زیاتر لە 18 ملیۆن دۆلار بەخشراوەتە كەمپینەكەی حكومەت بۆ روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا
  2020-04-02       378       

حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بڕە پارەیەی ئاشکرا كرد کە تا ئێستا بە کەمپینی (بەیەکەوە بەهێزترین)ی تایبەت بە روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا بەخشراوەو دەڵێت: بڕەكەی زیاتر لە 18 ملیۆن دۆلارە.

ئاوێنە: لە ماوەی رابردوداو لە چوارچێوەی کۆکردنەوەی کۆمەک وهاوکاری بۆ روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەریمی کوردستان کەمپینی (بەیەکەوە بەهێزترین) بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری و بەخشین راگەیاند. 

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕی ئەو پارەیەی تا ئێستا بە کەمپینەکە بەخشراوە بریتییە لە 18 ملیۆن دۆلارو 183 هەزارو 175 دۆلار.

كەمپینەكە لیستی ناوی بەخشەرەكان و بڕی پارەی بەخشراوی بڵاوكردۆتەوە.

رۆژی 2020/3/17 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا موچە و شایستە داراییەکانی خۆی بە هەڵمەتی روبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هاوکاریکردنی هاوڵاتییانی کەمدەرامەت ببەخشێت.

هەروەها رۆژی 2020/4/1 جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان و ئەوانەی بە پلەی وەزیرن  بڕیاریاندا نیوەی موچە و دەرماڵەی دو مانگی خۆیان ببەخشن. 

بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی حكومەت کەمپینی (بەیەکەوە بەهێزترین)ی تایبەت بە روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا  بەردەوامە و دەتوانن هاوکاری و بەخشینەکان بۆ ئەم ژمارە بانکیانە بنێرن کە تایبەتن بەم کەمپینە: 

بانکی منارەی حکومی ژمارەی حیساب:  493  
بانکی ئەهلی ئارتی ( RT ) ژمارەی حیساب:  47186 

 

 

 

 

 

 

 


زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×