فرسەت سۆفی: پابەندی رێنماییەکان نەبین، کۆڕۆنا لە کۆنتڕۆڵی ئێمە دەردەچێت
  2020-04-01       1061       
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، ''تکا دەکەم دان بەخۆتان بگرن چونکە لە قۆناغێکی مەترسیدار داین. گەڕ پابەندی رێنماییەکان نەبین، کۆڕۆنا لە کۆنتڕۆڵی ئێمە دەردەچێت''. 

ئاوێنه‌: لەمیانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بە دواهەمین بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ کرد و لەبارەی پێدانی دەرفەت بە هاووڵاتییان بۆ سەردانکردنی کێڵگە و باخ و مەڕو ماڵاتیان رایگەیاند، ''بڕیارماندا لە کاتژمێر ١ی شەو تا ٦ی بەیانی دەرفەت بدەین بە کۆمەڵێک خەڵک کە کاری زۆر زەروریان هەیە. گەر ئەم دەرفەتە قۆرخکرا، ناچارین ئەو دەرفەتە هەڵگرین''.

 هاوکات فرسەت سۆفی تیشکی خستە سەر گەڕانەوەی ئەو خێزانانە کە لە شوێنێکی دیکە گیریان خواردووە و وتی، ''ئەو ٧٢ کاتژمێرەی کە وەزیری ناوخۆ بڕیاری لەسەردا ئەو خەڵکانەی لە شارەکان گیریان خواردووە، دەتوانن بە شێوەی ئۆنلاین مۆڵەت وەربگرن و دەتوانن بچن کەسوکاریان بهێننەوە، دیسانەوە ئەمە بۆ ئەوە نییە بۆ سەردانی خەڵکانێک لە شارەکانی دیکە''.

لەبارەی کردنەوەی بۆرسە و بانکەکان، پارێزگاری هەولێر وتی، “دەرفەتێکمان دابوو بۆرسەکان و بانکە ئەهلییەکان، بەڵام ئەمڕۆ قەرەباڵغییەکی زۆر روویدابوو، لێرەوە ئاگەداریان دەکەینەوە گەر رێنماییە تەندرووستییەکان جێبەجێ نەکەنەوە ئەو شوێنانە دادەخەین”.

لەلایەکی دیکەوە فرسەت سۆفی ئاماژەی بە گرانبوون و نەبوونی خۆراک دا و وتیشی، ''ئیحتکار کردن یاخود شاردنەوەی کەلوپەل قبوڵ نەکراوە و ئیجرائەتی پێویست وەردەگرین''.

فرسەت سۆفی رایگەیاند بڕیاریان داوە کە ئەمشەو لەسەر جادەکان بمێننەوە و وتیشی، ''بڕیارمان داوە هەموو تیمەکان لەسەر جادەکان بمێنینەوە بۆ ئەوەی دەرفەتی کاتژمێر ١ بۆ ٦ چاودێری بکەین. سوپاسی تیمەکانی سەرجەم تیمە پزیشکەکان و هەموو هێزەکانی چوارچێوەی وەزارەتی ناوخۆ کە ئێستا لەسەر جادەکانن بۆ پەیڕەوکردنی قەدەغەی هاتووچۆ''.

لە بەردەوامی قسەکانیدا فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، ''سوپاسی خەڵکی سنووری پارێزگای هەولێر دەکەین. ئاگەدارین کە لەم رۆژانی رابردوودا چەند ئازاریان چێشتووە، تکا دەکەم دان بەخۆتان بگرن چونکە لە قۆناغێکی مەترسیدار داین. گەڕ پابەندی رێنماییەکان نەبین، کۆڕۆنا لە کۆنتڕۆڵی ئێمە دەردەچێت''.

سۆفی لەبەرامبەر پرسیارێک تایبەت بە کەرەنتین کردنی گەڕەکی هەڤاڵان رایگەیاند، “هیچ بڕیارێکمان نەداوە دەربارەی کەرەنتین کردنی گەڕەکی هەڤاڵان لە هەولێر''.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×