڵایەتیەکان بووە هۆی ئەوەی کە چینی مامناوەند و خوارەوەی کۆمەڵگا داوای "ڕیفۆرم" بکەن و ئامانجەکەشی هێورکردنەوەی توندییەکانی دیکتاتۆرییەتی ئایینی بوو، بەبێ ئەوەی کە دەستکاری پڕینسیبە بنەڕەتیەکان بکات، واتە مۆنۆلپۆل کرانی دەسەڵاتی سیاسی. پەرەسەندی کارەساتی ئابووری کۆماری ئیسلامی بووەی، هۆی ئەوەی کە "ڕیفۆرمیستەکان" پێداچوونەوەی کرداری لەسەر هەڵوێستی "دژە ئیمپریالیستی" خۆیان بکەن. ئەوان خەریکن ئێران بهێننەوە پەراوێزی گەمەی ئیمپرلیزمی کۆمپرادۆر. سیستەمی ئیسلامی سیاسی لە ئێران گەیشتۆتە بازنەیەکی داخراو. هەموو ئەو هەوڵە سیاسی و کۆمەڵایەتیانەی خەڵکی ئێران پێوەی خەریکن، لەوانەیە بە یەکجار لەلایەن ویلایەتی فەقیهەوە، کە لە سەروو هەموو دامەزراوە سیاسی و کۆمەڵگای مەدەنیەوەیە، ڕەت بکرێتەوە.  

لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەرکەوتووە کە هیچ سیستەمێکی سیاسی تر جگە لە سیستەمی تاکە حیزبی دیکتاتۆری مۆنۆپۆل کراو لەلایەن مەلاکانەوە دەرفەتی بوونی نیە. بەردەوام هەڵسەنگاندنی هەڵە لە نێوان حیزبە ئیسلامیەکان و حیزبە دیموکراسیە مەسیحیەکانی ئەوروپادا کراوە ( دیموکرات مەسیحیەکان بۆ پەنجا ساڵ دەسەڵاتداری ئیتاڵیایان کردووە، بۆ حیزبێکی ئیسلامی حوکمڕانی جەزایر و میسر نەکات؟). بەڵام لە کاتی دەسەڵاتداریەتیدا، دەسەڵاتێکی ئیسلامی، دەستبەجێ و لێبڕاوانە هەموو ئۆپۆزیسیۆنێکی سیاسی مۆڵەت پێدراو (یاسایی) دەسڕێتەوە.



حوکمڕانی ئایینی نئۆلیبڕاڵ
ئەگەر ئیسلامی سیاسی تەننها میتۆدی نئۆلیبڕالیزم بێت،  نیشاندانی ئەمەکدارییان بۆ بازاڕ، بێ سنورە و شێوەیەکی ڕەها دیموکراسی ڕەت دەکەنەوە. لە ئیسلامی سیاسیدا یاسایی ئایینی، واتە شەریعە، وەڵامی هەموو شتەکانی لە پێشدا ئامادە کردووە، لەم ڕووەوە مرۆڤ لە داڕشتنی یاساکان ڕزگاری بووەوە و – پێناسەیەکی کرچ و کاڵ بۆ دیموکراسی – و ڕێگە بە ئێمە دەدات بۆ تێگەیشتنێکی ئیلاهی لە یاساکان. ئەو جۆرە گوتاری ئایدۆلۆژیایانە ڕاستیەکان نابینێ و مێژووی ڕاستەقینەی کۆمەڵگای ئیسلامی لەبەرچاو ناگرێ کە ناچار بوون یاسا دابڕێژن. واتە بەو مانایە تەنها چینی دەسەڵاتدار ئەو مافەیان هەیە و شیاوی وەرگێڕان و تەفسیر کردنی شەریعەیان هەیە.  نمونەیەکی ڕەها لەو دەسەڵاتداریەتیە ئوتوکراسیە(حکومەتی ڕەهای سەرکوتگەر) سەعودیایە، ولاتێکە کە دەستوری نیە و دەسەڵاتەکەی بانگەشەی ئەوە دەکات قورعان ئەڵترناتیڤە(بەدیل) بۆ هەموو شتێک. لە ڕاستیدا خانەدانی سەعودی دەسەڵاتێکی ڕەهای پاشایەتی و عەشیرەییان هەیە.

