لەسەر هەواڵێكی كۆرۆنا عێراق كارەكانی ئاژانسی رۆیتەزر رادەگرێت
  2020-04-03       970       

دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق بڕیاریدا بە راگرتنی كارەكانی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بۆ ماوەی سێ مانگ لە عێراق ئەوەش لەسەر بڵاوكردنەوەی هەواڵێك لەلایەن ئاژانسەكەوە سەبارەت بە كۆرۆنا لەو وڵاتە.

ئاوێنە: دوێنێ پێنجشەممە، ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری سێ پزیشكی بەشدار لە پڕۆسەی ئەنجامدانی پشكنینەكانی كۆرۆنا و بەرپرسیارێكی وەزارەتی تەندروستی و بەرپرسێكی سیاسی باڵای عێراقەوە بڵاویكردبوەوە كە ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا لە عێراق بە هەزارانی زیاترە لەو ژمارەیەی كە بەڕەسمی لەلایەن وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتەوە راگەیەندراوە.

دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق لەبەیاننامەیەكدا وێڕای رەتكردنەوەی ناوەڕۆكی ئەو هەواڵەی ئاژانسی رۆیتەرز، رایگەیاند: بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتانەی هەیەتی بڕیاریانداوە بە هەڵپەساردنی مۆڵەتی كاركردنی نوسینگەی رۆیتەرز لە عێراق بۆ ماوەی سێ مانگ.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە بڕیاریشیانداوە بە غەرامەكردنی ئاژانسەكە بە بڕی 25 ملیۆن دیناری عێراق و پابەندكردنی ئاژانسەكە كە بەڕەسمی داوای لێبوردن لە حكومەت و گەلی عێراق بكات.

بەگوێرەی راگەیەندراوی دوێنێی وەزارەتی تەندروستی عێراق: كۆی گشتی توشبوانی كۆرۆنا لە عێراق تا ئێستا گەیشتۆتە 772 توشبو و 54 كەسیش بە ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×