ئیسلامی سیاسی هاوچەرخ وەک ئەوەی بەداخەوە زۆر جار بانگەشەی بۆ دەکەن دەرەنجامی خراپ بەکار هێنانی عەلمانیەت نیە. جگە لە سۆڤیەتی پێشوو، هیچکام لە کۆمەڵگا موسوڵمانەکانی سەردەمی مۆدێڕنە عەلمانیەکی ڕاستەقینە نەبوون، چ بگات بە تاوانکارییەکی بوێرانەی ئیلحادی و هێرشبەرانە بەرانبەر بەوان.

پشتگیری ئیسلامی سیاسی لەلایەن ڕۆژئاواوە لە ڕێگەی چەکدارکردنی سەرسوڕهێنەر، یارمەتی ئابوری و مەشقی سەربازی نوێنەرەکانیان بووە. لە ئەفغانستاندا بیانوو ئەوە بوو کە دژ بە کۆمۆنیزم شەڕ دەکەن، بەڵام بەڵام هەڵسوکەوتی قێزەونی ئیسلامیەکان(داخستنی قوتابخانەی کچان کە لەلایەن کۆمۆنیستی ترسناکەوە کرابووەوە) نەبووە هۆکاری شەرمەزاری، نە لەلایەن حکومەتەکان و نە لەلایەن ڕێکخراوە فێمێنیستیە ڕۆژئاواییەکانەوە.

ئیسلامی سیاسی جگە لە جێخستنی کاپیتالیزمی کۆمپرادۆر شتێکی تر نیە. ئەونەی پێیان دڵێن "میانڕەو" بنەمایەکی ترسناک دادەڕێژن کە هەڕەشە لەخەڵک دەکات توندوتیژی "ڕادیکالەکان -  توندڕەوەکان – تەنها خزمەت بە ناسەقامگیری دەکات و بەر دەگرێ لە چەسپاندنی دەسەڵاتی کۆمپرادۆر کە گونجاوە بۆ داڕشتنی "میانڕەوی" خۆشەویستی ڕۆژئاوا (نمونەی ئێران زۆر بەرچاوە). پشتگیرییە نەگۆڕانەکانی وڵاتانی سێ قۆڵی لایەنگری ئەمریکا (ئەمریکا، ئەوروپا و ژاپۆنەوە) بۆ دۆزینەوەی ئەم ڕێگە چارە زۆر تەبایە لەگەڵ خواستی ئەوان بۆ داسەپاندنی نئۆلیبڕاڵی بە جیهانی بوو، بۆ ئاسانکاری هەژمونی سەرمایەی چەند نەتەوەیی.  

پێکهاتەیەک لە نئۆلیبڕالیزمی ئابووری و حکومەتی تاک ڕەهەندی سیاسی زۆر گونجاوە لەگەڵ چینی کۆمپرادۆری زاڵ کە لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی سەرمایەداری هاوچەرخێ پەراوێزییەوە هێز وەردەگرێ. حیزبە ئیسلامیەکان ئامرازی ئەو چینەن. ئەمە تەنها لە مەڕ ئیخوان ئەلموسلەمین ڕاست نیە، بەڵکو هەروەها بۆ ڕێکخراوە میانڕەوەکان و ئەوانەشی نزیکن لە سەرمایەداری ڕاستە. هەروەها ڕاستە بۆ ئەو ڕێکخراوانەی بە نەهێنی خەریکی کاری تێرۆریستین. هەردووکیان سودبەخشن بۆ ئیسلامی سیاسی و هێزەکانیشیان تا ئاستێکی زۆر بە ناو ئەو هێزانەی توندوتیژی بەکار دێنن و ئەوانەی دەخزێنە ناو دامەزراوەکانەوە ( بەتایبەت خوێندن، دادگا، میدیاکان، ئەگەر دەرفەتیان هەبێ پۆلیس و هێزی چەکدار) دابەش بووە. بۆ هەموو ئەو گرووپ و چالاکوانانە یەک ئامانج هەیە: بەدەست هێنانی دەسەڵاتی وڵات. بەڵام ڕۆژی پاش سەرکەوتن "میانڕوەکان"  باس لە گوتار (دەستەواژە) ی "ڕادیکال -  توندڕەوانە" ناکەن. ڕێک پاش شۆڕشی ئێران مەلاکان، دەستیان کرد بە کوشتاری باڵی چەپی چەکدار (فەداییان و موجاهدین) کە هەوڵیان دابوو بۆ گرێدانی خۆشەویستیەکەیان و ئامانجە سۆسیالیتیەکانیان لەگەڵ پەرەپێدانێکی پتەوی ئیسلامی سیاسی. بەبێ فەداییان و موجاهدین شۆڕشی "ئیسلامی" توانایی سەرکەوتنی نەبوو. لەو کاتەوە مەلاکان دەستیان کردووە بە دامەزراندن و مەشق پێکردنی ملوێنان تیرۆریستی سیاسی لە ناو لۆمپەنەکاندا بۆ چەسپاندنی کردنی دەسەڵاتی خۆیان.

ئەو چوارچێوەی هەیە بۆ دەسەڵاتی کۆمپرادۆر دژ بە جوڵانەوەی ئیسلامی سیاسی، سەرمایەداری نەتەوەیی هەرێمایەتی، گوێ لە مستی بەجیهانی بوونی نئۆلیبڕالیزمە. چینی کۆمپرادۆر، ئەگەرچی هەدیەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیان پێیە و بانگەشە بۆ فرە حیزبی دەکەن، بەڵام دیموکرات نین و بەردەوام بیانوی ئیسلامی تیرۆریزم دەکەن بۆ چەسپاندنی سەرپێچی بەئانقەستیان لە دیموکراسی (وەک لە جەزایر ڕوویدا).
شەڕی نێوان کۆمپرادۆرەکان و ئیسلامیەکان، تەنها بەریەککەوتنی باڵەکانی چینی دەسەڵاتدارە، واتە ململانێ بۆ دەسەڵاتەو ئیتر هیچ، بە گوتەیەکی تر نێوان سەرکۆکەکان و موشتەرییەکانیان. بە پێی هەلومەرجەکە شێوازی بەریەککەوتنەکە لە توندوتیژی خەستەوە(بۆ وێنە جەزایر) دەگۆڕێ بۆ دیالۆگ، وەک لە میسر، کە حکومەت دانوسانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیخوان ئەلموسلەمین دەکات. هەر دوولایەنەکە لە بەریەککەوتنەکەدا کەڵک لە هەڵخراندنی هەستی خەڵک لەڕووی ئیسلامیەوە وەردەگرن بۆ بەدەست هێنانی بەرژەوەندی خۆیان و هەروەها سەلماندنی ئەمەکداری سیاسی خۆیان، کەڵکی لێ وەردەگرن. سەرلێشێواوی سیاسەتی پۆپۆلیستی هاوچەرخ وێکچووییەکی زۆری لەگەڵ نموونەکانی پێشوو هەیە کە لەسەر ناسیۆنالیزمی پۆپۆلیست داڕێژرابوو ( ناسر، بوومێدینی، لێباس). دەرەنجامەکانی ئەم جارە لەو تێگەشتنەوە سەرچارە دەگرێ کە بە هۆی وێرانکاری نئۆلیبڕالیزم لە چینی کۆمپرادۆر کردویەتی ڕوویداوە.

ئەوەی لە دونیای ئیسلامدا دەبێتە هۆی سەرلێشواوییەکی خۆشەویست، بە هۆی شەرمنیە لەڕادەبەدەرەکەیەتی هیچ ڕەخنەیەکی بچوکی تێدا نیە، واتە ئەو شتەی کە چەپ پێشتر لە بەڕێوەبردنی ناسیۆنالیزمی پۆپۆلیستیدا ئاماژەی پێکردووە. سەرمایەداری دەسەڵاتدار بەمانای عەلمانیەت نیە. لەڕێگەی جێبەجێ کردنی زۆرێک لە یاسا ئیسلامیەکانەوە، بەتایبەت لە بواری خێزاندا، کە فێڵێکە لە ڕاستی، وا نیشان دەدەن کە "ئیسلامیە". ئەو دەرەنجامانەی بەهۆی ڕێککەوتنی ناچارییەوە بەدەست دێن، هەژمونی نئۆلیبڕاڵی و دژە دیموکراتیان بەسەرەوە. ئەو هێزە زلهێزە نێودەوڵەتیە سیاسیانەی کە ئەمریکا پێشڕەوەییان دەکات، هیچ ناسازگارییەکیان لەگەڵ ئەو دەسەڵاتانەی ئیسلامی سیاسی مومارەسەیان دەکات، نیە. ئەمە مامەڵەیەکی مەزن لە سەر دووفاقی (دووڕوویی) بەرگری ڕۆژئاوا لە دیموکراسی و ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکات، دەخاتە ڕوو، واتە بە پێچەوانەی هاوکێشەی ئادیۆلۆژیایانەی ڕۆژئاوایە واتە :"بازاڕ " و "دیموکراسی". لەڕاستیدا ئەم دووانە لە بنەماکاندا لە بەریەککەوتندان.



تەواوکەری ئادیۆلۆژیایی
دوو گوتاری نئۆلیبرالیزمی بەجیهانیبووی کاپیتالیزم و ئیسلامی سیاسی بەر یەککەوتنیان نیە و تەواوکەری یەکترن. ئایدۆلۆژی "کۆگەرایی" ئەمریکی ڕێگەی شێوازی هەنووکەیی کە تارمایی دەخاتە سەر ویژدان(دادپەروەری) و خەباتی کۆمەڵایەتی، و گۆڕینی هەموو ئەو شتانە بۆ چەمکێک بەناوی "شوناسی" کۆ، کە لە خۆیدا ئەوان دەسڕێتەوە، بووە گشتی و خۆشەویست بوو. ئەم ئایدۆلۆژیایە زۆر بەباشی لە ستراتیژی هەیمەنەی سەرمایەدا گۆڕدرا، چونکە خەبات لە پانتایی دژایەتی ڕاستەقینەی کۆمەڵگاوە دەگوێزێتەوە بۆ دونیایەکی خەیاڵی وەکو کەلتوری، نامێژوویی و ڕەها، واتە ئەو شوێنەی کە ئیسلامی سیاسی ڕێک خۆی "کۆگەراییە". دیپلۆماسی گرووپی جی٧ بەتایبەتی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ پشتگیری ئیسلامی سیاسی دیاری دەکرێن. بۆ وێنە جی٧ لە جەزایرەوە قەرز دەدات بە میسر. لە ئەفغانستاندا ئەمریکا لەبەرانبەر دیکتاتۆری ترسناکی کۆمۆنیستدا بە ئیسلامیەکانی ئەفغانستانی دەوت "خەباتگێڕانی ئازادی"، لە حاڵێکدا حکومەتی کۆمۆنیستی ئەفغانستان لە ڕاستیدا ڕۆشنبیرانە، مۆدێڕن، نەتەوەیی و دیکتاتۆرییەکی پۆپۆلیستی بوو کە بوێرانە قوتابخانەی بۆ کچان کردبووەوە. ڕابەرانی ڕۆژئاوا دەزانن کە ئیسلامی سیاسی ئەمەکداری – بۆ ئەوان – هەیە، بۆیە خەڵک بێ پەنا دەکەن و لە ئەنجامدا ڕێگە بۆ بەکۆمپرادۆرکردنی ئەو کۆمەڵگایە بە ئاسانی، خۆش بکەن.  

لە ڕووی فەلسەفەی ڕەشبینانەنەوە دەتوانین بلێین ئەمریکا چۆن دەتوانێ کەڵکێکی تر لە ئیسلامی سیاسی وەربگرێت. ئەو ڕژێمە ذرندانەی ئیسلامی سیاسی ئیلهام بەخشیەتی – بۆ وێنە تاڵەبان – تەنها شێواز نیە، بەڵام دەکەوێتە خانەی لۆژیکی پرۆگرامەکەی ئەوانەوە و ئەگەر پیویست بێ هەموو کاتێ ئیپریالیزم دەتوانێ  کەڵکی لێ  وەربگرێ. تایبەتمەندی "بێڕەحمی" بەرانبەر بە خەڵک کە یەکەمین قوربانی ئیسلامی سیاسین، برەو پێدانی ترسی ئیسلامی (ترس لە ئیسلام) یە، واتە ڕێگە خۆش کردنە بۆ وەرگرتنی "ئاپاڕتایدی جیهانی"، بە گوتەیەکی تر دەرەنجامی ناچاری و لۆژیکی پەرەسەندنی جەمسەریانەی هەمیشەیی سەرمایەداری.  
ئەوانەی ڕۆژئاوا پێی دەوتن "ئەفغانیەکانی خەباتکارانی ئازادی" (لەڕاستیدا شەقاوە مەشق پێکراوەکانی سیا) و "خۆبەخشەکان" (جەزایری، میسری و موسوڵمانەکانی تر) ئێستە ڕۆڵێکی دیاریکەریان لە کردەوە تیرۆریستیە سەربازیەکان لە هەموو جیهاندا، لەوانە شارە گەورەکانی ئەمریکا، هەیە.

پشتگیری ئیسلامی سیاسی لەلایەن ڕۆژئاواوە لە ڕێگەی چەکدارکردنی سەرسوڕهێنەر، یارمەتی ئابوری و مەشقی سەربازی نوێنەرەکانیان بووە. لە ئەفغانستاندا بیانوو ئەوە بوو کە دژ بە کۆمۆنیزم شەڕ دەکەن، بەڵام بەڵام هەڵسوکەوتی قێزەونی ئیسلامیەکان(داخستنی قوتابخانەی کچان کە لەلایەن کۆمۆنیستی ترسناکەوە کرابووەوە) نەبووە هۆکاری شەرمەزاری، نە لەلایەن حکومەتەکان و نە لەلایەن ڕێکخراوە فێمێنیستیە ڕۆژئاواییەکانەوە. 


ئەوانەی ڕۆژئاوا پێی دەوتن "ئەفغانیەکانی خەباتکارانی ئازادی" (لەڕاستیدا شەقاوە مەشق پێکراوەکانی سیا) و "خۆبەخشەکان" (جەزایری، میسری و موسوڵمانەکانی تر) ئێستە ڕۆڵێکی دیاریکەریان لە کردەوە تیرۆریستیە سەربازیەکان لە هەموو جیهاندا، بۆ وێنە شارە گەورەکانی ئەمریکا، هەیە. پشتگیری بۆ ئیسلامی سیاسی کێشەی پەنابەری سیاسیشی شێواندووە، کە لەلایەن ئەمریکا، بەریتانیا و ئەڵمانیاوە پێیان بەخشراوە و دەرفەت بۆ میلیشیاکانی ئیسلامی سیاسی ڕەخساندووە لە دەرەوەی وڵات ڕێکخستنی خۆیان بکەن و فەرمان بدەن و ئەمەش زۆرترین سودبەخشی و کەمترین مەترسی بۆ ئەوان(میلیشیاکان) هەیە.

هاوڕێیەتی ئایدۆلۆژیایانە لە نێوان هێزەکانی ڕۆژئاوا و ئیسلامی سیاسیدا کەمپەینێکی بێ کۆتاییە شەرعیەت پێدانە لە میدیاکانی ڕۆژئاوا، بەتایبەت لە شوێنێک کە دەچێتە سەر جیاوازی بەلاڕێدابەرانەی میانڕەوەکان و توندڕەوەکان، یان پاڕانەوەی داوێن پاکی بۆ فرەکەلتوری، بۆیە هەر وەک هەموان دەزانن ئەو شتە زۆر بۆ ئەمریکا بەڕێزە.


هاوڕێیەتی ئایدۆلۆژیایانە لە نێوان هێزەکانی ڕۆژئاوا و ئیسلامی سیاسیدا کەمپەینێکی بێ کۆتاییە شەرعیەت پێدانە لە میدیاکانی ڕۆژئاوا، بەتایبەت لە شوێنێک کە دەچێتە سەر جیاوازی بەلاڕێدابەری میانڕەوەکان و توندڕەوەکان، یان پاڕانەوەی داوێن پاکی بۆ فرەکەلتوری، بۆیە ئەوە هەر وەک هەموان دەزانن زۆر بۆ ئەمریکا بەڕێزە. وەها "ڕێزێک"بۆ "کۆمەلگایەکی" جیاواز زۆر بەسودە بۆ مەبەستەکانی نئۆلیبڕالیسم و بەجیهانی بوون، چونکە گوزارشت لەسەر هیچ بەریەککەوتنێک لە جیهانی ڕاستەقینەدا ناکەن. ئەو "کۆمەڵانە" گەمەکە بۆ نئۆلبیڕالیزم دەبەن بەڕێوە، باسەکان دەگۆڕن و کاتێ دینە ناو باسەکانەوە، باسەکە لە گرفتە کرداری و ڕاستەقینەوە دەگۆڕن بۆ پانیاییەکی خودایی و بێ ئازاری خەیاڵی کەلتووری.

ئیسلامی سیاسی لەو هێزانەیە کە هیچ دوژمنایەتیەکی لەگەڵ ئیمپریالیزمدا نیە و تەواو بە پێچەوانەوە خزمەتگوزارێکی تەواوە. ئەم فاکتەرە ڕێگر نابێ لەبەردەم بیرمەندە ڕۆژئاواییەکان و  بەڕێوەبەرانی فکردا بۆ بەکار هێنانی ئەوان، هەر کاتێ پێویست بێ، دەگەڕێنەوە بۆ ڕۆمانە دوورو درێژەکانیان لەسەر ئیسلام وەک دوژمنێکی بێڕەحمی واشنگتۆنی مۆدێڕن و "بەریەککەوتنە کەلتوورییەکان" کە زۆر بەڕێزە بۆ ساموئێل هانتیگتۆن و خاوەن کارەکانی لە سیا. وەها شەڕێک تەنها لە پلانێکی خەیاڵیدا دەردەکەوێ. بەڵام لە دونیای ڕاستەقینەدا قوربانیانی ئەو "کۆمەڵگایانەی" کە بەناو ئیسلامی سیاسی نوێنەرایەتیان دەکات کەوتونەتە ژێر ژیانێکی مەترسیدارەوە. شەڕی ئایدۆلۆژیایانە لەوە بەدوا پۆششێکی ترە بۆ دەست تێوەردانە سیاسی و سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە ملکەچەکانی، کە هەرکاتێ پێویست بێ ئەو شەرە دروست دەبێ.  

ئێمە نابێ سەرسام بین بەوەی کە ئەمریکا خۆشحاڵە بە خزمەتگوزاری ئیسلامی سیاسی بۆ بەئەنجام گەیاندنی پرۆژەی هەژمونی ئەمریکا بەسەر جیهاندا. جگە لە حەماس لە فەلەستین و حیزبوڵا لە لوبنان(بەر لە ١١ سێپتەمبەر) و تاڵەبان (پاش ١١ سێپتەمبەر) هیچ کام لە جوڵانەوەکانی ئیسلامی سیاسی وەک دوژمنی واشنگتۆن خۆیان نیشان نەداوە. بە تیررۆریست دانانی چالاکیەکانی حیزبۆڵا و حەماس بەر لە ١١ سێپتەمبەری لەلایەن دەزگای دەوڵەتی ئەمریکاوە شتێکی ڕێکەوت بوو لە جوغرافیای سیاسیدا، چونکە هەر دووکیان دژ بە ئیسڕائیلن کە هەر وەک دیارە لە سیاستەکانی ئەمریکادا لە سەرو هەموو شتێکەوەیە. حەماس و حیزبوڵا تەنها نمونەی ئیسلامی سیاسین کە دژ بە دارگیرکاری سەربازی دەرەکی شەڕ دەکەن، بەڵام ئەوانی تر توندوتیژییەکەیان تەنها هاوڵاتیانی خۆیان دەگرێتەوە. جگە دوو مۆرال(ڕەوشت)ی و دووڕووی ئەتوانین چاوەڕێی  چیتر لە ئیمپریالیزم بین؟



پاش ١١ی سێپتەمبەر
ئایا هێرشی ١١ی سێپتەمبەر، واشینگتۆن ناچار دەکات بۆ پێداچوونەوەی هاوپەیمانیەتیەکی لەگەڵ ئیسلامی سیاسی.
هاوکاری دیپلۆماسی و دەزگای زانیاری لەگەڵ ئێران و سودان شتی تر دەڵێن. بەڵام ئێمە ناتوانین ئەوە لەبیر بکەین کە ڕووداوی ١١ی سێپتەمبەر لە کاتێکی زۆر گونجاودا بوودا کە ڕێگەی بە ئەمریکادا بۆ داکوتانی سنگی خۆی لە ناوچەیەکی دەوڵەمەند لە ڕووی نەوتەوە لە ناوەڕاستی ئاسیا ، واتە ئەو ناوچەی کە زۆر لەبارە بۆ خولێکی تری لەشکر کێشیەی ژیرانە کە ڕۆژئاوا خۆی هەڵدەقورتێنێتە ڕوسیا، چین و هێندستان. ئەمە ئامانجێکی ستراتیژی ڕاگەیەندراوی ئەمریکا لە دە ساڵی ڕابوردوودا بوو. سەدام حسێن خزمەتێکی زۆر باشی ئەمریکای کرد بۆ دامەزراندنی هەمیشەیی سەربازی ئەمریکا لە خەلیجدا. ئۆسامەش دەتوانێ هەمان دەور بۆ ئەمریکا ببینێ بۆ سیاسەتی ئەمریکا لە ناوەڕاستی ئاسیادا. کەس ناتوانێ حاشا لەو دووفاقیەتە بکات کە پیلانی سیا و موسادی هاوپەیمانی بڕوا پێکراوی، لە هەمان ئاراستەدا بوون. بۆ بەردەوام بوون و پەرەپێدانی هەژمونیەکەی، ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبێ گرینگیەکی زۆر بداتە دەست تێوەردانە سەربازییەکانی. ئێمە لە ترسی خۆمان ئەوە لە بیر دەکەین.

 


ناساندنی نووسەر:
سەمیر ئەمین لە ساڵی ١٩٣١ لە میسر لە دایک بووە و دۆکتۆرای لە ساڵی ١٩٥٧ لە پاریس وەرگرتووە. بەڕێوەری فۆرۆمی تیەر مۆندە، دامەزراوەی توێژینەوەی داکار لەسێنەگاڵ بوەە. ساڵی ٢٠١٨ لەپاریس کۆچی دوایی کردوە. نوسەری چەندین کتێبە لەوانە کەڵەکەبوون لە ئاستی جیهانیدا، ڕەخنەیەک لە تیۆری پەرەنەسەندن (١٩٧٤)، خراپ پەرەسەندن، ئاناتۆمی هەڵەی جیهانی (١٩٩٠)، ئمپراتۆریەتی تێکەولێکە (١١٩٢)، دووبارە خوێندەوەی پاش شەڕی جیهانی، سەفەرێکی ڕۆشنبیریی (١٩٩٤)، سەیرکەرانی سەرمایەداری، ڕەخنەیەک لە مۆدێلی ڕۆشنبیرانەی ئێستا (١٩٩٨). 

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×